عومەرى سەید عەلى، شۆڕشگێڕى
زیندانەکانى بەعس، ڕێکخستنە نهێنییەکانى شار و پێشمەرگەى شاخ، کارەکتەرى گروپى زیندان
و لە دامەزرێنەرانى بزوتنەوەى گۆڕان، دۆست و نزیکى چوار دەیە لە خەبات و تێکۆشانى
مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، پیاوێکى ئارام و واقیعى، شارەزا لە سیاسەت و پەیوەندى
حیزبى، قسەى مەنتقى و لۆژیکى دەکات و ڕووداوەکانى مێژوو تاڵ بە تاڵ دەهۆنێتەوە، بەبێ
لێ پچڕاندن و پەڕاندن.
باوەڕى بەوەیە، بارودۆخى سیاسى
کوردستان، پێویستى بە یەکگرتوویى و نزیکبوونەوەى هەموو ئەو حیزب و جەرەیانە سیاسییانە
هەیە، کە لە خەمى ئەزمونى هەرێمى کوردستان و قوربانییەکانى شۆڕشى خەڵکى کوردستانن.
ئێستا بۆ پاریزگاریی لەمانیفێستی نەوشیروان مستەفا
دانیشتوە وبۆ پارێزگارى لە بزوتنەوەکەیان
ئەزمونێکی نوئ پێشکەش کرد و باوەڕى وایە، هێشتا بزوتنەوەکە چانسى ئەوەى هەیە، وەکو
هێزێکى کاریگەر و ئۆپۆزیسیۆن بە تەنها یان لەگەڵ لایەنەکانى تر دەور و نەقشى خۆى
بگێڕێت.
ئەو فۆڕمێکى جیاوازترى پێیە
بۆ سیاسەت و ئیدارەى ئێستاى گۆڕان، هەرچەندە ڕەنگە لایەن و کەسانى تر هەبن لە ناوەوە
یان دەرەوە لەگەڵ ئەم فۆڕمەى ئەو نەبن، بەڵام ئەو بە ئیرادەوە دەڵێت "ڕێگا ڕاستەکە
ئەوەیە، کە گرتوومانە".
عومەرى سەید عەلى، خوێنەرى
کتێبە و ستایشى ئەوانە دەکات، کە بە کتێب وەکو دیارى بەسەریدەکەنەوە، جیا لە هەموو
ئەوانە دۆستە دوور و نزیکەکانى کۆن و نوێى دەڵێن "سەید عەلى دەستپاکە و هیچ گەندەڵییەکى
نییە، شەفاف و ڕاست و ڕوونە لە بەرامبەر دزى و گەندەڵى، توڕە و نیگەرانە".
دیدار و بینینى ئەو زۆر چێژبەخشە،
بە تایبەتى کە باس لە چیرۆک و حیکایەتى شۆڕش و گێڕانەوەى مێژوو دەکات، لەم دیدارە
کورتەدا، دونیایەک قسەى نەوتراوى پێبوو، کە بۆ ڕابردووى مێژوویەکى دوور و درێژ،
وتنى هەق و بەرهەقە.
ماڵەکەی هەمان ئەو ماڵەیە، کە
لە (1991) و دوای ڕاپەرین تێیدا نیشتەجێبوە لە سەهۆڵەکەی سلێمانی، ماڵێکی سادە و کۆن،
بەڵام پاک و ئاسودە و پڕ لە سەوزایی.
ماڵی هیچ بەرپرسێکی تری ئەم
وڵاتە نابینی بەمشێوەیە، بەڵام بە قەناعەتە.
زۆر خۆی بە دۆستی مام جەلال
و کاک نەوشیروان دەزانێ، لەگەڵ هەردووکیان ئەزمونێکی دوور و درێژی سیاسی، مێژوویی
و هاوڕێیانەی هەیە، پێیوایە پیاوی وەکو مام جەلال کەم وێنەیە و نەوشیروان مستەفاش
بە کەسایەتییەکی سیاسی گەورە دەزانێ.
تازەترین دیداریشمان لەم ماوەیەدا
بۆ سەرەخۆشی گیان لەدەستدانی هاوسەرەکەی لەگەڵ هاوڕێم سەروەت تۆفیق لە ماڵەکەی خۆی
سەردانمانکرد دوو قاوەمان خواردەوە.
وتم: بۆ بیرەوەرییەکانت
نانوسیتەوە؟ وتم: بەڵکو ئامادەگی هەبێت، وتی: بە کەڵک نایەت، جارێ وازی لێ بهێنە،
بارودۆخەکە بە کەڵک نایەت.
پرسیاری ئەوەشمکرد، ئەو هەواڵانە
ڕاستە، کە دەڵێن "دەست لە ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵدەگریت بۆ کەسێکی
تر و میدیاکان باس لە دانا ئەحمەد مەجید دەکەن؟".
وتى: بەڵێ، بڕیارمداوە، هەرچەندە
چەند ساڵێکە ئەوەم وتوە، بەڵام بە گوێیان نەکردووم و سوپاسیان دەکەم، کە منیان قبوڵبوە.
بەڵام ئێستا بڕیارمداوە، کەسێکى
تر ئەو کارەى من بکات، زۆر وەسفى هاوڕێ و دۆستەکانى کرد.
لێم پرسى؛ ئەم فۆڕمە بۆ دەستا
و دەستکردنى دەسەڵات، کارێکى نوێ و گرنگە، کەس دەست لە پۆستەکەى بەرنادات.
بۆیە، هەرچى چۆنێک بیر لەم هەڵوێستەى
عومەرى سەید عەلى بکرێتەوە، ئینسانى، دیموکراسیانە، مەدەنى، باوەڕ بوونە بە دەستا
و دەستى دەسەڵات و نمونەیەکى باش و جوان و نوێیە.