دواین هەواڵ

هەندێک سەرنج دەربارەی دانیشتنەکەی کۆنگریس

‌د.سەردار عەزیز

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بە گشتی دانیشتنێکی زۆر باش بوو. جگە لە جەیمس جێفری کە لەوێدا ناچاربوو بە زمانێکی هاوسەنگ و دیپلۆماسی قسە بکات، بەڵام زۆر دژ بە کورد، ئەوانیتر هەموو واقیعی و عەقلانی بوون.

ئەوەی لە دانیشتنەکەدا گرنگ بوو

یەکەم، دۆخەکە مایەی ڕەزامەندی نیە و جێگای نیگەرانییە. زیاتر لە دە هەزار کەس کوژراون.

دووەم، بەشداربوان دوو دڵ بوون لەوەی کە شەرع ڕێگە بەم کوشتارانە دەدات یان توانای ڕێگریی نیە. هەرکامیان بێت خراپە. [دیارە ئەوەی ڕونە کە تێکەڵێکە لە هەردوو، دیدی خۆم].
سێیەم، چەندین جار پرسی ئەوە وروژێنرا کە دەبێت ئەمریکا باڵوێزخانەی هەبێت لە دیمەشق بۆ ئەوەی سەرپەرشتی پرسەکان بکات. ئەمە مانای وەهایە کە لە کارەکانی تۆم باراک ڕازی نین، دیارە ئەوە زمانێکی دیپلۆماسییە، بۆ دوورخستنەوەی باراک لە سوریا. ئەمە بۆ هەوڵەکانی لە عێراقیش باشە، هەتا سەرکەوتوو نەبێت.

چوارهەم، وەک ناونیشانی دانیشتنەکە جەختی لە سەر دەکردەوە، سوریا لە دوو ڕیاندایە، بەڵام زۆرینە ڕەشبین بوون لەوەی کە بەمزوانە دۆخەکە باش بێت.

پێنج، پرسی ڕۆڵی تورکیا بە زەقی وروژێنرا، کە لە هەموو کایەکانی حکومەتدا هەیە و لە سەرۆکی وڵات دەسەڵاتی زیاترە. هەڵسوکەوتی هێزەکانی تورکیا و هێزەکانی سەر بە تورکیا وەک لاقەکەر و بکوژ و تاڵانی ناسێنرا.

شەشەم، پرسێکی تایبەت وروژێنرا کە بۆ من وەک چاودێرێکی چین جێگای سەرنج بوو. ئەمریکا هاوکاری چینی کرد هەتا بێتە ناو بازاڕی جیهانی و ناوەندە جیهانیەکانی وەک دەبلیو تی ئۆ، چونکە بڕوایان وەهابوو ئەگەر چین دەوڵەمەندبێت ئەوا چینی ناوەند دروست دەبێت و خوازیاری دیموکراسی و ژیاری ڕۆژئاوایی دەکەن. بەڵام هەڵەبوون. بە هەمان پێوەر ئەم ئیدارەیە وەها دەزانن ئەگەر یارمەتی شەرع بدەن بۆ ئەوەی سوریا بێتە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەکانەوە، ئەوا سوریا دەبێتە دۆستی ڕۆژئاوا. بەڵام چۆن چین نەبوو، سوریاش نابێّت. وەک ئەندامێکی کۆنگریس ووتی، ئەگەر جارێک تیرۆریست بوبێت، هەمیشە تیرۆریستی. دیارە ئەم دەربڕینە زیاتر بۆ خیانەتی هاوسەرگیریی بەکاردێت کە دەڵێن ئەگەر جارێک خیانەتتکرد ئەوا هەمیشە بە خیانەتکار دەمێنیتەوە.

دیارە ڕوونە کە دانیشتنەکە بە ڤیدیو کورتەکە دەستی پێکرد کە قەسابییەکی زۆر دڕاندانە بوو.
بە دیدی من سوریا دەبێتە لانکەی تیرۆر لە ناوچەکە. بە چڕی کاری بۆ دەکرێت. لە ترسی ئێران زۆر بە چڕی کارەکانی ئیبن تەیمییە بڵاودەکرێتەوە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP