یاسایەک هەیە لێرەدا، تا هێزە کۆنسێرڤاتیڤ و عەقائیدیەکان چەکداربن، ئەمریکا باشتر بیزنسی خۆی دەکات و سەنەداتی بانکی خۆی بەهێزترئەکا لەڕێگەی ئەم وڵاتانەوە، ئەم چیرۆکە بۆ چەکدانانی گروپ و هێزە میلیشیاکان و پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان، مانۆڕو مامەڵەیە بۆ ڕاکێشانی پارەی زیاترو گەورەکردنی قەبارەی قەواڵە بانکیەکان.
بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا، سەرەکیترین ناوەندو بڕیاردەری داراییە بۆ چەکدارکردنی میلیشیاکانی شیعەو سوننەو کورد، بەشێکی سەرەکی وەزیفەی ئەو بانکە ئەوەیە دەبێ پارە کۆبکاتەوە لەدۆخی ناجێگیری وەک عێراق و کوردستان و کۆنترۆڵی ئەم وڵاتانەو سەرچاوەکانی وزە بکات بەکۆکردنەوەی سەرمایەو پارە یەدەگەکانیان، بۆیە نەدیموکراسی و مافی مرۆڤ وجودی هەیەو نەدەوڵەتی دامەزراوەیی مەدەنی.
ئەو بانکە فیدراڵیە بەهاریکاری خێزانە سیاسییە گەورەو خاوەن بڕیارەکان و بانکی ناوەندی عێراق، هەم دابینکەری پارەی کاشە بەتریلیۆن دۆلار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ناوخۆیی، هەم بۆ کڕینی قەواڵە داراییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، هەرخۆیان چەک و باروت و فرۆکەو دەیان دامەزراوەی سەربازیت بۆ ئەکڕن لەو پارەیە، ئەسڵەن فێرت ئەکەن چۆن تەقە بکەی نەک چۆن چەک فڕە بدەیت، بۆمەگەر کردنەوەی خولە سەربازیەکان و هێنانی ئەو هەموو چەکە مۆدێرن و کەتیبەو گروپە ئەکادیمیە سەربازیانە چییە دێنە عێراق، زانکۆو ناوەندە ئەکادیمی و مەعریفیەکان بەناوی ئەمریکاوە هیچ حەقیقەت و ڕەسەنایەتیەکیان نیە، بەڵام سەربازگەو باڵوێزخانەکان تەواو حەقیقین و ئیشی خۆیانە.
لە ڕاپۆرتێکی شەفەق نیوزو جەزیرەنێت، ئاماژە بەوەکراوە عەرەبستانی سعودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەلیستی بیست خاوەن پشکەکانی گەنجینەی ئەمەریکادان بۆ ئەو ئاڵ و وێرە، عێراقی تێدا نیەو هەوڵ ئەدەن عێراق بێتە ناو بازنەی بیست گەورە دەوڵەتەکە، ئەو دوو وڵاتە بەڕێژەی ١٣٤ ملیار دۆلارو ١١٠ ملیار دۆلار قەبارەی یەدەگی هەڵگیراویان هەیە لەو بانکەو ئەوەی عێراقیان پێ کەمە.
بەهای ئەو بۆندانەی کە لەلایەن وڵاتانەوە لە سەرانسەری جیهاندا لەبەردەستدان لەبانکی فیدڕاڵی گەیشتووەتە زیاتر لە ٩ تریلیۆن دۆلار، قەواڵە داراییەکانی عێراق نزیکەی ٤٠ ملیار دۆلارە، ئەمە قەبارەی هەڵگرتنەکانە بۆ چەک نەک بۆ خزمەتی دامەزراوەی مەدەنی (حجم حيازة العراق لسندات الخزانة الأمريكية)
بەکورتی بەشێکی سەرەکی لە یەدەگی نەوت و پارەو سەنەداتی عێراق بۆ چەکەو ئەمریکا میراتگرو خاوەنیەتی، جگە لەگرێبەستەکانی وزە، ئەویش ئەمریکاو بانکی فیدراڵی لێی بەرپرسن، ئیتر عێراق چۆن دەتوانێ هەڕەشەی دەرکردنی هێزە ئەمریکیەکان بکات لە عێراق، ئەمریکاش چۆن چەک کۆتایی پێدەهێنێ و میلیشیاکان لەچەک دادەماڵێ لەکاتێکدا سودێکی زۆری ئابوری و داراییان هەیە.