لە پڕ،پرسی تاڵانکردن و بە قاچاغبردنی نەوت و بوونی پاڵێوگەی نایاسایی، بوو بە ناونیشانی گەورەی کێشەی ناوچەی جرف سەخر، لە کاتێکدا پێشتر وەک مەڵبەندێکی ستراتیژی، کۆنترۆڵ و سەرکردایەتی، بەرهەمهێنانی درۆن و مووشەک و بوونی زیندانە نهێنییەکان سەری دەکرا. چی لە پشت ئەم گۆڕانکارییەوەیە؟
دەکرێت لێرەدا، زیاد لە هۆکارێک و لە گۆشەنیگای جیاوازەوە، دیاری بکەین، لەوانە:
١- پەردەپۆشکردنی حەقیقەتی کێشەی جرف سەخر و سەرنجلادان لەسەر ئەو ڕۆڵەی لە ململانێ و جەنگەکاندا دەگێڕێت.
٢- بەکارهێنانی ئەم پرسە بۆ لێدان لە ڕەوایەتی مەزهەبی و ئایدیۆلۆژی و ئەخلاقی گرووپە چەکدارەکان، وێناکردنیان وەک کۆمەڵێک گەندەڵ و تاڵانچی، داڕنراو لە هەر پەیام و ئەرکێکی پیرۆز، بۆ ئەوەی تیرۆری مەعنەوی بکرێن و خەڵکیان لێ هان بدرێت،هەر کاتێک پێویستی کرد و توانرا، لێیان بدرێت؟
٣- لێدان لەسەرچاوە ئابوورییەکانی پشتیوانی دارایی و پارەدارکردنی گرووپەکان لە لایەك و دڵسارد کردنەوەی بەشێك لە سەرکردەکانیان لە درێژەدان بە هەڵوێستە توندەکانیان کاتێك بۆیان دەرکەوت چەکەکەیان چیتر ئامرازی دەوڵەمەندبوون وکۆکردنەوەی سامان نییە.
سێ: کردنە بیانوو بۆ کارکردن لەسەر گێڕانەوەی زیاتری هەژموون و هەیبەتی دەوڵەت وناوەندگەرێتی دەسەڵات لە عێراقدا بە گشتی، هەر لە بەسرەوە تا سلێمانی و زاخۆ، وەک بەشێک لە ستراتیژییەتی نوێی تۆم باراک و هاوئەوازەکانی.
گرووپەکان وهاوپەیمانە سیاسییەکانیان دەیانەوێت پرسەکە بە شێوەیەکی ڕووکەش، هاوشێوەی ڕووداوەکەی ٣٠/ حوزەیران، بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی دەرەوەی دەوڵەت چارەسەر بکەن، وانیشان بدەن داواکەی زەیدی هاتووەتە دی، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانێکی جەوهەری، بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە ڕووی سەربازی و ئۆپەراسیۆنەکانەوە، ڕوو بدات.
لە هەموو حاڵەتێکدا، چارەنووس و جۆری مامەڵە و ئەنجامەکانی ئەم ڕووداوانەی ئێستا تا ڕادەیەک ئاراستەی بەشێک لە گۆڕانکارییەکان لە قۆناغی داهاتوودا دیاری دەکە ودەریشی دەخەن سیستمی ئێستا توانای ڕزگارکردنی خۆی هەیە یاخود جگە لەگۆڕان چارەسەرێکی تری نییە؟