دواین هەواڵ

چۆن کۆی بکەینەوە، چۆن خەرجی بکەین؟

‌سیروان حەمە شەریف

25/03/2022

 کابرا داوای ئەسپی کرد لە پەیامبەر د.خ، ناردی بۆلای عەبدوڕەحمانی عەوف، بە دەستی بەتاڵ هاتەوە! وتی: هێندە ماڵ خۆشەویستە گەنم و جۆ و نیسک و نۆک تێکەڵ بووە دانیشتوە دانەدانە جیایان ئەکاتەوە، هیچ ناکات ئەسپ ئەدا بەمن؟! فەرموی: تۆ هەقت نەبێ بچۆ بڵێ ئەسپێکت بداتێ.

بە نابەدڵ ڕۆیشت، سڵاوی کرد، وەڵامی داوە و خەریکی کاری خۆیشی بوو، وتی من لای پێغەمبەرەوە هاتووم! وازی لە گەنم و جۆ هێنا، هەستا سەرپێ، وتی: چی پێ فەرموی؟ وتی: ئەسپێکت بداتێ! وتی: بەسەرچاو، پێکەوە لەشار دەرچون، ڕەوە وڵاغێکیان بینی، پێی وت: بڕۆ کامەت بەدڵە هەڵیبژێرە، تۆزێ وەستا، دوایی گەڕا بە دڵی خۆی دانەیەکی هێنا، شەش دانەی تر کەوتنە دوای!

وتی: ئەمەم بەدڵە. وتی: بیبە. وتی: ئاخر ئەوانەیش دوای کەوتون! (کابرا ئەسپ ناس بوو ئەیزانی ئەوە پێی ئەڵێن عەقید و حەوت دانەپێکەوەئەبن) وتی: کامەت بەدڵە؟ وتی: هەرئەمە! وتی: بیبە و بڕۆ! کابرا ڕۆیشت، تۆزێ گەڕاوە وتی: تێم بگەیەنە تۆ دەنکەگەنم و جۆ و نۆک جیائەکەیتەوە، چۆن دڵت هات ئەمانە بدەی بەمن؟

قسەیەکی جوانی کرد، وتی: (اجمعها هکذا، لینفقها هکذا) ئاوا کۆی ئەکەمەوە و ئاوها ئەیبەخشم. هەمومان لەهەوڵی کۆردنەوەی ماڵداین، ئەشزانیین نایبەینەقەبرەوە بۆیە خەرجیشی ئەکەین، بەڵام توخوا پرسیار لە خۆمان ئەکەین ئێمە چۆن خەرجی ئەکەین؟ بۆ کێی خەرج ئەکەین؟ کێ سودی لێ ئەبینێت؟ ئەگەر هەموومان ئەڵێین حکومەت خراپە و تەخشان پەخشان ئەکات ئەی ئەم هەموو ڤیستیڤاڵ و بەنزین سوتاندن و نانوچێشتی هەزاران کەس و ژینگەپیسکردن و سەیرانگا پۆخڵکردنە بۆچی ئەکەین؟

باشە هەر کۆمەڵ و عەشرەتێ لەبری ئەوەی هەموڕۆژێ ئەو دەموچاوانە کۆبکەنەوە و خۆیان بابدەن، باشتر نییە بەشێکی کەمی ئەو ماڵە بۆ هەژارەکانی خزمی خۆیان خەرج بکەن؟

خواشاهیدە هەژارمان نامێنێ و خوایش باشمان بۆ ئەکات. ئەی هاوار ئەم کوردە بۆچی بە شتێکەوە گرتی وازناهێنێ؟ ئەم چاولێکەرییە تاوەکو کەی بەردەوام ئەبێ؟

حەفتاکان هەمووی ئەیلول بو هەشتاکان جاشێتی باوی بو نەوەدەکان خاریج خاریج دوهەزارەکان سەیارەی علوج دوهەزار و دە، مەکتەب و شەهادە ئەم دو ساڵەیش باوی مەنجەڵەگۆشت و ڤیستیڤاڵی گوند و ڕەیس عەشرەت. ئەی هاوار چەن ناشیرین ئەجوڵێین!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP