دواین هەواڵ

گروپە شیعەكان چەكدانان یان گەمە و فێلی سیاسی

‌نەوزاد هێتوتی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

لەم دوو ڕۆژەدا بە شێوەیەکی بەربڵاو باس لە چەکدانانی گروپە چەکدارەکانی شیعە و تێکەڵکردنیان لەگەڵ هێزە فەرمییەکانی عێراق دەکرێت. لەم ڕووەوە، کۆمەڵێک گروپی چەکداری سەر بە ئێران ڕایانگەیاند کە ئامادەن چەک دابنێن، لەوانەش: قەیس خەزعەلی، شبل زەیدی سەرۆکی کەتائیبی ئیمام عەلی، حەرەکەی ئەنسارولڵا بە سەرۆکایەتی شێخ حەیدەر غەراوی، و کەتائیبی سەیدولشوهەدا بە سەرۆکایەتی ئەبو ئالا وەلائی. هەروەها بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەوانە: نووری مالیکی، عەممار حەکیم، سوودانی و حەیدەر عەبادی لەگەڵ ئەوەدان لەم قۆناغەدا گروپە شیعەکان تێکەڵی سوپای عێراق ببن.

لە بەرامبەردا، کەتائیبی حیزبوڵڵا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد حەمیداوی و حەرەکەی نووجەبا بە سەرۆکایەتی ئەکرەم کەعبی، بە چەند ڕاگەیەندراوێک بە تەواوەتی ڕەتیانکردەوە چەک ڕادەستی حکوومەت بکەن. نەخاسمە ئەم دوو گروپە چەکدارە کە بە بەهێزترین گروپەکانی سەر بە ئێران دادەنرێن، جەختیان لەسەر ئەوە  کردووەتەوە کە بۆ ئەوەی باس لە چەکدانانی بەرەی مقاوەمە بکرێت، دەبێت ئەم خاڵانە ڕەچاو بکرێن: یەكەم، دەبێت ئەمریکا و ناتۆ عێراق چۆڵ بکەن و هێزەکانیان بکشێننەوە. دووەم، دەبێت تەواوی هێزەکانی تورکیا لە عێراق بچنە دەرەوە. سێیەم، دەبێت کۆتایی بە هەڕەشەکانی جۆلانی و هێزەکانی پێشمەرگە بهێنرێت. ھەموو ئەمانەش واتە بە کورتی، پەیامەکەیان ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ بیانوویەکدا چەک ڕادەست ناکەن.

كەواتە لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە؛ بۆچی لەم قۆناغەدا هێزە شیعەکان باس لەم پرسە دەکەن؟ هۆکارە سەرەکییەکان ئەمانەن:

1-  ناکۆکیی ناوخۆیی؛ تا ڕادەیەک جیاوازی و دووبەرەکی لە نێوان هێزە شیعەکاندا پەیدا بووە سەبارەت بە ڕۆڵی گروپە چەکدارەکان. بەشێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیپێیان باشە بۆ پاراستنی پێگەی پێکهاتەی شیعە و دەسەڵاتەکەیان، کار بکرێت بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی حکوومەتدا بێت.

2-  هەڵوێستی مەرجەعییەت؛ مەرجەعی باڵای شیعە، بەتایبەت ئایەتوڵڵا سیستانی و خودی موقتەدا سەدریش، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، نەک لای گروپە چەکدارەکان.

3-  بەهێزبوونی پێگەی سیاسی؛ سەرکەوتنی بەشێک لە گروپە چەکدارەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا و زیادبوونی ژمارەی کورسییەکانیان، وایکردووە لەم قۆناغەدا زیاتر جەخت لەسەر چالاکیی سیاسی بکەنەوە؛ قەیس خەزعەلی یەکێکە لەو سەرکردانەی بەو ئاراستەیە کار دەکات.

4- فشارەکانی ئەمریکا؛ هەڕەشەکانی ئەمریکا کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر ئەوەی هێزە شیعەکان بە چڕی باس لەو پرسە بکەن، چونکە دەترسن ڕووبەڕووی گورزی سەربازیی ئەمریکا ببنەوە. بۆیە دوور نییە ئەمە تەنیا مانۆرێکی تەکتیکی یان گەمەیەكی سیاسی بێت بۆ ڕ رزگاربوون لە فشارەکانی واشنتۆن.

5-  ترسی هێرشی ئیسرائیل؛ خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە هێزە شیعەکان ترسی گەورەیان لەوە هەیە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر گروپە چەکدارەکان لە ناو خاکی عێراقدا. بەتایبەت لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەمریکا پەیامی بۆ حکوومەتی عێراق ناردووە کە ئەگەری هێرشی لەو شێوەیە هەیە.

6-  لاوازبوونی بەرەی مقاوەمە؛ لاوازبوونی بەرەی مقاوەمە لەسەر ئاستی ناوچەکە و پاشەکشەی پێگەی ئێران، وایکردووە هێزە شیعەکان بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP