دواین هەواڵ

هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک هەڕەمەکی نین

‌ڕێبین فەتاح

5 کاتژمێر پێش ئێستا

هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک هەڕەمەکی نین، بەڵکوو هەڵگری ئامانج و ستراتیژیەتێکی قووڵن لەمەڕ ئێران و گرووپە میلیشیا عێراقییەکان.
ئێران زیاتر لە ئامانجێکی لە پشت هێرشەکانەوە هەیە، لە دروستکردنی بۆشایی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، تا دەگات بە لاوازکردنی حکوومەتی هەرێم و گۆڕینی هاوسەنگی ناوخۆ لە بەرژەوەندی ئێران لە دوورمەودادا. لەوڕووەوە، پارتی لەژێر گوشار و مەترسییەکی جددیتردایە.

هەرچی پێوەندی بە میلشیا عێراقییەکانەوە هەیە، کۆمەڵێک ئامانج و بەرژەوەندییان لە پشت هێرشەکانەوە هەیە، لەناویاندا "پێشبڕکێی ناوخۆیی" لە نێوان میلیشیاکان لەپێناو جێگیرکردنی ڕۆڵیان وەک بەرگریکاری ئێران، هەریەک لەوان دەیەوێ بە ئێرانی پیشان بدات، لەوانی دیکە دڵسۆزتر، گوێڕایەڵتر و بە ئەمەکتر و بە تواناترە لە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئێران.

لە ئاستێکی دیکەدا، گرووپە میلیشیاکان دەیانەوێ خۆیان وەک بەرگریکارێکی عێراقیش پیشان بدەن، لەکاتێکدا ناڕەزایەتی ناوخۆیی لە عێراق بەرانبەر بە ئەمریکا هەیە. لەوڕووەوە، میلیشیاکان لەڕێگەی نمایشی دژایەتی ئەمریکاوە، پاڵپشتی جەماوەری بەدەست دەهێنن و لەو ڕێگەیەیشەوە کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی عێراق زیاد دەبێت.

لەپاڵ هەموو ئەوانەشدا، میلیشیاکان هەوڵدەدەن ڕەوایەتی و دانپێدانانی فەرمی لەلایەن دەوڵەتەوە مسۆگەر بکەن. گوشارەکانیان دەوڵەت ناچار دەکات هەندێک ئیمتیازاتیان بخاتە بەردەست، لەپێناو هێورکردنەوەیان.

هەرچۆنێک بێت، گوشار و مەترسییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زۆر و گەورەن. ئەگەر حکوومەتی هەرێم بتوانێت بە زیانێکی کەمتر ئەو قۆناغە تێپەڕ بکات، ئەوە یەکێک لە وێستگە سەرکەوتووەکانی دەبێت لە درێژایی تەمەنی خۆیدا.

گەمژەییەکی گەورەیە، پێتوابێ، ئەو هێرشە قورس و بەرفرەوانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، هەڕەمەکییە یان ڕاستەوخۆ نییە و بەنموونە دەستێکی دەرەوەی ئێران و میلیشیاکانە و دەیەوێ ئەوان لە دۆخێکەوە بگلێنێت کە خۆیان نایانەوێ!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP