ئەم ھۆشدارییەی ئەمڕۆ کە مەرجەع (سەرۆک بارزانی) بە سەرکردە سیاسییەکانی عێراقی دا، پەیامێکی زۆر روون و ستراتیژی بوو، لە کێشانی ھێڵێکی سوور بۆ بەغدا کە ئەگەر دەست بۆ تێکدانی سەقامگیری ھەرێمی کوردستان ببرێت، ئەوا ئاکامەکەی ھەرەسھێنانی عێراقە...
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆی وڵاتانی ئیقلیمی و جیھانی کە پەیوەندارن بەم جەنگەی لە رۆژھەڵاتی ناوین ھەیە (ئەمریکاو ئیسرائیل لە دژی ئێران)، ھەوڵی داوە ئاشتی لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێدا بەرپابکرێتەوە، ھاوکات ئەم ھۆشدارییەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی بۆ پڕکردنی بازنەی ئاشتییە لە ناوچەکەدا، ھەرێم سەبری ھەیە ئاشتیخوازە، بەڵام کاتێ میلیشیاکان نەوەستن، توانای ھەرێم شۆکھێنەر دەبێ بۆیان، چونکە زۆرجار بۆ سەپاندنی ئاشتی ھێزیش پێویستە، میلیشیاکان رەنگە لەوە تێنەگەن کە باجەکە قورسە کاتێ بەبیانوی لێدان لە بنکەی ھاوپەیمانان دەیانەوێ ئامانجی تر بپێکن لێدان لە بارەگای پێشمەرگەو شوێنی مەدەنی، ئەمە بە ناراستەوخۆ جەنگی عێراقە بەرامبەر بە ھەرێم، شەڕفرۆشتنە بەم ئەزموونەی لە ھەرێم ھەیە..
بەزاندنی سنووری پێکەوەژیان و پێشێلی دەستووری عێراق و بنەماکانی شەراکەتە..
ئەم بەزاندنە زۆر بە ڕوونی لە پەیامی سەرۆک بارزانی دیارە، کە ئیتر نابێ پەردەپۆشبکرێ کە بەبەرچاوی سەرکردایەتی سیاسی عێراق لە بەغدا گروپانێک ھەبن لەوێوە ھەرێم بە ئامانج بگرن.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەتی چالاک و فرە ڕەهەند توانیویەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی تەمومژێکی ئیقلیمیدا بپارێزێت، وەک ئەندازیاری هاوسەنگیی، ڕێگری کرد لەوەی هەرێم ببێتە گۆڕەپانی جەنگێکی بە وەکالەت بەڵام ئەم سەبرە دیپلۆماسییە، نابێ بەغدا وەک کۆتایی بژاردەکان لێکبداتەوە و ئەم ھۆشداریەی سەرۆک بارزانیش روونە کە ئیتر ئەگەر میلیشیاکان نەوەستن، ئەوا بەجۆرێک دەوەستێنرێن کە شۆکھێنەرە.
ئەوەی میلیشیاکان و هەندێک لایەنی سیاسی لە بەغدا نایزانن، ئەوەیە کە ھەرێم لەم قۆناغەدا توانای سیاسی و مەیدانی زۆر لەوە گەورەترە کە لە خەیاڵی ئەواندا هەیە. ئەگەر سەرکردایەتیی شیعە شکستی هێنا لە کۆنتڕۆڵکردنی هێزە لە یاسادەرچووەکان ئەوا دەبێت ئامادەی وەڵامێکی شۆکهێنەر بن.
لەکۆتاییدا:
پەیامەکەی سەرۆک بارزانی وەک ستراتیژیەتی بەرگریی ڕەوا بوو. هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەکاندا نابێتە تەماشاکەر، ئەگەر عێراق دەیەوێت وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵی بمێنێتەوە، پێویستە تێبگات کە دەستدرێژی بۆسەر هەولێر، دەستپێکی کۆتایی ئەو هاوسەنگییە سیاسییەیە کە بەغدای لەسەر وەستاوە.