هەوڵی زۆر دەدرێت هاتنەوەی ترەمپ لە ڕوی فەلسەفییەوە بخوێندرێتەوە، بە کورتی ئاماژە بە هەندێک لە هەوڵەکان دەکەم.
یەکەم، ترەمپ و هێگڵ. لە کتێبی چەند وانەیەک لە مێژوی فەلسەفە هێگڵ باس لە بەدیهێنانی ڕیسن یان عەقلانیەت دەکات لە ڕێگای ناعەقلانیەوە یان هەستەوە. بە دیدی ئەو کەسانێک هەن کاریگەرییان دەبێت لە سەر ڕەوتی مێژوو بەبێ ئەوەی ئاگایان لێبێت یان مەبەستیان بێت، بەڵکو بەهۆی بونی خواست و حەزی زۆرەوە هاوکاری گەشەی مێژوو دەدەن. کیسنجەر ترەمپ لەم جۆرە کەسانە لە قەڵەم دەدات لە دیدارێکیدا لە گەڵ ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز.
دووەم، ترەمپ وەک دژە میرتۆکراسی. لە چەند دەیەی ڕابوردودا ڕەوتێک لە دونیادا هاتە ئاراوە بەوەی کە خەڵک لە ئەنجامی ڕەنج و کۆششی خۆیان لە ژیاندا سەرکەوتوو دەبن، کە پێی دەڵێن میرتۆکراسی یان حکومی بەری ڕەنج. ئەم خەڵکانە بە گشتی دەرچوی زانکۆ باشەکانی دونیان و لە ئەنجامدا کاری باشیان دەست دەکەوێت. ئەم خەڵکانە بوون بە توێژێک کە چینی کرێکاریان زیاتر بەرەوە خوار تر پاڵنا. ئەم چینە دەنگدەری دیموکراتەکانن. دژایەتی کۆچبەر ناکەن چونکە مەترسی لە سەر کاریان دانانێت. بەڵام چینی کرێکار ڕقی لێیانە چونکە وەهان دەبینێت کە بەهای کار کەم دەکەنەوە. بەمجۆرە کرێکاران دەنگ بە ترەمپ دەدەن. میرتۆکراسی توشی قەیران دەبێت.
سێ، ترەمپ و مۆدێرنە\پۆستمۆدڕێن. لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ترەمپ دژ بە بەهاکانی پۆستمۆدێرنە وەک توانەوەی سنورەکان. بەڵام لە ڕاستیدا لە زۆر روی ترەوە ترەمپ پۆستمۆدێرنە، بەوەی بڕوای بە ڕاستی نیە، بەڵکو هەموو شتێک وەک ڕاو بۆچون دەبینێت، ئەم دیدە تا سەر ئێسقان پۆستمۆدێرنە.
چوار، ترەمپ نمونەی باڵای دیماگۆجە. لە ئەفلاتۆنەوە دەزانین کە دیموکراسی هەمیشە مەترسی ئەوەی هەیە کە دیماگۆج بەرهەم بهێنێت. دیماگۆج، گەوجێنەری عەوامە. بۆ نمونە ترەمپ کە جولەکەی دەبینی بە بردنەوەی دیموکراتەکان دەیترساندن بەوەی کە دیموکراتەکان خەڵکانی دژە-سامی لە خۆ دەگرن. بەڵام کاتێک عەرەب و موسوڵمانای دەبینی باسی کۆتای شەڕ و ئاشتی دەکرد. هەردولا بڕوایان پێدەکرد.