دواین هەواڵ

شەڕى ئیرادەى کوردستان بەڕێگەى درۆن ،سیاسى ، میلیشیاوجاشمورتەزەقەوە شکستخواردووە

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بە گەڕانەوەى بۆ مێژوویی نزیکى هێرش و پەلاماردان و گەمارۆخستنە سەر گەلى کورد و قەوارەى هەرێمى کوردستان ، ئەم فشارانە ، پێشتریش و قۆناغ بە قۆناغ بە سپۆنسەرى  بەغدا و تاران دەستیپێکرد ، خوى جێبەجێ نەکردنى بنەماکانى هاوبەشى،سازان،هاوسەنگى ، ئینجا خۆ دزینەوە لەو ماددە و برگە دەستووریی و مافەرەوایانەى کوردستان ئاماژەیەکى روون و ئاشکرا بوون بەوەى دەسەڵاتدارانى عێراق باوەریان بە دیموکراسیی و فیدڕاڵى نەماوە و کار بۆ ئەوە دەکەن تا بەهەر تاکتیک و شێوازێک بێت پرسێک بەناوى کوردستان و ئەزموونى هەرێمى کوردستان نەمێنێت لەکاتێکدا ئەم قەوارەیە پێش ئەوانیش بوونى هەبوو و لە لایەن هیچ دەوڵەت و لایەنێکەوە وەک دیارى یانیش بۆ کورد دروست نەکرا بوو تا ئێستا کار بۆ نەهێشتن و لێوەرگڕتنەوەى بکرێت 
ئەوەى گرنگە بزانین ، هەر لە دواى ساڵانى 2007 تا 2011 و ئینجا لە 2014 دەسەڵاتدارانى عێراق بە پاڵپشتى ئێران کاریان بۆ دەستوەردان و دروستکردنى گوشار لە سەر قەوارەى هەرێمى کوردستان ، هەر رۆژەوە بە سیناریۆ و پاساوێک دەستپێکرد و ئەم هێرش و پەلامار و پیلانگێرییانە لە 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 گەیشتە قۆناغێکى مەترسیدار بۆ داگیرکارى و کۆتایی هێنان بە قەوارەى هەرێمى کوردستان ، مێژوویش گەواهیدەرە کە چۆن هێزى پێشمەرگەى کوردستان بە رابەرایەتى سەرۆک بارزانى، خەونى دوژمنان و بەکرێگیراوانیان لە گۆڕنا و وانەیەکى کوشندە ومێژوویی پێیاندا کە هەرگیز لە بیرى نەکەن 
بەڵام پێدەچێت ئەم داگیرکەران و میلیشیا تیرۆریست و جاش مورتەزەقانە مێشکیان بە رادەیەک وشک بێت وانە لە مێژوو وەرنەگڕن ، ڕق دوژمنە نامەردەکانیش بەرامبەر بە کوردوکوردستان و ئەزموونەکەى هەمیشەیی بێت ، لە دواى هێرشى ئەمەریکا بۆ سەر قاسم سولەیمان و ئەبوو مەهەدى موهەندیس لە بەغدا و کوژرانى چەندین سەرکردەى ئێرانى لە ڕووى سەربازى و ئەتۆمى لە ئێران و عێراق و لوبنان و ناوچەکە ، جارێکى تر  ئێران و گروپ و میلیشیا تیرۆریستەکانى بەربوونە گیانى وڵاتانى ناوچەکە ئەوەى بانگەشیان بۆ دەکرد کە سنوورى پێنج پایتەخت بە بێ پاسپۆرت و بەربەست دەبڕن ، بەڵام دواتر لێیان بووە خەون و گوریسەکەیان لێ بووە بەخۆرى ، دەمهەوێت بڵێم ، لەدواى ساڵى 2020 وە هێرشى مووشەکى و درۆنى و تیرۆریستى ئەم تاقم و میلیشیانە و گوشارى هەندێک لایەنى زمان کورد بەڵام بەکرێگیراو بۆ دروستکردنى گوشار لەسەر هەرێمى کوردستان بە چەندین سیناریۆى جیاوازەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامى هەیە ، ئەوەتا هەموو کارتێکى سەربازى و سیاسى و ئابوورى دژى ئەم گەل و ئەزموونە تاقى دەکەنەوە ، تەنها رێگریش لە پێکهێنانى حکوومەتى کوردستان و کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان دەکەن و لە بەغداش بە ویستى خۆیان و سیاسەتى زۆرینەى فاشیزمى شیعى عەرەبى ئەو بیانەوێت لە پێشێڵکردنى دەستوور و هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى و ڕەتکردنەوەى فیدڕاڵى و دژایەتیکردنى هەرێمى کوردستان و خەونى نەهێشتنى بە پاڵپشتى ئێران پەیرەو  و ئەنجامى دەدەن 
