لەدوایین پەیامی سیاسی خۆیدا ، نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قەلاچوالان ، هاوکێشەیەکی ڕوونی خستە بەردەم هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان : یان بەردەوام بن لە سووڕی ناکۆکی و بەفیڕۆدانی کات و هەوڵ و دەرفەتەکان، یان هەنگاوی جدی بنێن بۆ قۆناغێکی نوێ و وەلانانی ناکۆکی و دڕدۆنگیی حیزبی، سەرکەوتنی ئەم دیدەش بەندە بە ئیرادەی هێزە سیاسییەکان بۆ وەرگێڕانی وشە بۆ کردار و دروشم بۆ سیاسەتی کردەیی. ئەو بەرژەوەندییە نەتەوەییەی کە نێچیرڤان بارزانی باسی کرد، تەنیا بەرپرسیارێتی لایەنێک نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی کۆدەنگییە کە لەسەر شانی هەمووانە!! !
ئەزموونە سیاسییەکان لە سەرانسەری جیهاندا ئەوە دەردەخەن کە زۆرجار دابەشبوونە ناوخۆییەکان مەترسیدارترن لە ئاڵەنگاری دەرەکی. قەیرانە دەرەکییەکان دەکرێ بە تەبایی و یەکڕیزی ڕووبەڕوو ببنەوە، بەڵام دابەشبوونە ناوخۆییەکان سەرچاوەکان دەڕژێنن و دامەزراوەکان لاواز دەکەن و متمانەی گشتی بە سیستەمی سیاسی دەشێوێنن. بۆیە پاراستنی یەکگرتوویی ناوخۆیی تەنیا هەڵبژاردنێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێشمەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بەردەوامبوونی هەر تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتوو.
بە ئاوڕدانەوە لە ڕێڕەوی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، بۆمان دەردەکەوێت کە بەرچاوترین بەربەستەکانی پێشکەوتنی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی ئەوانە بوون کە بە هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان هێزە سیاسییە سەرەکییەکاندا دیاریکراون. بەپێچەوانەوە قۆناغەکانی گرژی و دووبەرەکی زۆرجار گەشەسەندنی خاو کردووەتەوە و پێگەی کوردیان لە پرسە گرینگەکاندا لاواز کردووە!
ئەو گرەوەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی دەیکات، گرەوکردنە لەسەر وردبینی سیاسی و لەسەر توانای هێزە کوردییەکان بۆ تێگەیشتن لە سروشتی گۆڕانکارییەکانی دەوروبەر. ناوچەکە بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوسەنگی سیاسی و ئەمنیدا تێدەپەڕێت و عێراق خۆی گۆڕانکاریی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت. ئەمەش وا دەکات هەرێمی کوردستان دیدێکی یەکگرتوو و هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەبێت کە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و پێگەی خۆی بەهێزتر بکات!
لەم چوارچێوەیەدا ئەو ئازایەتییەی سەرۆک باسی کرد، ئازایەتی ڕووبەڕووبوونەوە یان دڕدۆنگی نییە، بەڵکوو ئازایەتییە بۆ ئیمتیازدانی یەکتر لە کاتێکدا بەرژەوەندی گشتی داوای دەکات. ئەوە ئازایەتییە دان بەوەدا بنێین کە کەس ناتوانێت بە تەنیا ئەم قۆناغە بەڕێوە ببات و سەرکەوتنی هەر لایەنێکی سیاسی لە کۆتاییدا پەیوەستە بە سەرکەوتنی ئەزموونی کورد بە گشتی!!
کاتێک بەرژەوەندی نەتەوەیی لە سەرووی حیساباتی تەسکی حزبییەوە دادەنرێن، ناکۆکییەکان دەگۆڕدرێن بۆ چارەسەر، قەیرانەکان بۆ دەرفەت و داهاتوو سەقامگیرتر و ڕوونتر دەبێتەوە. بەڵام ئەگەر بەرژەوەندییە تایبەتیێەکان به ڕده وام بێت له پێش چاکەی گشتیدا، زیانی گەوورەی بۆ هیچ تاکه حزب و کوتلەیەکی سیاسی نابێت، بەڵکو لەو نێوەندەدا کوردستان باجی گەوورە دەدات!