دواین هەواڵ

لەبارەی دابەزینی ئاستی زمان و ڕەفتاری سیاسی

‌پشتیوان لەتیف

1 کاتژمێر پێش ئێستا

لەبارەی دابەزینی ئاستی زمان و ڕەفتاری سیاسی

دابەزینی ئاستی زمان و ڕەفتاری سیاسی لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا، یەکێکە لەو دیاردە مەترسیدارانەی کە هەرەشە لە دیموکراسی، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و بەها ئەخلاقییەکان دەکات. زمان لە کایەی سیاسیدا تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گەیاندنی پەیام، بەڵکوو ئاوێنەی بیرکردنەوە، کەلتوور و ئاستی بەرپرسیارێتیی سەرکردە و پارتە سیاسییەکانە بەرانبەر بە کۆمەڵگە. کاتێک ئەم زمانە دادەبەزێت بۆ ئاستی جنێو، سووکایەتی و توندوتیژی دەربڕین، ڕەفتاری سیاسیش بەدوای خۆیدا بەرەو نزمترین ئاست دەکێشێت.

ئەمڕۆ باڵادەستیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، هۆکارێکی گەورەیە بۆ دابەزینی ئاستی زمانی سیاسی کە جۆرێک لە هێز و کەسایەتیی پۆپۆلیزمی بەرهەمهێناوە تێیدا هاوارکردن، زمانشێواندن و هێرشی شەخسی زیاتر لە لۆژیک و دیالۆگی هێمن لایک و بینەر کۆدەکاتەوە! ئەم هێز و کەسایەتییە پۆپۆلیزمانە بەهۆی نەبوونی پڕۆژەی ڕاستەقینە و شکستیان لە پێشکەشکردنی پڕۆژەی ئابووری، گەشەپێدان و چاکسازیی ڕاستەقینە، پەنا بۆ تێکدانی زمانی سیاسی و هێرشکردنە سەر نەیارەکانیان دەبەن وەک ئامرازێک بۆ سەرقاڵکردنی شەقام و لەبیربردنەوەی ئەو بەڵێنانەی کە دەنگدەران و لایەنگرانیان دابوو.

دابەزینی ئاستی زمان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە هۆی دابەزینی ڕەفتاری سیاسی. ئەمەش سەرنج لەسەر ڕەخنەگرتن لە بیرۆکە و بەرنامەکان کەم دەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ هێرشکردنە سەر ژیانی تایبەتی و شێواندنی ناوبانگی کەسایەتییەکان و، دەبێتە دیاردەیەک کە تەنیا لە ناو بازنەی سیاسەتدا نامێنێتەوە، بەڵکوو دەپەڕێتەوە بۆ ناو کەلتووری گشتیی کۆمەڵگە.

بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە، پێویستییەکی بەپەلە بە شۆڕشێکی ئەخلاقی و کەلتووری هەیە لە کایەی سیاسیدا. میدیای نیشتمانی، ڕووناكبیران و خودی هاونیشتمانیانیش دەبێت چیتر نەبنە سووتەمەنی بۆ زمانی پۆپۆلیستی و زبر. پێویستە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی سیاسی ببنەوە بە، پێشکەشکردنی چارەسەر، لێهاتوویی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، چونکە بەبێ زمانێکی سیاسیی تەندرووست، مەحاڵە کۆمەڵگەیەکی تەندرووست و دیموکرات بنیاد بنرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP