ئەو قەوارەیەى ناوى هەرێمى کوردستانە ، موڵکى تاکە حزب و لایەنێک نییە بڕیار لە سەر چارەنووسى بدات ، بەڵکو حزب ئامرازێک بۆ خزمەتکردنى دۆزى رەواى گەل و نەتەوەیەک و ئینجا پارێزگاریکردن لە خاک و دەستکەوتەکان و بەهێزکردنى پایەکانى دیموکراسى و ئازادى و هەنگاونان بەرەو قۆناغى پێشکەوتووتر و دەستکەوتى زیاتر ، هەڵبەتە ئەگەر باوەرە نیشتیمانى و نەتەوەییەکان پێش هەموو بەرژوەندییەکى کەسى و حزبى بخرێت و بە بێ هەڵگرتنى ڕق و کینەى نەیاران دژ بە گەل و قەوارەکەت
ئەوەتا 35 ساڵە و شەش خولە ، پارتى دیموکراتى کوردستان هەمیشە لە ماف و دەنگ و کورسى جەماوەرەکەى دەدات بە لایەنەکانى دیکە تەنیا لە پێناو پارێزگاریکردن لە قەوارەى کوردستان و شکۆى گەلى کورد لە سەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتیی ، لەگەڵ ئەوەى هەمیشە حزب و هێزى یەکەم بووە چ لەسەر ئاستى کوردستان و چ لەسەر ئاستى عێراقیشدا ،
بۆیە کاتى ئەوە هاتووە ، هەمووان بزانن کە هەڵبژاردن تەنها پرۆسەیەکى دەنگدان نییە ؛ بەڵک ڕێگەیەکى دیموکراسییە تا خەڵک ئیرادە وویستى خۆیان دەربڕن . بەتایبەتى لە هەر سیستەمێکى دیموکراسییدا ، سندوقەکانى دەنگدان دادوەرى یەکەم و کۆتایی ، چونکە ئەوە دەنگى خەڵک دیارى دەکات کە چ حزب و لایەنێک متمانەى زیاتر جەماوەرى وەڕگرتووە و مافى یەکەمى لە پێکهێنانى دەسەڵات هەیە ، ئەگەر دواى دەروچوونى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان ، هەر لایەنێک بە هەر سیناریۆ یان لە ژێر هەر فشارێکدا هەوڵبدات ئەنجامەکان بگۆڕێت ؟ بەدڵنییاییەوە ، نەک ئەوە تەنها دیموکراسییە نییە بەڵکو پێشێڵکردن و بێ ڕێزکردنە بە ئیرادەى خەڵک
لێرەدا ، روون و ئاشکرایە پارتى دیموکراتى کوردستان لە هەڵبژاردنەکانى 20ى10ى 2024 وەک یەک حزبى یەکەم، زۆرترین متمانەى جەماوەرى کوردستانى بەدەستهێناوە ، ئەم متمانەیە نە دیارییە و نە بەخششە ،بەڵکو ئەنجامى ڕاستەوخۆیی خەڵکى کوردستانە ، بەرهەمى هەڵگرتنى ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییە نیشتیمانى و نەتەوەییە لە کاتە سەختەکاندا جیاواز لە لایەنەکانى دیکە ، بۆیە لە هەموو سیستەمە دیموکراتییەکاندا لایەنى یەکەمى هەڵبژاردنەکان مافى یاسایی و دەستوورى هەیە بۆ ئەوەى دەستپێشخەریی پێکهێنانى حکوومەت بکات، نە دانووستانى سیاسى .
بۆیە ، گرنگى بەهێز مانەوەى قەوارەى هەرێمى کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەى لە هەموو هەڕەشە و فشارێکى ناوخۆیی و دەرەکى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان و پێکهێنانى حکوومەتێکى نوێیە ، بەتایبەتى کە قەوارەى سیاسى و دەستووریی هەرێمى کوردستان ، بەرهەمى خەبات و قوربانیی چەندین دەیەى گەلى کوردستانە ، بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەدا کە ناوچەکە و عێراق بەگۆڕانکاریی خێرا و ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت ، پاراستن و بەهێزکردنى ئەم قەوارەیە ئەرکێکى نیشتیمانیی و نەتەوەیی لە پێشینەیە و کلیل و مەرجى سەرەکیش بۆ پاراستنى ئەم قەوارەیە ، ڕێکخستنەوەى نێودەوڵەتى ماڵى کوردستانە .
بەدڵنییاییەوە ئەو لایەنانە پیرۆزى خاک و گەل و نیشتیمان و ئەم قەوارەیە دەزانن ، کە سەختیان کێشا بێت و خوێن یان لە پێناویدا ڕشت بێت ، تاڵى ئاوارەیی و کۆڕەو و کیمیاباران و ئەنفالیان چێشتبێت ، خاوەن مێژوو و خەبات و قوربانیدان بن ، نەک کەسانێک تەنها بە دروشم و چەواشەکارى و حازرى بن سێبەر و بە هانى نەیارانى کوردستان هیچ ئامانجێکى کوردبوون و کوردایەتییان نەبێ و خەونیش بە لەباربردن و تێکدانى ئەم قەوارەیە و دەستکەوتەکانى ببین
لە ڕاستیدا ئەوانەى نایانەوت پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکوومەتى نوێی کوردستان پێکبێت مەرامیان ئەوەیە :
یەکەم،، بێ ڕێزى بە سیبموڵ و سەروەرى و ئیرادەى خەڵکى کوردستان کە پەرلەمانى کوردستانە وەک دەزگایەکى یاسادان بکەن ، رێگرى لەو یاسا گرنگانە بگڕن بەتایبەت لەڕووى چاکسازى و بوون بەخاوەن دەستوور کە ئەوەش خۆى لەخۆیدا پارێزگاریکردنە لە سەروەرى قەوارەى هەرێمى کوردستان و ڕێگریکردن لە هەر پیلانگێرى و هەوڵێک بۆ لاوازکردنى سەنگ وپێگەى یاسایی هەرێمى کوردستان
دووەم ،، ڕێگریکردن لە پێکهێنانى کابینەى نوێی حکوومەتى کوردستان ، بۆ ئەوەى بۆشایی لە کار کارگێڕى و خزمەتگوزارى گشتى دروست بکات ، چونکە نەیارانى کوردستان باش دەزانن ، کابینەى نۆیەم ، لەماوەى 6 ساڵى رابردوو توانیی ڕووبەڕووى قورسترین ئاڵنگارییە ئابوورى و سیاسى و ئەمنییە کان ببێتەوە و کابینەى نوێی بەهێزیش دەتاونێت نەک هەر کێشەکان چارەسەر بکات بەڵکو دەتوانێت بە بەردەوامى بە بەرنامەى چاکسازى ئیداریی و دژایەتیکردنى گەندەڵى پێگەى جەماوەریی قەوارەى هەرێمى کوردستان بەهێزتر بکات ، ئەوەش ترسێکى گەورەى لەنێو نەیارانى ئەم گەل و قەوارەیە دروستکردووە
سێیەم ،، نەیارانى ئەم گەل و قەوارەیە باش دەزانن ؛ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى پاڵپشتى لە هەرێمى کوردستان دەکات کاتێک دامەزراوە دیموکراسییەکانى ، بەتایبەتى کاتێک کوردستان خاوەن پەرلەمان و حکوومەتێکى بەهێز و کارا بێت ، ئەوا لەڕووى سیاسى و دیپلۆماسى و پەیوەندییەکانییەوە زیاتر بەهێزتر دەبێت ، لە هەمانکاتیشدا هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى بەهێز و پارێزراو لە ناوچەکەدا
چوارەم ،، ناحەزانى ئەم گەل و قەوارەیە باش دەزانن ؛ هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی و سیاسى و دەستوورى ، هەرێمێکى دامەزراوەییە وخاوەن چەندین دەزگایی وەک پەرلەمان و حکوومەتى هەرێمى کوردستانە ، خاوەن سەنگ و پێگەی خۆیەتى لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا ، قەوارەیەکى دانپێدانراو و باوەڕپێکراو و دیموکراستییە لە سەر ئاستى جیهان و وڵاتانى دوونیادا ، کە بەهیچ پیلانگێرى وسیناریۆ و قەیرانسازییەکى ناڵەرزێت
پێنجەم ،، ئەوانەى پاساو ڕێگرى دەکەن لە کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەتى کوردستان ، هەمان ئەو کەسانەن کە بەکرێگیراو بووکەڵەى دەستى ناحەزانى کوردستانن و دەچنە نێو زبڵدانى مێژووەوە و قەوارەى هەرێى کوردستانیش رۆژ لە دواى رۆژ بەهێزتر و تۆکمەتر دەبێت ،مێژوویش گەواهیدەرە وێراى چەندین کۆسپ کە دروستکرا بۆ لاوازکردنى قەوارەى هەرێمى کوردستان ، وەک بڕینى مووچە و بودجەى خەڵکى کوستان ، وشککردنى سەرچاوە ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان ، پەنابردنە بەر چەندین سکالای نایاسایی ، بەکارهێنانى چەندین یاسا لە بەغدا دژى قەوارەى هەرێمى کوردستان لە هەموو ئەو هەوڵانەدا شکستیان خوارد و هەرەستیان هێنا
بەدڵنییاییەوە قەوارەى هەرێمى کوردستان بەخۆینى سەدان هەزار شەهیدى ئەم کوردستان و خەبات و تێکۆشانى بارزانیی نەمر دروستبووە ، بە سیاسەت و دیپلۆماسى و ئیدارەدانی سەرکەوتووانەى سەرۆک مسعود بارزانى دروستبووە ، بەرهەمى پرۆسەیەکى دیموکراسى و هەڵبژاردن و دەنگدانە ، هیچ هێزێک و هیچ هاوپەیمانییەکى ساختە و زۆرە ملێ ناتوانن خۆى بسەپێنێت و زیان بە قەوارەى هەرێمى کوردستان بگەێنێت ، ڕاستە چەندین ساڵى دوژمنانى قەوارەى هەرێمى کوردستان پیلانگێرى و کارتى جۆراجۆر بەڕێگەى چەند بەکرێگیراوێکەوە داڕشتووە تاوەکو ئەم کارتە سووتاوانە بەکاربهێنەوە ، بەڵام ئەم جۆڕە خەون ودەربڕینانەیان ، دەکەونە بەر ڕقى جەماوەرى کوردستان و پێشمەرگەکانى کوردستان