جگە لە ساڵی 2012 کە ئەمریکا نابەرپرسانە عێراقی جێهێشت لە 2019دا، کاتێک سەیری هەڵبەز و دابەزی کۆشکی سپیمان دەکرد، ڕیتمی لێدانی دڵمان لەگەڵ هەر تویتێکی پێشبینی نەکراوی واشنتۆن بەرزو نزم دەبوو. ئەو کات چەندین جار باسمان لەوە کرد کە چۆن هاوکێشە ستراتیژییەکان لە بەرمەترسی بڕیارە کتوپڕیەکانی کۆشکی سپین. تەنها کات پێویست بوو تا ئەو "ڕاڕاییە سیاسییە" ببێتە وێنەیەکی تراژیدی لە مێژوودا؛ وێنەی ئەو هاوڵاتییە کوردانەی لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ساڵی 2019دا، بە بەرد پاشەکشەی نابەرپرسانەی تانکی ئەمریکییەکانیان بەڕێ دەکرد. ئەو بەردانە هەڵچونێکی عاتیفی نەبوون دوای قوربانییەکانی جەنگی داعش، بەڵکو وەک تۆماس فریدمان دەڵێت: "جیهان تەخت بووە"، لێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جیهان تەنها تەخت نییە، بەڵکو "شوشەییە"؛ هەموو سەیری یەکتر دەکەن و هەموانیش لە چاوەڕوانی شکانی شوشەکەدان.
ئەم وێنەیە، لە ساڵی 2021دا لە فڕۆکەخانەی کابول بەتەواوی ڕوون بۆوە. فڕۆکە گەورەکانی (C-17) کە لەگەڵ بای فڕیندا ئومێدی گەلی ئەفغانتستانیان بەبادا، لەگەڵ سەربازەکانیاندا بەڵێنەکانیشیان بردەوە کۆشکی سپی، ئەو بەڵێنانەی وا لەنوێوە دەیان هێننەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەرگیز قسەی پڕۆفیسۆر جێڕاڕد چالیان لە بیرناکەم، ئەو کاتەی وتی: "کورد لە ئەمریکا دۆستتری نییە، بەڵام لە ئەمریکاش مەترسیدارتری نییە." ئەمە ئەو تان و پۆیە دڕکاوییەیە کە کوردی تێدا گیربووە؛ هاکێشەی چەتری ئەمریکییە کە کەی بیەوێت دەیپێچێتەوە، تەرزەیەکی بێ بەزەیی کەسەری بەڵێن پێدراوان دەشکێنێت. ئەمریکا بەم "ڕۆحی میوانێتییە"، بڕوای کوشتووە بڕوا بە فاکتەری دەرەکی، ئەو وەک میوانێکی دەوڵەمەندی ناو هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیە کە هەمیشە جانتاکانی لەبەر دەرگان و چاوی لە کاتژمێری پاشەکشەیە.
ئەم تراجیدیایەی "میوانە پڕ چەکەکە"، گەورەترین خیانەتی لە "ئیرادەی گۆڕانکاری" کردووە. کاتێک واشنتۆن یان تەلئەبیب داوا لە خەڵکی ئێران دەکەن ڕاپەڕن، ئەو مرۆڤە ئێرانییەی کە مێژووی پاشەکشەی کابول و خیانەتی 2017 و 2019 ی ئەمریکای لە کورد دیتووە، دەزانێت کە ئەم داوایانە بەشێکن لە تەدابیری جەنگ. تویتەکانی ترەمپ نەک ئێرانی لە کوشتن ڕانەگرت هەزاران ئێرانی لەسەرجاددەکان بەکوشتدا. خەڵک لە پشت پەنجەرە شوشەییەکانەوە دەبینن کە میوانەکە ناتوانێت گەرەنتییەکی مێژوویی بدات، بۆیە ئامادە نین ببنە قوربانیی خەونێک کە خاوەنەکەی سبەینێ جانتاکانی دەپێچێتەوە، بۆ ئەوەی بڕواکان بە دەست بێننەوە دەبێ هەنگاوێک بنێن گەورەتر لە خیانەتەکانیان بێت