قەیرانەکە قووڵ و دۆخەکە ئاڵۆزە؛ ئەوەی ئاڵۆزتری دەکات، دابەزینی ئاستی گوتاری سیاسی و میدیایی و سپاردنی جڵەوی قسەکردنە بەو دەنگە نابەرپرسانەی کە تێرکردنی مەرامی نەخۆشی خۆیان بە سەد کوردستان نادەن؛ ئەوانەی هیچ دەربەست نین دۆخەکە گڕ بگرێت، بەو مەرجەی بازاڕی زمانی زبر و فرۆشی سیاسییان باشتر بگەڕێت.
ئاساییە ناکۆکی و ململانێ بە دۆخی گرژ و ئاڵۆزدا تێپەڕێت، بەڵام پابەندبوون بە پێوەرە باڵاکانی ئەخلاقی سیاسی، ڕێگرە لەوەی کولتور و زمانی بەرزی خیتابی سیاسی و یەکتردواندن، مەیدان بۆ پۆپۆلیزمی بازاڕی و زمانی نزم و زبری بێباکان چۆڵ بکات.
کاتێک ئاستی یەکتردواندنی دوو حزبی گەورە کە بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی وڵاتێکیان لەسەر شانە، بۆ ئاستی قسەکردنی (شاسوار عەبدولواحید و هاوشێوەکانی) دابەزێت، متمانەی هاووڵاتییان بە پرۆسەی سیاسی و ئیرادەی جدی بۆ چارەسەری قەیرانەکان، تا ئاستی ئەوپەڕی بێئومێدی کاڵ دەبێتەوە.
چارەسەری ئەم دۆخە سەخت و ئاڵۆزەی لە ئارادایە، پێویستی بە هەوڵ و هیممەتی کەسە پەرۆش و سەنگینەکانە، نەک دەم گەرمیی کەسانی بێباک و بەدگۆ.
ئەرکی مێژوویی و ئەخلاقیی هەموو لایەکە نەیەڵن زمانی سیاسەت و میدیا کە زمانی بەڕێوەبردنی وڵات و پێشڕەوایەتیی گەلە، بۆ ئەم ئاستە گاڵتەجاڕ و قێزەونە دابەزێت و کایەی گشتی ببێتە مەیدانی بازرگانانی قەیران و هەلپەرستانی بێپەروا.
حاڵی حازر کە هەردوو حزب لە هەر کاتێک زیاتر ناکۆکن، ئینجا لە هەر کاتێک زیاتر پێویستییان بەوەیە زمانی میدیا و یەکتردواندن هێور بکەنەوە تا زەمینە و دەرفەتەکانی دۆزینەوەی دەرچەی چارەسەر نەگەن بە بنبەست و کوێرەڕێ.
لۆژیکی سیاسەت دەڵێ: قەیران تا سەختتر بێت، پەنابردنە بەر زمانی عەقڵ و حیکمەت و کشانەوەی زمانی زبر و بەدگۆ پێویستترە؛ بۆیە لە ئێستادا کە قەیران سەخت و ئاسۆی چارەسەر نادیارە، دەبێت ئەو جۆرە دەنگانە ڕابگیرێن تا ئومێد و دەرەتانێک بۆ پێکهاتن و بەھایەک بۆ کایەی سیاسەت و میدیا بمێنێت.