ئەوەتا جارێکى دیکە بە پاساوى شەڕى ئەمەریکاوئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران کە دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکى بە دۆزى کورد و مافەرەواکانییەوە نییە ، ئەو تاقم و میلیشیا لە یاسا دەرچوو و دڕندانە کە لە بەغداو تارانەوە هاوکارى وپاڵپشتى دەکرێن ، زۆر نامەردانە  کەوتوونەتە پەلاماردانى درۆنى و مووشەکى  بەناوى  بەرەى موقاوەمە و ناوى سەیروسەمەرى دیکە ، بەڵام قێزەوە بوونەتە هۆى شەهید و برینداربوونى پێشمەرگە و خەڵکى سڤیل و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵى هاووڵاتیانى کوردستان 
لەو لاشەوە لە عێراق لە جیاتى ئەوەى ڕووبەڕووى ئەو میلیشیاو گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووانە ببنەوە ، ئەوا  بەڕێگەى سیاسەتى زۆرینە و نادەستوورى دژایەتى کوردستان دەکەن و لەگەڵ بەکرێگیراوەکانیان لە پەلەقاژەى ئەوە دا جارێکى تر سەرۆککۆمارێکى بێ دەسەڵات بەڵام بۆ دەستکەوتى ماددى و سەرۆکوەزیرانێکى لاواز و سووک کە ناتوانێ سەروەرى بەغداش بپارێزێ نەخاسمە دژایەتیکردنى و بە سزاگەیاندنى میلیشیا تیرۆریستەکان بە خێرایی هەڵبژێرێنەوە و سووکایەتى بە سیستەمى فیدڕاڵى عێراق بکەن و خەونى نەهێشتنى قەوارەی کوردستان دەبینن 
لە راستیدا ئەم تاقم و گروپانە چ بەڕێگەى سەربازى و چ بەڕێگەى سیاسییەوە ، هەموو هێلە سوور و هەموو سنوورەکانى دوژمنکاریی گەلى کوردستانیان بەرزاندووە ، بە چەندبارەبوونەوەى هێرشکردنیان بۆ سەر بارەگاى بارزانى و ماڵى سەرۆکى هەرێم و دامودەزگاکانى دیکەى هەرێمى کوردستان و ئەوەش ئامانج تێیدا ، نە دژایەتى ئەمەریکاوئیسرائیل و نە هیچ پەیوەندى بە ئێرانەوە هەیە ، بەڵکو ڕق ئەستوورییەکى بێ وێنەیە بەرامبەر بەم گەل ونیشتیمانە و سەروەرییەکانى و چاو هەڵنەهاتنە بۆ پێکەوەژیانى گەلانى کوردستان  و عێراقە ، وێراى ئەوەى سەرکردایەتى سیاسى هەرێمى کوردستان هەمیشە رایانگەیاندووە و بەشێک نەبوونە و نابن لە شەڕەدا و هەوڵیى  زۆرشیان داوە تا جەنگ و بەریککەوتن ڕوونەدا، بەڵام لەکاتى ڕوودانشیدا هەمیشە بێلایەنى خۆیان پاراستووە 
بۆیە ، دواى ئەو شەڕە زیاتر لە 700 جار بە درۆن و مووشەک لەلایەن ئێران و گروپ و ملیشیا تیرۆریستیەکانیەوە لە عێراقەوە پەلامارى هەرێمى کوردستان دراوە ، بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان لە نێو ئەو شەرەدا تێوە بگلێنن ، تا کو بەو ڕێگەیەوە ئەو خەونەى کە 23 ساڵە هەوڵى نەمانى قەوارەى هەرێمى کوردستان دەدەن پێى بگەن 
