دواین هەواڵ

سیاسەتی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی

‌فەرەیدوون پەروازە

24/01/2024

ئیسلامی سیاسی و سیاسەتی ئیسلامی دوو تەوەری لێک جیاواز و تەنانەت دژ بە یەکەن. راستە کە ئاینەکان  یا هەر ئایدۆلۆژیایەکی سەرزەوینی، دەسەڵات و سیاسەت کردن یەکێ لە ئامانجە سەرەکییەکانییەتی، بەڵام ئێمە نابێ لە خوێندنەوە و شرۆڤەکاندا ئەو بابەتە تێکەڵ بکەین. سیاسەتی ئیسلامی بریتییە لەو رێکار و دەستوورات و بەرنامەگەلەی کە لە ناوەرۆک و مەنهەجەکەیدا ئاماژەی پێکراوە، ئەو سیاسەت و ئەحکامە هەر لە چوارچوەی ژیانی تاکەکەسییەوە دەست پێدەکات و پاش گەشە کردن دەگاتە بنەماڵە و کۆمەڵگا.

واتە سیاسەت و حوکم دارێتی بە پێی گەشەکردن و رێژەی پێرەوانی ئەو بیرۆکەوە گەشە دەکات و ئەگەر کەسێک یا بنەماڵە و ئاینێکی جیاواز لە سەر ئاینی ئیسلام نەبێ ئەوا ئەو یاسایە ئەوان ناگرێتەوە . بە درێژایی مێژوو بە دەیان بیرۆکەی جیاواز لە وڵاتانی ئیسلامییدا ژیاون و هیچ بەربەستێکی ئەوتۆ لە بەردەمیاندا نەبووە. لە کوردستاندا پێرەوانی ئاینی یارسان لە جوغرافیای ئاینی خۆیاندا سەربەخۆ بوون، لە هەموو گوندێکدا چەندین بنەماڵەی جوولەکە و نەساری وەکوو ئەو خەڵکە ژیاوون. بە چەندین مەزهەب و تەریقەت و تەنانەت فیرقە و رێبازی جیاواز لە کوردستان و وڵاتانی ئیسلامییدا پێکەوە ژیاون و تەنانەت پێوەندی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتوورییان پێکەوە بووە و هیچ کێشەیەکیش درووست نەبووە.

ئیسلامی سیاسی بە پێچەوانەی ئەو ئاماژانەی سەرەوە، بەر لە هەموو باسێک بژاردەی دەسەڵاتداری و سیاسەت کردن لە بەردەمدایە و لە سەر بنەمای تووندوتیژی تاوتوێی دەستووراتە دینییەکان دەکات. ئیسلامی سیاسی خۆی لە چوارچێوەی مەزهەب و تەریقەتەکان دەرباز کردووە و بەرواڵەت وەک سەرەتای ئیسلام و سەردەمی خولەفای راشدین بیر دەکاتەوە و هەڵوێست دەگرێ. ئیسلامی سیاسی بەو هۆییەوە کە درگای فتوا و بریاردانی بۆ هەموو کەسێک کردۆتەوە، بە دەیان خوێندنەوە و رێبازی نوێی تێدا درووست بووە کە بێجگە لەوەیکە هیچکامیان یەکتریان قەبووڵ نیە تەنانەت دژی یەکترن.بۆ نموونە ئیخوانیزم لە ئیستەدا دژی هێرشی ئیسرایلە بۆ سەر غەزە بەڵام سەلەفیزم بێدەنگ و بێخەیاڵە لە ئاست هەموو رووداوێک.

لە ئیسلامی سیاسییدا عەقڵ و شرۆڤەی تاکەکەسی زاڵە بە سەر نەصی قورئانییدا و هەروەها سەبارەت بە ئەحادیس و فەرموودەی هەموو پیاوە گەورەکانی دین بە چاوی گومان و شەکاکێتەوە تێروانینیان هەیە. ئیسلامی سیاسی لە سەر بەشێک لەو ئایەت و حەدیسانەی کە لە کاتی غەزەوات و شەرەکاندا هاتوونەتە خوارێ یا رەوایەت کراوە، چڕ دەبنەوە و بەشەکەی دیکە کە باسی ئاشتەوایی و پێکەوە ژیانە، بچووک دەکەنەوە. ریفۆرماسیۆنی دینی کە ئیسلامی سیاسی لێکەوتەوە، بوو بە هۆکارێک بۆ درووستبوونی دەیان رەوتی جیاواز، کە هەریەک بە دەستێکی شاراوەوە گرێدراون و هەروەها بەشێکیان دابەزیون بۆ ئاستی میلیشیا و دەستە و گروپ .

لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسییدا هیچ دەنگێکی جیاواز نابێ بوونی ببێت و تەنانەت بێجگە لە جوغرافیای هزری خۆیان لە هەوڵی دەستێوەردان و تێکدانی نێوماڵی وڵاتانیترن . نەرمترین رەوتی ئیسلامی سیاسی کاتێک هەلومەرجی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی بۆ پێکهات لە یەک شەودا دەبێتە تاڵیبان و داعشێکی تازە. لە ئیسلامی سیاسییدا لە دەرەوەدا  بەرنامە و دەستوورات  بە سەر دیندا دەسەپێت لە حاڵێکدا لە سیاسەتی ئیسلامییدا بەرنامەی دین و سیاسەت لێک جیاوازە و لە ناو یاسای دینەوە دەستووراتەکان ئاراستەی سیاسەت و دەسەڵات دەبێتەوە. بە درێژایی مێژوو زانایانی ئاینی گەرچی کەم تا فرە لە گەل دەسەڵاتە سیاسییەکاندا پێوەندییان هەبووە بەڵام بە هۆی چەواشەکاری دەسەڵاتدارانەوە، قەت تێکەڵی سیاسەتی ملهوران نەبوون و بە رەوایان نەزانیوە.

زانایانی ئیسلامی لە رابردودا بە پارێزەوە تەماشای درووستکردنی دەسەڵاتێکی ئیسلامییان کردووە و قەت خۆیان لەو تاقیکاری و ریسکە گەورەیە نەداوە بەڵام ئیسلامی سیاسی گوندێک بگرێ بە دەستەوە ئەوا دەسەڵات رادەگەیەنێ. ئیسلامی سیاسی هەوڵ بۆ درووستکردنی یەک وڵاتی ئیسلامی لە ژێر ناوی ئۆمەتی واحیدەدا دەدات بەڵام ئیسلامی مەزاهب سەرەرای ئەوەیکە پێرەوانی یەکتر و ئۆمەتی واحیدەیان قەبووڵە، هەموو دەنگورەنگە جیاوازەکانی( وەک نەتەوە و فەرهەنگ و کلتوورە جیاوازەکان) لە جوغرافیای خۆیدا بەرەوا دەزانێ و ئیمکانی پێکەوە ژیانیان بۆ دەرەخسێنێ.

کۆتا وتە و سەرئەنجامی باسەکە ئەوەیە کە بیرۆکەی ئیسلامی سیاسی بە هەموو پەلوپۆکانییەوە و لە هەموو وڵاتانی ئیسلامییدا نەک نەیتوانیوە بە پێی بەرنامەکانی دین کاردانەوەی ببێ لە سیاسەت کردندا، بەڵکوو هۆکاری شەر و ئاڵۆزی بوون لە ناوچەکەدا و لە ئاکامدا هەموو  ژێرخانە سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییەکانیان هەڵتەکاندووە. ئەفغانستانی ئیستە بەرهەمی زیاتر لە نیو سەدە دەسەڵاتداری ئیسلامی سیاسییە، تورکیای ئیستە بە هۆی زاڵبوونی ئیخوانیزمەوە داهاتووییەکی ئاڵۆزی لە بەردەمیدایە، وڵاانی عێراق، سوریا، لوبنان،میسر، ئێران، سودان، لیبیا، یەمەن و،،، هەر ئیستا دۆخێکی میلیتاری و جەنگی بە سەریاندا زاڵە و سەقامیگیری سیاسییان لاوازە. وڵاتانی شێخ نشین و ئاسیای ناوەراست گەرچی هەوڵ ئەدەن خۆیان لە ئیسلامی سیاسی دوور خەنەوە، دیسانەوە مەترسی بەرکەوتنی پزیسکی شەریان لە سەرە و ئاگری شەری دراوسییەکان، ئەوانیش دەگرێتەوە. بە گشتی لەو سەردەمەی ئێمەدا بیر و روانگەی ئیسلامی سیاسی زاڵە بە سەر بیر و رێچکەی مەزاهبی ئیسلامییدا و هەروەها لەو سەردەمە مۆدێرنەدا ئەو بیرۆکە رادیکاڵ و توندئاژوانە رووبەرووی دەسەڵاتدارێتی و مامەڵە سیاسییەکان لە ئاستی جیهانییدا بوونەتەوە کە داهاتوو چارەنووسی هەموویان لە دواین وێستگەی تەمەنی سیاسی و دینییاندا دیاری دەکات .

لە باشوور و باکووری کوردستاندا بیری ئیسلامی سیاسی بە چڕی جێگای ئیسلامی مەزاهبی گرتۆتەوە و  پێدەچێ لە داهاتوودا  ئاقاری سیاسەت لەو دوو هەرێمەدا  لە هێڵی ئاسایی دەربچێ و فیندەمینتاڵیزمی ببێتە وێژمانی زاڵ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP