سیاسەت لە دونیای ئەمڕۆدا، پێش ئەوەی هونەری بەڕێوەبردن بێت، هونەری ڕاستگۆیی و ڕێزگرتنە لەو متمانەیەی کە شەقام پێت دەبەخشێت. ئەوەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە سنووری سلێمانی هەموومان بینیمان، کۆتاییهاتنی "نەوەی نوێ"یە. ئەم جوڵانەوەیە کە سەرەتا وەک دەنگی ناڕازیی خەڵک لە ناو دەسەڵاتی یەکێتیدا دەرکەوت، زۆر زوو بە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا ڕۆیشت.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە نەوەی نوێ پڕۆژەیەکی سیاسیی نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەکی شکستخواردووی کەسی بوو. شاسوار عەبدولواحید، وەک کەسایەتییەکی بێ ئەزموون و لاواز لە ئیدارەداندق، دەنگی ناڕازیی خەڵکی کرد بە کاڵایەک بۆ بازرگانی و مامەڵەپێکردن.
ئەوانەی دەنگیان بەو جووڵانەوەیەدا، چاوەڕوانی ئۆپۆزیسیۆنێکی کاریگەر و خاوەن بەرنامە بوون، نەک کەسێک کە بە ئاسانی دەنگی دەنگدەرانی بفرۆشێت و متمانەی جەماوەر بە فیڕۆ بدات.
ئەم جووڵانەوەیە لەسەر بنەمایەکی پووچ و ئاستنزمیی سەرۆکەکەی دامەزرا. ئەگەر سەیری شێوازی قسەکردن، ئاکار و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان و بەها کۆمەڵایەتییەکان بکەین، لە هەر وڵاتێکی دیموکراتی و خاوەن یاسادا بوایە، بە تۆمەتی سووکایەتی و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی سزای قورسی دەدرا.
نەوەی نوێ ڕێزی لە شعوور و دەنگی دەنگدەرانی نەگرت، ئەمەش دەرەنجامەکەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەردەکەوێت؛ پێشبینی دەکرێت نەوەی نوێ نەک ١٥ کورسی، بەڵکو تەنانەت نەتوانێت دوو کورسیش بەدەست بهێنێت.
کاتێک سەیری داتاکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین، دەبینین نەوەی نوێ لە پاشەکشەی بەردەوامدایە. لایەنێکی دیکە کە پەنا بۆ هەڕەشە و چاوسووکردنەوە دەبات، مانای ئەوەیە گومانی لە سەنگ و پێگەی جەماوەریی خۆی هەیە. ئەگەر بەڕاستی خاوەنی ٢٣ کورسی بوونایە، پێویستیان بەو هەموو دەنگەدەنگ و چەواشەکارییە نەدەکرد. لە بەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی خاوەن مێژوو و ڕاستگۆ لەگەڵ دەنگدەرانی، هەمیشە بە جیاوازییەکی زۆر و بە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک، لە پێشەنگی هەڵبژاردنەکاندا بووە.
مێژوو پڕە لەو کەسانەی کە ویستیان بە دژایەتیکردنی پارتی ناوبانگ دەربکەن و خۆیان تاقی بکەنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا دۆڕان و ناویان بە خراپە لە مێژوودا نووسرایەوە. چیرۆکی نەوەی نوێ بەم شێوەیە کۆتایی هات؛ شاسوار دۆڕا، چونکە کەسایەتییەکەی و زمانە ئاستنزمەکەی نەیانتوانی ببنە جێگرەوەیەک بۆ ئەو ئیرادەیەی خەڵک چاوەڕێی دەکرد.
ئێستا نەوەی نوێ لە وێستگەی کۆتایی نزیک بووەتەوە و چیتر ناتوانێت بە دروشمی بریقەدار چاو لە متمانەی خەڵک ببڕێت.