بەدڵنییاییەوە ، ئەو دوژمنکارییانەى عێراق و جاش مورتەزەقەکانیان پیلانگێریی و نەخشە بۆ دارێژراوە و چەندین ساڵە بە چەندین شێوازى جیا دژى کوردوکوردستان پەیرەو دەکرێت ، ئەوەتا ئێستا  ئێران هەر پاساوێک دێنێتەوە تا گڵۆپى سەوز بۆ ئەو تاقم و گروپە میلیشیا تیرۆریستانە هەڵبکات بۆ ئەوەى دڕندانە پەلامارى بدەن و دەسەلاتدارانى بەغدا بێ ئەوەى بچووکترین هەنگاو بهاوێژن بەڵکو لە پشتەوە ، هاوکارى ماددى و سەربازییشیان بۆ فەراهەم دەکرێت ، وەک چۆن لەماوەى شەڕى 40 رۆژدا بە دەیان ملیارد دۆلار و دینار بەناوى هاوکارییەوە بۆ ئێران وپاڵپشتى کردنى ئەم جەنگە  دژى ئەمەریکاو ئیسرائیل رەوانەکرا
لەگەڵ ئەوەى ئەو بیرکردنەوەى ئێران و گروپ وتاقمە میلیشیاکانى لە دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس لە ساڵى 2003 دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵى 2017 بینیمان بە هێرشە کردنە سەر کەرکووک و ناوچەکە کوردستانییە داگیرکراوەکانى دیکە و ئینجا ، بۆ سەر هەرێمى کوردستان و گوشارى دارایی و ئابوورى دژى هەرێمى کوردستان و ئاشکرا بوونى مەرامەکانیان گەیشتە لووتکە ، لە قۆناغى ئێستاشدا بە پاساوى شەڕى ئەمەریکاوئیسرائیل لەگەڵ ئێران ، خەونى ئەوە دەبینن ، بازنەى شەڕەکەى بەرفراوان تر بکەن ، بۆیە ئێستا لەلایەن ڕێگرى لە پێکهێنانى حکوومەتى کوردستان وکاراکردنى پەرلەمانى کوردستان دەکەن ، لەلایەن لە بەغدا بە ئاشکرا پێشێڵى دەستوور و فیدڕاڵى دەکەن ، هەموو ئەم ئامادەکارییانە ئاماژەى خەونێکى نەزۆکن دژ بە قەوارەى هەرێمى کوردستان ، ئیتر چ بەڕێگەى جاش مورتەزەقەکانەوە بێت یانیش میلیشیا تیرۆریستەکان و چ ڕاستەوخۆ ئێران و چ لەلایەن عێراقەوە بێت 
گەلى کورد لەماوەى حکوومڕانى لە هەرێمى کوردستان لە 35 ساڵى رابردوو ، هەمووکات لە پێناو ئاشتى و ئاوەدانى و سوودبەخشین بۆ خۆى و دراوسێیەکانى هەوڵى داوە ، هەتا ئەگەر هەوڵەکانى سەرکردایەتى سیاسى کورد نەبووایە، ئەوانەى ئێستا لە بەغدا دەسەڵاتیان گڕتۆتە دەست ، پێشتر خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنى ڕژێمى پێشووتر و ستەملێکراو دەزانى هەرگیز نەیاندەتوانى بە ئاسانى بگەڕێنەوە بۆ عێراقى نوێ ، بەڵام ئێستا بەئاشکرا بوونەتە دوژمنى کوردو ئەم قەوارەیە کە بەرهەمى خوێنى شەهیدان و خەباتى دەیان ساڵەیە و چاویان بەسەرکەوتن و پێشکەوتنەکانى هەڵنایەت 
دەمهەوێت بڵێم ، گەلى کورد وێراى هەموو ئەو دوژمنکارییانەى لەماوەى چەند ساڵى رابردوو بە ئێستاشەوە دەرهەقى کراوە ، جگە لەوەى توانیوێتى کاروانى خزمەتگوزارى و گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانى بەرەو پێشەوە ببات و بەردەوام بێت ، لە هەمانکاتیشدا خەڵکى کوردستانیش خۆڕاگر و بەهێز بووە و باوەرى بە سەرخستنى دۆزى رەواکەى هەبووە ، مێژوویش سەلماندوێتى لە ئێستا و نە لەداهاتووشدا ، سیاسى کوشتن ولەناوبردن و  موشەک و ئاگر و ئاسن نەیتوانیووە ببێتە هۆى لاوازکردنى بیروباوەرى کوردانەى ، بەپێچەوانەوە بەهێزتر بوو، ئەم بەرخودان و بەهێزى کوردستانیان لە هەموو جیهان دەگى داوەتەوە و بەدڵنییایشەوە دەبێتە هۆى دەستکەوتى مەزن و سەرکەوتنى گەورە لە داهاتوویەکى نزیکدا

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP