دواین هەواڵ

ئەگەر بەشوێن پارتی و یەکێتیدا دەگەڕێی لێرە دەیاندۆزیتەوە؟!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەدوای پارتیدا دەگەڕێی؟ ئەبێ تەعقیبی ماکرۆن و میری دوبەی یان لە خراپترین وەزعدا سیسی و ئەردۆغان بکەیت!
خۆ ئەگەر، بەدوای یەکێتیدا دەگەڕێی؟ بچۆ بۆ مەیدانی ڕەمی یان گەر زۆر عاسێ بووی لەلای رەیان کلدانی دەیدۆزیتەوە!
کێشەکە ئەوەیە یەکێتی بەتەمایە بەم وەزعە هەمان بڕە بەشی پارتی پێببڕدرێت.
لەمێژە پێموایە خوێندنەوەی پارتی و یەکێتی بەو قسە سواوانەی کە پێیانوایە ئەم دوو حزبە خێڵەکی و نەزان و مافیا و فڵانن هەڵەیە.
ئەم قسانە، خۆی بەرهەمی مێشکێکە کە لەباشترین حاڵەتدا دەتوانێت گردێکی وەک ئەوەی زەرگەتەت بۆ بەرهەم بهێنێت و لەکۆتاییشدا هەوڵبدات قەناعەت بە جەماوەر بهێنێت کە خاوەنەکەی دەوڵەمەند نییە، بەڵکو باوکی هەژارانە.
لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر قسەی ڕاست بکەین، تەنها پارتی و یەکێتی سیاسەت دەکەن. جا چاک یان خراپ، ئەوە باسێکی ترە. باقی حزبەکانی تر یان لاسایی ئەمانە دەکەنەوە، یان خەریکی شتێکن کە سیاسەت نییە.
کێشەکە ئەوە نییە کێ لەگەڵ کێ دادەنیشێت، چونکە لە سیاسەتدا دەبێت لەگەڵ هەموو کەس قسە بکەیت. باسەکە لەسەر “عەقڵ” و “دنیابینی”ـە. پارتی و یەکێتی ئێستا نوێنەری دوو بیرکردنەوەی تەواو جیاوازن بۆیە دەبێت لەڕێگای دۆستەکانیانەوە بیانناسینەوە!
پارتی عەقڵیان لای ئەوەیە وەک دەوڵەت مامەڵە بکەن. بۆیە هەمیشە خەریکی پرۆتۆکۆل و فەرشی سوور و دانیشتنن لەگەڵ سەرۆکەکانی دونیا. دنیای ئەوان بەجۆرێکە، کە پێیان وایە بەم شتانە گەورە دەبن و دونیا حسابیان بۆ دەکات. دەیانەوێت بڵێن، “ئێمە خاوەنی هێزین و دەبێت وەک دەوڵەتێک مامەڵە بکەین.”
بۆیە ئەگەر کەسێک بیەوێت ڕکابەرییان بکات، دەبێت لەوان باشتر ئەم یارییە بکات.
دنیای یەکێتی ١٨٠ پلە پێچەوانەیە. پێیان وایە سیاسەتی کوردی دەبێت هەمیشە “لەبەرانبەر دەوڵەت” بێت، یان لانیکەم لە دەرەوەی بازنەی فەرمی بێت. بۆیە حەز دەکەن لەگەڵ ئەو کەسانە دابنیشن کە لە سیستەمە فەرمییەکە یاخین، وەک حەشدی شەعبی و ئەو جۆرە گروپانە.
هەربۆیە گرنگترین کۆبوونەوەی ئەمساڵانەی دوایی یەکێتی لەگەڵ پزیشکیان بووە و لەوە یەک گێڕ سەرناکەوێت.
یەکێتی لەوەتەی هەیە حەزیکردووە لە دەرەوەی سیستم و نەزم بجوڵێتەوە. ئەوان شەرعییەت لەسەر هەڵچوون و بێنەزمی وەردەگرن، نەک لە کۆشکی سەرۆکایەتییەکان. عەقڵییەتیان ئەوەیە کە دەوڵەت و دامەزراوەکان خۆیان کێشەن، بۆیە چارەسەر لە دەرەوەی ئەوانە. ئەمە وەک ئەوە وایە بڵێیت، “ئێمە نوێنەری خەڵکی موستەزعەفینین، نەک دەسەڵات.”
بە کورتی: یەکێتی پێی وایە یارییەکە خۆی هەڵەیە و حەز دەکات لە دەرەوەی یاریگاکە یاریی خۆی بکات.
ئەم باسە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا هەیە. حزب هەیە لەسەر شەقام نایبینی، بەڵکو لە داڤۆس و مونشن دەبیندرێت و حوکمیشدەکات! حزبیش هەیەساڵ دوازدە مانگ لەسەر جادەیە بەڵام نازانێت حوکمبکات. هەردوو شێوازەکەش لایەنگری خۆی هەیە، بەڵام هیشە ئەوەی لەچوارچێوەی ئەقڵی دەوڵەت دەسوڕێتەوە، هەم حوکمدەکات و هەم بەشی زیاترە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP