دواین هەواڵ

دەرد و دەوا لە جوملەیەکدا!

‌شیروان تاڵیب

3 کاتژمێر پێش ئێستا

پارتی نیو قەڕن و زیاتر لەمەوبەر کە بە بڕنەوێکەوە بە شاخەوە بوو، تەنیا بۆئەوەی لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵک و قەزیەکەدا (تەنیا) نەبێ، (شەریک)ێکیان لەبنی عەرزدا بۆ پەیدا کرد!
ئێستا نا، بەڵکوو سی ساڵ و شتێکیشە کە لە شارین، تەنیا بۆ ئەوەی پارتی لە حوکمڕانیدا هەموو شت نەبێ (کە بە دەنگ و بە ڕەنگیش ئەتوانێ لێرە و لەوێ و لەولاتریش هەموو شتێک بێ)، تووشی نەوعە شەراکەتیان کردووە، شەریکەکەی ڕاستە لە خەبات و لە تێکۆشانی شاخدا درەنگ نەهاتووە و کەمیشی نەکردووە، بەڵام لە حوکمڕانی و دەوڵەتدارییدا، جارێک نا، بەڵکوو چەند جارێک جگە لە خەڵکی تر، خۆیشی سەلماندووییەتی کە ئەهلی ئەو شتانە نیە و لەوە ئەچێ تووشیان کردبێ! 
بۆ تێگەیشتن لە وەزعی پارتی و شەریکەکانی، قەتماغەی برین بە باسکردنی تەفاسیل هەڵنادەمەوە، تەنیا لاپەڕەی مێژوویەکی نزیک کە زۆرینەمان زۆر باش لەبیرمانە، زۆر بە خێرایی هەڵئەدەمەوە…
دوای ٣١ئابی ١٩٩٦ بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ، قەڵەمڕەوی پارتی سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی گرتەوە و سەرتاسەری خەڵکی هەرێمەکە (بە خەڵکی سلێمانیشەوە)، بە یەک حیزبی و بە یەک حوکمڕانی و بە هەموو یەکەکانی تر خۆشحاڵبوون و لەمەدا بایی ئەوەندە بەڵگەم هەیە کە کەس نەتوانێ مەوقیف بفرۆشێتەوە! 
بەڵام ئەی دواتر چی؟
دواتر، هەر (هەموو) ئەوانەی کە هەریەکەیان (بە نییەتێک) لە ئاودیوکردنی شەریکەکەی پارتیدا بەشدارییان کرد، لە هێنانەوەشیدا بەشداربوون و هێنایانەوە و بگرە قەویتریشیان کرد! 
تەبعەن هیچ شتێک هیچ شتێکی لەو وەزعە نەگۆڕیوە کە پارتی لەوەتای هەیە تیایدایەتی، بەڵکوو هەمیشە پەرتکردنی تەرکیزی لەسەر ئامانجەکەی، لەتکردنی ڕیزی جەماوەریی کورد و  تەوزیعکردنی هێزەکەی، دۆزینەوەی شەریکێک بۆ حوکمڕانییەکەی و بگرە نوێنەرایەتییەکەیشی لە قەزیەی نەتەوەکەی، پلان و پیلانێک بووە کە بەر لە شەرق، غەرب دەستی تیایدا بووە و تیایدایەتی! 
جارێکیان نێچیرڤان بارزانی وتی: کوردستان جێی هەموومانی تیادا ئەبێتەوە! 
ئەمە نە (چاوپۆشی) ە و نە (موجامەلە)، بەڵکوو بۆچوونێکە لە تێگەیشتن لەوەی کە ڕووی داوە و لە وردبوونەوە لەوەی کە ڕوو ئەدا هاتووە و دەوای دەردێکە کە (جارێ) دەرمانی نیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP