دواین هەواڵ

مێزێک بۆ پێناسەکردنەوەی حوکمڕانی و کوردستانێکی یەکگرتوو

‌بەهرۆز جەعفەر

31 خولەک پێش ئێستا

موقتەدا سەدر حیزبەکەی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا (وەک هاوپەیمانیی سائیروون لە ٢٠١٨ و ٢٠٢١) زۆرترین کورسیی بەدەستهێناو بەڕێژەیەکی ئێجگار زۆر لە پێش نەیارەکانییەوە بوو.  ئەوکاتەو ئێستاش هیچ کاتێک نەیوت و نەیوتوە من عێراق دابەش دەکەم، نەیگوت فوڵان پارێزگاو فوڵان پارێزگای دیکە بۆ من و جێگەی نفووسی منە؛ چوونکە دەیزانی ئەوە بجووکردنەوەی خۆیەتی. 

بەپێچەوانەوە، سەدر بەردەوام جەختی لە یەکێتی خاکی عێراق و بەرزڕاگرتن و ئەکتیڤ کردنی دامەزراوەکانی حکومەت کردۆتەوە؛ هەمیشە خەمی ئەو چارەنووسی دەزگاکانی عێراق بوە؛ لەسەر ئەوەش چەندین کەسی لەڕەوتەکەی خۆی سزا داوەو، دووری خستوونەتەوە. 

سیاسەت کارو کاردانەوەو، دەنگە-دەنگی فەیسبوک نییە، ئەوە نییە هەر شت بڵێی و قسە فڕێ بدەی؛ بێ ئەوەی خۆشت و حیزب و ڕەوتەکەشت بزانن چی دەکەن؛ دۆخی ئەوەی کە خۆشت نازانیت چی دەکەی؛ مانای نابووتبوونی سیاسەت و بەتاڵبوونەوەیەتی لەماناکانی خۆی؛ چوونکە سیاسەت پرەنسیپە، هونەری ڕێکخستن و دیدگای ڕۆشنە؛ ئەوەش لە چوارچێوەی بوونی دەزگاو دامەزراوەو، هەبوونی ئەقڵییەتێکی سەردەمییانەی هاوچەرخەوە دەکرێت. گرینگترین شت بە بنەماگرتنی "ئاسایشی وزە" یە؛ ئەمەش بە هەبوونی دەزگاو دامەزراوەی زانستی و یاسایی و ئابوریی دەکرێتە بنچینەیەک بۆ سیاساتی گشتی.

لە سلێمانی و هەڵەبجە چەند مێزێکی شەرمهێنەر بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان لە هەرێمی کوردستان دانراوە؛ حیزبەکانی دەڤەرەکە خۆیان ناکەن بە خاوەنی ئەو چەند مێزە؛ چوونکە خۆیان دەزانن بابەتێکی قێزەونە، سەریش ناگرێت لەڕووی یاسایی و دەستورییەوە. بۆچی و چی دابەش و پارچە-پارچە دەکەن، چۆن! پێشووتر ٣٥ ساڵە بەدەستتانەوە نەبوە؛ چیتان کردوە هەر ئەوە دەکەنەوە؛ جام چی تێدا بێت هەر ئەوەی لێ دەڕژێت. 

بە کورتییەکەی، هەرێمی کوردستان وەکو سەرجەم کونج و حوکمڕانییەکانی دیکەی جیهان پێویستی بە خۆ-گونجاندن و یەکگرتوویی هەیە لەسەردەمێکدا کە جیهان بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە  وەرچەرخاوە، ئەوە دەبێت مێزی پێناسەکردنەوەی حوکمڕانی و کوردستانێکی یەکگرتوو بێت، مێزی خەمخواردن بێت بۆ پیاچوونەوەیەکی وەها کە چیتر پەرت نەبین. بەڵی بۆ هەرێمێکی یەکگرتووی بەهێز بۆ کوردستان، بەڵێ بۆ چالاککردنەوەو پیاچوونەوەی دەزگاو سەرپێخستن و بەرز-راگرتنی دامەزراوەکان؛ بەڵێ بۆ سەرپێخستنی پیشەسازیی و کارگەو کارخانەی سەردەمیانەو، ژێرخانی بانکی، بەڵێ بۆ دەرفەتی کار بۆ گەنجان و ڕەخساندنی کار و پالپشتی تواناکان؛ نەخێر بۆ ئەوانەی وا دەزانن ئێستاش ساڵی شەستەکان و نەوەتەکانی سەدەی پێشوە. 
بەڵێ- بەڵێ بو بونیادنانەوەی کەسێتی تاکی کوردیی. هەر لایەنێکی سیاسیی (بەتایبەتی حیزبێک بە خۆی بڵێ حیزبی خانوە قووڕەکان) دەبێت تێکۆشانی فیکریی هەبێت، چۆن؟ یانی دەبێت بۆ نموونە بکۆلێتەوە کە کۆمەڵگە چۆن گەشە دەکات و بنەماکانی چین؟، پەی ببات بە "بەرهەمهێنان" و "شێوازی بەرهەمهێنان" و "هێزی بەرهەمهێنان" و  "یاساکانی وەبەرهێنان"، ساڵ لەدوای ساڵ لەخۆی بپرسێت کە چی بەرهەمهێناوە!؟ پێی دەکرێت چی دیکە لەئایندەدا بەرهەم بهێنێت؟ ئایا ئێوە ئامادەن ئاوڕێک بدەنەوە تا بزانن چیتان بەرهەمهێناوە!؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP