دووەم گەشتی ئەردۆغان بوو بۆ عێراق، جاری یەکەم 40 یادداشتنامەی لێکگەیشتنیان ئیمزاکرد و کەمیان کەوتنەبواری جێبەجێکردن، هۆکارەکەش سەرەڕۆیی مالیکی لەوکاتەدا لەلایەک و هەماهەنگی تورکیا وسوننەکان، کە عێراقی نیگەرانکردبوو لە لاکەی دیکەبوو.
جاری دووەم کە ئەردۆغان بەم دواییە سەردانی عێراقی کرد، 26 یادداشتیان ئیمزاکرد، ئەمڕۆش دووی نۆڤەمبەری 2024 سەرۆک وەزیرانی عێراق سودانی لە تورکیایە، یادداشتەکانی پێشتر و ئەوانەی دواین سەفەری سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق زۆربەیان بابەتی سەمبوڵیکن و دانەیەکیان چارەنوسسازە.
(پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان) شاڕێگەیەکی فرەڕاهێڵەییە کە بەگوێرەی ئارەزووی تورکیا لە تەلەعفەرەوە( گەورەترین قەزای عێراقە و زۆرینەی تورکومانە) بە موسڵدا شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق. پڕۆژەکە ڕێگەیەکی گەورەی بازرگانییە لە بەسرەوە دەگات بە تورکیا، لەوێشەوە لێ دەئاڵێتەوە بۆ ئەوروپای خۆرئاوا.
لەوانەیە ئەمریکا ئارەزووی ئەم ڕێگە بەدیلە بکات، بە تایبەتی دوای ناجێگیربونی دەریای ناوەڕاست و دەریایی سور.
کەواتە پڕۆژەکە ڕەهەندێکی جیهانی هەیە و کوردستانی عێراق ناتوانێ ڕێگەی لێ بگرێت، لێ دەتوانێت وابکات زۆرترین پانتایی هەرێم بگرێت. ئەگەر نەچێتەوە (گوندی کۆی)( ئاڤاکۆی) و بە ئیبڕاهیم خەلیلیشدا تێپەڕێت ئیتر ناتوانرێت لە هەرێمەوە گومرگ لە پڕۆژەیەکی هێندە ستراتیژی وەربگیرێت.
لەدوای ساڵی 2003 دەسەڵاتێکی شیعی لە عێراق هەیە و پێدەچێت کارێکی فرە گرنگ کە بیری لێکردبێتەوە بریتی بێت لە دروستکردنی گەورەترین بەندەر و ناوەندی گواستنەوەی جیهانی کە بەندەری گراند فاو (بە عەرەبی: ميناء الفاو الکبير)ە بەندەرێکە کە لەکەناراوەکانی عێراق لە قۆناغی دروستکردندایە ودەبێتە تێرمیناڵی باشووری ڕێگای گەشەپێدانی عێراق بۆ تورکیاو لەوێشەوە بۆ ئەوروپای خۆر ئاوا، عێراق دەڵێت، گرنگترین و ستراتیژیترین پڕۆژەی نیشتمانی عێراقە لە مێژوودا.
گوایە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وجیهان، جگە لەوەش بەندەرەکە پێگەی جیۆپۆلەتیکی عێراق لە ناوچەکە و جیهاندا بەهێزتر دەکات.
بەگوێرەی پڕۆژەکە ئێمە دەتوانین لە وێستگەی باشوری دهۆک و باکوری موسڵ سواری شەمەندەفەربین و بێ پچڕان بڕۆین ولە لای سەعاتەکەی لەندەن دابەزین. قەتەرو ئیماڕاتی یەکگرتوی عەرەبی پاڵپشتی پڕۆژەکە دەکەن، چونکە نزیکی 30 ملیار دۆلاری تێدەچێت.
ڕێگەی گەشە پێدان بەهێزترین ئاڵقەی پەیوەندی نێوان عێراق و ئەوروپا بەتایبەت بەریتانیا دەبێت دوای ئەوەی بەهۆی سەرەڕۆیی عێراقییەکان وکوشتنی مەلیکی عێراقی بەریتانیا بەسەری پەنجەکانی تۆقەی لەگەڵ عێراقداکردووە، ئەوروپایەک کە لە خۆرئاوای کشوەرەکەیەوە لە لایەن ڕوسیاوە جەنگی غازی سروشتی لەگەڵ دەکرێت و ئێرانیش دەریای سپی و سوری ناجێگیر کردووە، بۆیە بەچاوی ئومێدەوە دەڕواننە ئەم پڕۆژەیە.
پڕۆژەیەک ئەگەر نەکەوێتە بەرزەبری کوردی خۆرئاواو پەکەکە دەشێت هەرزانترین ڕێگەی گواستنەوەبێت لە فاو بۆ ناوهەناوی ئەوروپا.
عێراق، تورکیا و وڵاتانی خۆرئاوا دەتوانن بە گەشبینی تەماشای ڕێگە ئەمین و کەممەسرەفەکە بکەن، لەهەمانکاتدا دوای ئەوەی لە ڕێگەکە سودمەند بوون ئەبێ بەجدی هەوڵی جێگیری لە عێراق بە خوارو ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان و کوردستانی سوریاو تورکیاوە بدەن، چونکە ئەم پڕۆژەیە بەناو دڵی کوردا تێدەپەڕێت.