لەبەر چاوی هەموومانەو دەیبینیین، کە چۆن خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە سەرەپێچێکی مێژوویی خۆیدا تێپەڕ دەبێت. عێراقیش لە ناو جەرگەی ڕووداو و گۆڕانکارییەکاندایە، لێکەوتە و ئاکامەکان و دووبارە شکڵ دانەوەش بەم ناوچە گرنگەی جیهان، بە هەر شێوەیەک بێت ، ڕاستەوخۆ ،کاریگەریی گەورەیان بۆ سەر کۆی پارچەکانی کوردستان، ناسیۆنالیزمی کوردی و دۆزی کورد دەبێت. گەورەیی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەجۆرێکن، کە زلهێزە ناوچەییەکانی هاوشێوەی تورکیا، سەرەڕای توانا سیاسی وسەربازی و ئابوری ییە زۆروزەبەندەکانیان، بە پارێز و تەنانەت نیگەرانی و ترسەوە، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن. هەر لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەریشەوە، سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیان بەجۆرێك ڕێکخستۆتەوە، گۆڕانکارییە چاوەڕوان کراوەکان، بە تایبەتیش هەوڵدانی ئیسرائیل بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی وجوگرافیای هێز لە ناوچەکەدا،
بە کەمترین زیان بۆ سەریان بشکێتە.
کەچی بەداخەوە، بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت وڕەتێنراوی وەکو کورد و ناسیۆنالیزم و هێزەکانی، مەسەلەکە بەو جۆرە نییە، جۆری پەیوەندییەکان، لاوازی کارکردن بۆ هێنانەکایەی چوارچێوەی هاوبەشی کارکردن و وەلانانی بەربەستەکان، بەجۆرێکن، وەك ئەوەی هیچ بوومەلەرزەیەکی جیۆسیاسی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نەدابێت! لە کاتێکدا دەبوو تەواو بە پێچەوانەوە بووایە، لەسۆنگەی لاوازی تواناکان، سنوورداریی پشتیوانییەکان، گەورەیی ئەرکەکان، ناسکی دۆخ، نا هاوسەنگی هێز، خێرایی وبەربڵاویی گۆڕانکارییەکان، بوونی مەترسی و دەرفەتی هاوکات،
بوونی دۆزێکی عادیلانە وئاڵۆزییە زۆرەکانی، کەسرووشتی دابەشکردن وداگیرکاریی کوردستان بۆی درووست کردووە، ئاستی خۆئامادەکردن وکۆکردنەوەی تواناکان و کەمکردنەوەی لاوازییە ستراتیژییەکان، لەپێش هەمووشییانەوە ناکۆکییە حیزبییە ناوخۆیییەکان، نەبوونی ستراتیژێکی نیشتیمانی سازان لەسەرکراو بۆ رووبەرووبوونەوەی سیناریۆ جۆراوجۆرەکان وبەرگریکردنێکی مێژوویی لەمافی میللەتەکەمان، چەند قات بوایە. کەچی مەخابن دەتوانین بڵێین جگە لەو خۆنمایشکردنە شکۆدارەی شەقامی کوردیی بۆ پشتیوانیکردن لەرۆژئاوای کوردستان، هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەقینەی خۆکۆ کردنەوەو هێزلەخۆنیشاندان، بەدیهێنانی یەکێتی نیشتیمانیی هەر پارچەیەک و یەکتر تەواوکردنی نەتەوەیی نێوان پارچەکان لەسەر ئاستی نەتەوەییدا بەدیناکرێت؟! واقیعی خۆ کۆکردنەوەی هێزەکانی ڕۆژ هەڵات لەم دوواییانە، لەژێرفشاری رووداوەکان لە چوارچێوەیەکی هاوبەشی کارکردندا، هێشتا لەوە ساواتر و لاوازترە، وەک پێوەری هەڵسەنگاندن وەری بگرین وبەکاری بێنین.
. ئەم واقیعە کوردییە نەخوازراوەش، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زەقتر و ئازاربەخشترە، بە حوکمی ئەوەی لەم قۆناغەدا تاڕاددەیەکی بەرچاو، ناوک و قووڵایی ستراتیژیی دۆزی کورد و ناسونالیزمی کوردی لە پارچەکاری تریشدا پێکدە هێنێت.
هەربۆیە، هەر پاشەکشە، خوێندنەوەیەکی کرچ و کاڵ و ڕووکەش وهەڵە، ئیدارەدانی ململانێکان بەعەقڵێکی حیزبیی ماندوو گرژوو شەتەکدراو بەرابردوویەکی بریندار، لێپسراوێتی لە ئەستۆنەگرتن و نا هوشیار بوون بە ئەرکەکانی قۆناغە مێژووییەکە، زیانەکانی تەنها بۆ باشوور کوردستان کورت نا بنەوە، بەڵکو سەردەکێشن بۆ کۆی دۆزی کورد و کوردستانی مێژوویی. کەچی سەرەڕایی ئەم ڕۆڵ وچاوەڕوانی و لەهەمانکاتدا لێپرسراوێتییە مێژووییە، هەردوو حیزبە بڕیار بە دەست و حوکمڕانەکەی هەرێم، بێ هیچ حساب کردنێکی جدی بۆ ئەم ڕاستییە،گۆڕانکارییە گەورەکان و ئەو مەترسی و دەرفەتانەی لێیان دەکەوێتەوە، هاوشێوەی ڕابردوو، لە بازنەیەکی داخراوی بێ ئاسۆی قانگدراو بە هەستی نەرێنی و سەیرکردنی دنیاو گۆرانکارییەکان لەروانگەی لەڕوانگەی ناکۆکی وململانێ حیزبییەکانی نێوانیانەوە،دەخولێنەوە!!
بە هەمان هەناسە، گوتار، پاسا وو تا کتیکی دە پانزە ساڵی ڕابردوو، مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەن! لە دۆخی بنبەستێکی ڕاستەقینەو نانیشتیمانیی وئاز اربەخشی پەیوەندییەکانیاندا دەژین.ئەوەی ئەمڕۆش لە بەغدا سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ڕوویدا، تازە ترین بەڵگە بوو، لەسەر ڕاستیی و تراژیدیی ئەم واقیعە بەرهەستەی باسمانکرد. کەبەڵگەیە لەسەر گیرخواردن لە تەنگەبەرە فیکری وسیاسی وئەخلاقییە حیزبییەکان و کەم توانایی بۆ بەرزبوونەوە بۆ ئاسۆو پانتاییە نیشتمانییە فراوانە کۆکەرەوە هیوابەخشە کوردستانییە خوازراوەکە! جیاوازی تێگەیشتن وهەڵوێست لەنێوان دووحیزبەکەدا، دەربارەی هەندی پرس و گۆڕانکاری و هاوپەیمانێتی، گەر بۆ مێژوو و ویژدانی تاکەکەسی و حیزبی گرنگییەکی هەبێت، بۆ واقیعی ئێستای باشوور بەهەمان شێوە نییەو رەنگدانەوەکانیان سنووردارن. چونکە ئاکامەکان یەک شتن، بەرئەنجامەکان سێبەر دەخەنە سەر، توانا نیشتمان یەکان، ئاستی خۆئامادەکردن، جووڵەکردن لەچوار چێوەی ستراتیژو ئامانجی نەتەوەیی هاوبەشدا ، بەوجۆرەی ناسیۆنالیزمی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت ومافخوراو دەیخوازێت وداوای دەکات وبەخوارئەوە قایل نییە. هەرئەوەش پێشمەرجێکی گرنگە بۆمامە کردنێکی هوشیارانە، لێپرسسراو و ئومێد بەخشانە لەگەڵ پێشهات و گۆڕانکارییەکاندا.
هەموو ئەوەش، کەیەکسانە بە پێگەی خۆ لاوازکردن و وێنای خۆشێواندن، بنبەست و چەقبەستوویی لە هەرێم، داڕووخانی زیاتری پەیوەندییە حیزبییە لەبنەرەتدا لەرزۆکەکان و نەبوونی ستراتیژێکی هاوبەش بۆتێپەڕاندنی سەرەپێچەمێژووییەکە، ئاماژەیەکی ترسناکە، بۆقەیرانێکی فکری و سیاسی و سەرکردایەتی کەلەم روەوە لەسەر ئاستی نوخبەی بڕیاربەدەستی حیزبیی لەئارادایە. هەرئەم قەیرانەشە لەپشت تێکچوونی دیاریکردنی ئامانجە لە پێشینەکان، سنووردارکردنی بژاردەکان، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەو گوتار و شێواز و میکانیزم و هەوڵ و هەناسانەی ڕابردوو، کە زیاد لە جارێک نەزۆکی و شکستیان خراوەتە ڕوو، خۆی حەشارداوە.
ئەگەر دۆخەکەش بەم جۆرە نەبوایە، باشوور بەدەست ئەم قەیرانەوە نەیناڵاندایە، دۆخی کورد و ناسیۆنالیزمەکەی بەگشتی و کوردستانی باشوور بەتایبەتی، لەبەردەم بارودۆخێکی چارەنووسسازی هاوشێوەی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەراست و عێراقدا، هی ئەوە نییە، هێزە سەرەکی وبریاربەدەستەکانی هەرێم، بۆ چەندین ساڵە بەم جۆرە، رکابەری لەسەرپۆستی سەرۆککۆماری عێراقێکی نیمچە شکستخواردوو بکەن. کە هەر دوێنێ بوو لەوێوە سەدان مووشە وفرۆکەی بێ فرۆکەوانمان ئاراستەکرا، بێ ئەوەی بوونی سەرۆککۆمارێکی کوردو تەنانەت کۆی بوونە وەزاری وپەڕلەمانییە کوردییەکە لەبەغدا، بچووکترین تکامان بۆبکات، یاخود چەندین ساڵە رێگربێت لەوەی مووچە نەکرێتە کارتێکی سیاسی وسزای مووچەخۆری ئێمەی پێنە درێت. لەجەوهەریشدا بوونی سەرۆککۆمار هێمای بەشدارییەکی راستەقینەی کورد نەماوە لەبەغدا، بەڵام بۆ چەندین ساڵە بۆتە رەمزی بوونی ناکۆکییە قووڵ وبێزارکەری نێو ماڵی کورد، کاڵبوونەوەی ناسنامەو ستراتیژی هاوبەش و دابەزینی بەشدارییەکە بۆئاستی دەستکەوتی تاکەکەسی وحیزبیی، کۆتایی ئادەبوونی کورد وەك گەل وخاوەن دۆزو ئامانجی هاوبەش و بەزمانی دەستووری عێراق پێکهاتە!
فهل انتم منتهون؟؟!