دەریای سپی ناوەڕاست (مێدیتریانە- فارس پێی دەڵێن مێدترانە، بە ئینگلیزیی Mediterranean) تا دێت گرینگییەکەی چارەنووسسازتر دەبێت بۆ ئەوروپا و، لە ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکای ترەمپیشدا دیارە کە بە پێی پۆلێن کردنەکە ئەم ناوچەیە نەک هەر جێی بایەخیانە، بەڵکو ئەوەی مەترسیی لەسەر ئەم ڕێرەوی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپییە درووست بکات بێ سێ و دوو گورزی لێدە درێت: دیارە ئێمە مەبەستمان حەوزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی یە ( یۆنان، قوبرس، ئیسرائیل، میسر، لوبنان، سوریا، دەستەڵاتی فەلەستین، ئوردون، تورکیا) کە ڕاستەوخۆ سەری لەناو خوانی کوردستاندایە؛ لێرەدا (میسر، ئیسرائیل، قوبرس) ڕۆڵیان هەیە لە بەرهەمهێنانی گاز و ترانزێت و گواستنەوەی گاز دا. ئەمانە بەگشتی هەم بەشێکن و دەکەونە سەر ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، هەم بەتوندی پەیوەند-دارن بە پرسی گاز، نەوت، کۆچبەر، مەسەلەی فەلەستین، کێشەی چارەسەر-نە-کراوی قوبرس، پرسە ژینگەییەکان، کێبڕكێ ناوچەییەکان، هەژموون و ڕێکخستنەوەی هێز و وەرچەرخانی جیۆپۆڵەتیک.
بە پێی فەرمانگەی ڕووپێوی جیۆلۆجی ویلایەتە یەکگرتوەکان-USGS بڕی (٢٢٣) تریلیۆن پێ سێجا گاز لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی هەیە. بە پلەی ئیمتیاز ئەم گازە لەدوای (٢٠٠٩ ەوە تا ئێستا) لە کێڵگەکانی ئیسرائیل (لیڤاتان، تامار، کاریش، دالیت) دەست بە دۆزینەوە و پەرەپێدانی کراوە، هەروەها لە کێڵگەکانی قوبرس دا (ئەفرۆێت، کالیپسۆ) دایە، پاشان لە (٢٠١٥) ەوە میسریش (کێڵگەی زوهر) ی دۆزیوەتەوە و بەرفراوانی دەکات، هەروەها لەسنوورە ئاوییەکانی لوبنان و پاشان لەناوچە کوردییەکانی سوریادایە. تورکیا نەبێت کە هەم لەململانێی سیاسی و ئایدۆلۆجی و جیۆپۆڵەتییکدایە لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی ناویان هات، هەم هیچی وای نەدۆزیوەتەوە لەکەناراوە ئاوییەکان، وە هەم بێ هیوا بوە لەوەی ئیسرائیل بۆڕی گاز بە ملی ئەودا بەرەو ئەوروپا ببات ( قسەی یەکلاکەرەوە ئەوەیە: لانی کەم ئیسرائیل متمانە بە تورکیایەک ناکات کە ئەردۆگان سەرۆکی بێت).
بەهەرحاڵ، مەسەلەکە هەر بوونی گازی سرووشتی نییە لەم حەوزەیە، هەر ئەوە نییە کە چەندین لێدوانی بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا هەیە کە گازی ڕوژهەڵاتی دەریای سپی دەکەنە جێگرەوەیەک بۆ گازی ڕووسیا (ئەمە مەحاڵە ئەو یەدەگەی قوبرس و ئیسرائیل و لوبنان هەیەتی بگاتە هێندەی ئەوەی ڕووسیا پێشووتر بۆ ئەوروپای دابینکردوە)، بەڵام خەریکن دەیکەن؛ لەسەرێکەوە ئەوروپا ڕێسای میسان (Methane Regulation) ی دەرکردوە بۆ کەمکردنەوەی پشت بەستن بە فیوسیل فیوڵەکان (لە توێژینەوەیەکدا مانگی پێشوو باسی ئەمەمان کردوە)، لەسەرێكی ترەوە پرۆژە تەواوکارییە- جیۆپۆڵەتیکییەکە خەریکە بەتەواوەتی دەبێتە ڕاستییەک کە کەنداوی عەرەبی بە هێڵێک بلکێندرێت بە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی یەوە:
- کۆمپانیای فەرمی ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی (تاقە-TAQA) ی ئیماراتی بە فەرمی لە سنورە ئاوییەکانی ئیسرائیل کاردەکات. هەر لە ساڵی (٢٠٢١) یشەوە موبادەلە پێترۆلیۆمی ئیماراتی بە بەهای (١) یەک ملیار دۆلار (٢٢٪) ی پشکەکانی دەلەکی ئیسرائیلی کڕیوەو لە کێڵگەی تامار-Tamar کار دەکات.
