دواین هەواڵ

چۆن لە قسەکانی هاکان فیدان تێبگەین؟

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

کاتێک هاکان فیدان، لەپێگەی وەزیری دەرەوەی تورکیاوە داوادەکات عیراق سوود لە ئەزموونی سوریە وەرگرێت و وەک دەستەواژە دەڵێت “بڕیاربدەن، دەستپێبکەن” باسەکە لەوە نییە هەرێمی کوردستان هەڵوەشێتەوە، لەوەش نییە شەڕێک لەناو هەرێمی کوردستان هەڵگیرسێنێت، بەڵکو پیلانێکە کە ساڵانێکی زۆرە ئەنکەرە نەخشەڕێگاکەی داناوە.

کەواتە پیلانەکە چییە؟
تورکیا پەیوەست بە عیراقەوە، لەمێژساڵە پرۆژەی رێگەی گەشەی هەیە. ئەم پرۆژەیە کە تورکیا بە کەندا دەبەستێتەوە لەڕێگەی سوریە و عیراقەوە، پێویستی بە سێگۆشەی سنووری عیراق، تورکیە، سوریە هەیە و ناوچەکەش ئیستا لەدیوێکەوە لەلایەن هەرێمی کوردستان و لەدیوێکی دیکە لەلایەن هەسەدەوە کۆنترۆڵکراوە.
وەنەبێت ئەمە یەکەم هەوڵبێت. ساڵی ٢٠١٧، دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر سوپای عیراق لە رێگەکانی سحێلا و مەحموودیە هەوڵێکی وەهای دا، بەڵام ئەوکات لەدەرەنجامی بەرگری پێشمەرگە و بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بەتەواوی شەڕی ڕاگرت پلانەکە سەرکەوتوو نەبوو.

کەواتە ئیستا تورکیا چی دەوێت؟
ئەوەی ئیستا تورکیا دەیەوێت، ئەوەیە دەروازەی سێمالکا بکەوێتە دەستی حکوومەتی سوریە، لە عیراقیش خواستی ئەوەیە حەلەب و موسڵ بەیەکەوە ببەستێتەوە، ئەمەش لەڕێگەی تەلەعفەر بۆ شنگال بۆ حەسەکە و بۆ مەنبەج. لێرەدا لەڕووی عیراقەوە دوو بەربەست هەن؛
یەکەمیان، ئەوەی کە دەروازەکە لەدەستی هەرێمی کوردستانە.

دووهەم، بوونی پەکەکەیە لە شنگال.
پەکەکە شنگال وەک قوڵایی ستراتیژی بۆ رۆژاڤا و دابینکەری ئەمنییەت بۆ هەسەدە دەبینێت، پێناچێت بەرنامەیەک بۆ کشانەوە لەوێ هەبێت، بەڵام بۆ عیراق و ئێران مانەوەی پەکەکە لە شنگال جگە لەوەی لەدیوێکەوە مەترسییە و دەبێتە هۆی درووستبوونی بیانوو بۆ تورکیە، بەڵام لەدیوێکی دیکەوە پێویستییە و بەوهۆیەوە ڕێگری لە تەوژمی سوننی-ئومەوی دەکات لە سوریەوە بێتە عیراق.
عیراق، باش دەزانێت کە موسڵ باوەشی کۆمەڵایەتی دێرینی عرووبەیە و سوننەی عیراق بەبێ موسڵ ناتوانن هیچ بکەن.

گەڕانەوە بۆ چی؟
لەبنەڕەتدا ئەوەی ئیستا عیراق لێیدەترسێت، رۆژانێک زۆری بەدڵ بوو. لێرەدا مەبەستم ئەو کاتەیە کە سوریە عەلەوی بوو و ئێرانیش حزوری بەهێزی هەبوو لەو وڵاتە. بەنزیکەیی لە هەموو گفتوگۆکانی دە ساڵی رابردووی عیراق و تورکیە ئەم پرسە یەکێک بووە لە فایلە بەردەوامەکان بۆ گفتوگۆ. بۆیە کاتێک هاکان فیدان بە ئاشکرا بە بەغدا دەڵێت چاوەڕێین، ئاماژەیە بۆ گەڕانەوە بۆ لێکتێگەیشتن ئەگەر ڕێککەوتنێکی پێشوونەبێت.

لەنێوان واشنتۆن و تەلەڤیڤ
بەشێوەیەکی مەبدەئی، بۆ واشنتن هەموو جۆرە ململانێیەکی چەکداری تاوەکو یەکلابوونەوەی فایلی ئێران نەویستراوە. ئەم خواستە، ئەگەرچی تاوەکو ئیستا جێیگرتووە، بەڵام ڕووبەڕووە لەگەڵ لۆبی بەهێزی ئیسرائیل.
ئیسرائیل هیچ کات خواستی خۆی بۆ شێواندنی دۆخی ئێران نەشاردووەتەوە. پێشتر گرەوەکانی بۆ ئێران بە شەڕی ١٢ رۆژە و خۆپێشاندانەکان شکستی هێنا بەڵام ئیستا دەکرێت لە ڕێگەی جوڵاندنی تەوژمی سوننیەوە ئەو هەوڵە بدات. ئەم ئەگەرە لە هەموان زیاتر لە زیانی کوردە، بەتایبەت لەناوچە جێناکۆکەکان.

کورتەیەک لەبارەی ڕێگەی گەشە
ڕێگەی گەشە، کە زۆر جار وەک خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی ناودەبرێت، دەکەوێتە نزیک خاڵی سنووریی خابور لە سێگۆشەی سنووریی تورکیا، عێراق و سووریا، ناوچەیەکی جیۆپۆلەتیکی ستراتیژییە. لە بەرامبەر ئەم ناوچەیەدا، “فیشخابور” لە سنووری هەرێمی کوردستاندایە. تورکیا ماوەیەکی زۆرە هەوڵی کردنەوەی خاڵێکی سنووریی نوێ لە ئۆڤا کۆییەوە لەگەڵ عێراق دەدات و لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەم مەبەستە.

جێبەجێکردنی پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی جگە لە ئامنجە سیاسییەکەی، دەرفەتی ئابووری و بازرگانی ڕاستەوخۆ لەنێوان تورکیا و عێراق دەڕەخسێنێت. ئەم ڕێگا بازرگانییە بە ناوچەکانی ئۆڤا کۆی، فیشخابور، تەلەعفەر، موسڵ و بەغدادا تێدەپەڕێت و تا بەسڕە درێژ دەبێتەوە. ئەمەش بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە خاڵی سنووریی خابور، کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە، دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە و دەرفەتێک بەبێ هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەی بازرگانی نێوانیان دەڕەخسێنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP