لە گوتاری ترەمپدا، یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان سەبارەت بە ئێران کە دەنگدانەوە و لێکدانەوەی زۆری بۆی دەکرێت ، ئەو ڕستەیەیە کە ترەمپ دەڵێت: «ئێرانییەکان هێشتا ئەو وشە نهێنییەیان نەگوتووە کە بە هیچ شێوەیەک هەوڵ نادەن چەکی ئەتوومی دروست بکەن (we will never have a nuclear weapon)
هەندێک پێیان وایە ترەمپ بە ئەنقەست ئەم ڕستەیەی لە گوتارەکەیدا بەکار نەهێناوە، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە ئێران ئەم ڕستەیە لەو پڕۆپۆزەکەدا جێگیر بکات کە سبەینێ دەداتە شاندی دانوستانکاری ئەمریکا. ئەمەیش دەبێتە دەریچەیەک بۆ ئەوەی ترەمپ پاشەکشە بکات لە وەشاندنی گورزی سەربازی و بێڵێت سەرکەوتین بە سەر ئێراندا و بۆ یەکەمجار توانیم لە ڕێککەوتنێکدا ئێران ناچار بکەم ئەو ڕستەیە بەکار بهێنێت.
چەندین لیکۆڵەری ئەمریکی، ئیسرائیلی و پسپۆڕانی ستراتیژی باسیان لەم خاڵە کردووە و پێیانوایە ترەمپ بە جێگیرکردنی ئەم رستەیە رازی دەبێت و کوتایی بەهەرەشەکانی دەهێنێت.
بەڵام بە بۆچوونی خۆم، ئەمە شێکردنەوەیە ورد و تەواو نییە. چونکە جگە لەم ڕستەیە، ترەمپ باسی زۆر خاڵی تریش کردووە، بەتایبەت کێشەی مووشەکی بالیستی و هەرەشەکانی ئێران لەسەر ئاستی ناوچەکە. هەروەها ترەمپ باسی ئەوە دەکات کە ئاستی پێتاندنی یۆرانیم دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئاستی سفر، و ئەمەش لەلایەن ئێرانەوە بە شێوەیەکی تووند ڕەت دەکرێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە، پێناچێت ئیسرائیل ڕازی ببێت ڕێککەوتنێک بکرێت کە تێیدا پرسی مووشەکی بالیستی نەبێت. بۆیە، بە گشتی سبەینێ ئێران هەموو هەوڵێک دەدات ترەمپ ڕازی بکات، و دوور نییە ئەو ڕستەیەی ترەمپ باسی کردووە لە پروپوزەلەکەدا جێگیر بکات.بەڵام سەختە ئەمە ببێتە هۆی دوورخستنەوەی ئەگەری بەکارهێنانی گورزی سەربازی، و پێموایە ترەمپ پاشەکشە ناکات لە هەڵوێستی خۆی.