لە سەروبەری هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ-دا سەدەها وتار و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە نوسراوە و کراوە سەبارەت بە دەنگدانی ئەمریکەییەکان بە ترامپ لەبری هارس، بەتایبەت ژنان کە ترامپ بە دوژمنی ژنان ناسراوە.
بەڕای من هیج گەلێك/ نەتەوەیەك، هیچ تاکێک گەمژە نییە کە بەرژەوەندی خۆی نەزانێت، بە دڵنیاییەوە گەر لە ڕۆشبیران و توێژەرەوە سیاسییەکان زیرەکتر نەبن ئەوە لەوان کەمتر نین. ئەمە نەك هەر بۆ ئەمەریکیەکان و کورد ڕاستە، بەڵکو بۆ هەموو میللەتێك ڕاستە. دروستیی ئەمەش لەوەدایە کە ئەوەی ڕا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێك، یا حیزبێك دەدات، تەماشای بەرژەەوندی خۆی دەکات. لەوانە بەرژەوەندی ئابووریی و پاشخانی خێزانی و کۆمەڵایەتی و دینی و کولتور، تێروانین لە ڕابوردو و ئێستا و بەتایبەت داهاتوش. زۆرن ئەو هۆکارانەکەی کە بنەمای دەنگدانن.
قسەی من زیاتر لەسەر ئەمریکییەکانە کە ڕۆژانە لە ماڵپەڕە کوردییەکان و پەیجەکانی فەیسبووکدا دەیبینین کە چۆن نوسەر و پۆستنوس و دیمانەکار بە خەڵکی ئەمەریکیدا دەڕشێنەوە، بە بێ ئەوەی کە دووی بارودۆخی ژیانی خەڵکی ئەوێ کەوتبێت، بێ ئەوەی زمانێکی دیکە زیاتر لە کوردی بزانێت، بێ ئەوەی پەنا بۆ ئامارێك بەڵگەیەك بۆ پاڵپشتکردنی قسە و بۆچوونەکانی ببات.
وەکو وتم خەڵکی بە هۆکاری جیا جیا دەنگ دەدات و سەرۆکێك یا حیزبێك هەڵدەبژێرێت. لەو هۆکارانەی کە من لەو وتار و توێژینانەوە لێیان حاڵی بووم زۆرن کە بڕێکیان سەرەکین و ئەمانەن: لە سەدا 45 خەڵکی ئەمەریکی بار و دۆخی ژیانیان لە 4 ساڵ لەمەوبەر باشتر نییە، ڕێژەی هەڵئاواسانی پارە بەرزە. هەردوولایان واتە ترامپ و هارس پەنایان بۆ ملیاردەرەکان دەبرد بۆ هاوکاری داراییان بۆ بەردەوامیدان بە کەمپەینەکەیان. کەمپەینەکەی ترامپ یاخود مانیفێستەکەی زۆر ڕوون و ئاشکرا و بێ شاردنەوە بوو: لەسەر پرسی ئیسرائیل و فەلەستییەکان، لەسەر شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا، لەسەر پرسی ژنان و لەباربردنی کۆرپەلە، لەسەر پرسی ترانس و هاوڕەگەزخوازان، لەسەر کەسانی پەنابەر و کۆچبەر، لەسەر پرسی باخ و گومرگ، لەسەر پرسی پەیوەندی نێودەوڵەتی و سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان، لەسەر پرسی ناتۆ، لەسەر دەرکردنی زۆرێك لە کەسانی مشەخۆر و ناپێویست لە کۆشکی سپی و شوێنی تردا، لەسەر پرسی ژینگە.. لەسەر هەر هەمووی هەلوێستی ترامپ روون و ئاشکرابوو، بەڵام مەرجیش نییە هەموویان جێ بەجێبکات.
هەرچیش کەمپەینی هارس بوو، هەڵویستێکی ڕونی لە کێشە و شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین نەبوو، بەم هۆکارەش بڕێکی زۆری دەنگی لەناو کۆمۆنێتی عەرب و موسڵماناندا بە تایبە لە ولایەتی موشیگاند لە دەستدا. لە پرسی ئۆکرانیادا هەنگاوێکی جیاواز لە بایدن لە چونێتی کۆتایهێنانی ئەم شەرە دۆڕاوەی ئۆکرانیا نەبوو، بە دەگمەن قسەی لەسەر ژیانی خەڵکی دەکرد و لە سەر پێداویستییەکانیان. هەڵوێستێکی شلۆق و سەقەتی هەبوو لەسەر ناتۆ و لەسەر سەرۆکی تورکیا و عێراق و سعودییەوە و ئێران و زۆر شوێنی دیکە. شتێکی نوێی کاربڕ یا کردەیی لە بەرنامەکەیدا نەبوو.
خەڵکی دێت لبە زۆری لەو ڕوانگەیەوە دەنگ دەدات نەك لە ڕوانگەی ڕەنگی پێست و تەمەن و سەر بە چ پارتێکە. دوای ئەوەش خەڵکی دابەش بووە بەسەر توێژاڵی جیاجیادا کە لەو پەناگەیەوە قسە دەکات و ڕادەدات. هەروەها دین لە ئەمەریکادا بەهێزە بۆیە زۆرێ لە ژنان لەگەڵ لەباربردنی کۆرپەلەدا نین، لەگەڵ پرسی هاوڕەگەزخوازو ترانس و جێندە ئایدێنتەتی و هاوسەرگیری لە نێوانی هەمان ڕەگەزدا نین.
دوای ئەمەش خەڵکی ژیانی زۆر خراپ بووە ئەویش بە هۆی شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیاوەیە، بۆیە ئەمان دەیانەوێت شەڕەکە بوەستێت. ئۆکرانیا زەوی و هەیبەتی دەدۆڕێنێت، یا نایدۆڕێنێت لای ئەوان شتێك نیە. کورد واتەنی کچی خۆیان ناکەنە قوربانی کوڕی خەڵکی. بزنسی بچوك و دەستگێڕ و هەتاهەندێك لە کۆمپانیا گەوەرەکانیش دەیانەوێت کە گومرگ لەسەر هاوردەی دەرەوەی ئەمەریکا بەتایبەت وڵاتی چین کە مەترسی لەسەر ئابووری ئەمەریکا داناوە زۆر بەرز بێت تاکو ئەو دەرگایە بەسەر چین داخەن بۆ ئەوەی کاڵاکانی خۆیان سەرف بکەن. مووچەخۆر نایەوێت باجی لەسەر بەرزبکرێتەوە. دایکان و باوکان نایانەوێت ئەمەریکا شەڕێکی دیکە دروست بکات یاخود بئاڵێت لە شەڕێکی دیکەوە تاکو منداڵەکانیان لە دەست بدەن و هاوکاتیش ئەوەندەی دیکە ژیانیان گرانتر بێت. نایانەوێت کولتوری ئیسلامی بەسەریاندا زاڵببێت و ژیانیان لێ تاڵ بکرێت، ویلایەتەکانیش وەکو سعودییەو و ئێران و ئەفغانساتان و پاکستان و عیراق و … تدی، لێبێت. خەڵک شەریعە و مەحکەمەی ئیسلامی ناوێت.
هەموو ئەمانەیە کە لە ئەمەریکادا دەنگی بۆ ترامپ زیاد کرد تاکو بە هارس. جا پرسیارەکە ئەمەیە ئایا ئەمەریکییەکان دەبەنگ و گەمژەن یاخود ئەوانەمان کە هیچ نازانین و لە خۆمانەوە دەنوسین و ئەم نەتەوە و ئەو کەس ئەو لایەن بە گەمژە دەزانین ؟ ئایا خودی خەڵکی خۆی بەرژەوەندی خۆی دەزانێت یا ئێمە کە لەدەرەوەی ژیانی ئەوانین؟
ئەم پرسە لە کورستانیشدا هەر وا بووە؛ خەڵکانێک کە دەنگیان بە یەکێتی، یا پارتی، یا نەوەی نوێ، یا ئیسلامی داوە گەمژە نەبوون و نین، خۆیان بەرژەوەندی خۆیان لەمن لە کەسانی دەرەوەی من باشتر دەزانن. خەڵکی زیرەکن لە پێگەی ئابووری و دارایی و ئەوانەی سەرەوە کە باسم کردن دەنگ دەدەن.
نموونەیەکی بچوك: پێش هەڵبژاردنەکەی کوردستان لە یەكێک لە تەلەفونەکانما بۆ دایکم، لێم پرسی دایە دەنگ بە کێ دەدەیت؟ لە وەڵامدا وتی دەنگ بە باڤڵ و یەکێتی. وتم بۆچی دایە؟ وتی باڤڵ دەستی هەموو مافیاکانی کورت کردۆتەوە هەموویان چونەتەوە پێستەکەی خۆیانەوە، دوو: وتی باڤڵ لەگەل حکومەتی عێراقدا ڕێکەوتووە موچەی خانەنشینی چوارقات کردوە. وتی من خانەنشینەیەکەم نزیکە 50 دۆلار بووە ئێستا دەبێت بە 200 دۆلار، بۆیە دەنگی پێدەدەم. دەی قسەیەکی بۆ من نەهێڵایەوە گەرچی من پێم نەدەوت دەنگ مەدە، یا دەنگ بە لایەنێکی دیکە بدە. ژنێکی نەخوێندەواری نزیکەی 85 ساڵ لە من باشتر بیردەکاتەوە تاکو گەر پێی بلێم نا دەنگ مەدە یا بەم و بەوی بدە. دیارە هەموو کەسێك وەکو دایکی من وریایە بە بەرژەوەندی خۆی و هەر لەو پێگەیەوە دەنگ دەدات.