- قەتەریش لە قوبرس کار دەکات ( هەر خۆی کێڵگە سەرەکییەکانی قوبرس و ئیسرائیل نیزیکەی پەنجا کیلۆمەترێک لەیەکەوە دوورن و کۆنێکت کراون پێکەوە).
- سعودییەش لە سەرەتای (٢٠١٧) ەوە لە سەردەمی مایک پۆمبیۆ وە پەیوەندیی ژێر بەژێری هەواڵگریی و ئابوریی لەگەڵ ئیسرائیل دا دەستداوەتێ.
- - نوێترینیان؛ سەردانی سەرۆکی ئیمارات "شێخ محەمەد بن زاید" ە بۆ یەکەمجار بۆ قوبرس لە ١٤ ی دیسەمبەری ٢٠٢٥، بە پێی بەیاننامەی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی قوبرس سەردانەکە بۆ هاریکاریی لە بواری وزەو بازرگانی و دەریاوانی بوە. [ هەفتەیەک پێشتر، ئەو سەردانەش هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر هەبوو، سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ ئیمارات هەبوو].
بۆیە زیاتر ناوی ئیسرائیل دێت؛ چوونکە ئەوانی دی کەم و زۆر پەیوەندیی دیبلۆماسی و کەلتورییان هەبوەو هەیە، هەروەها ئیسرائیل لە وڵاتێکەوە کە گازی سرووشتی هاوردە دەکرد، ئێستا گاز هەناردە دەکات؛ لە گەرمەی جەنگی غەزەدا میسر بە بەهای (٣٥) ملیار دۆلار ڕێککەوتنی نوێکردەوە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئیسرائیل گازی بۆ دابین بکات.
- لە هەرێمی کوردستانیش جموجووڵەکە دەستی پێکردوە؛ لە ڕووی مەعریفی و زانستی و میدیاییەوە ئێمە یەکەم کەسین کە لە (٢٠١٥) ەوە سەدان چاوپێکەوتنی میدیایی و بەشداریی جیهانیمان لەسەر ئەم پرسە کردوە، نامەی دکتۆرامان لەسەر نووسیوە، کتێبی ئەکادیمیمان لە (١٤٠) وڵات لەلایەن گرووپی ئیمڕالد بڵاوکراوەتەوە و لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەستە، هەروەها لە (٢٠١٦) ەشەوە (پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی) مان دامەزراندوەو، لە هەولێر و بەغدا بە فەرمی تۆمارکراوە و، سەدان و بگرە هەزاران هەوڵی جۆراوجۆرمان لە بواری ئاسایشی وزەو جیۆپۆڵەتیکی وزە و پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان بە سێ زمان خۆبەخشانە بڵاوکردۆتەوە.
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "مەسرور بارزانی" لەمکاتەدا ئەم نووسینە بڵاو دەبێتەوە لە قاهیرەیە: میدیاکان لەساڵی (٢٠٢٢) ئەوەیان بڵاوکردەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان "نێجێرڤان بارزانی" ڕۆڵی هەبوە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و تورکیا. هەر لەو کاتەشەوە هەرێمی کوردستان دەنگ و کاریگەریی ئەم وەرچەرخانە جیۆپۆڵەتیکییەی گەیوەتێ. بەخۆی بزانێت یان نا، لەناو ئەو تەواوکارییە هەرێمایەتیەدایە. چووونکە ئیدارەی ئەمریکا زۆر بە هەستیاریی و گرینگی سەیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی دەکات:
* لەبەرئەوەی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا لە پێشینەیە، پرسی ئەوەی ئیسرائیل گاز بۆ ئەوروپا دابین بکات خەونێکی گەورەیە.
* لەبەرئەوەی گازی سرووشتی و نەوت و گواستنەوەی وزە لەم حەوزەیەدایە.
* وە بە زۆرییش لەبەرئەوەی بەر -بە- پەڕینەوەی هەژموونی ڕووسیا بۆ ئەم ناوچەیە بگرێت (وەک دەزانن لە پەنجاو شەستەکانی سەدەی ڕابردوەوە سۆڤییەت ئەم ناوچەیەی کردۆتە بەردە-باز بۆ بڵاوبونەوەی فیکری چەپ و شیوعییەت). ئێستاش ڕووسیا لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی "نۆڤاتیک، ڕۆس نەفت، گازپرۆم، لۆک ئۆیەڵ" ەوە لەناوچەکەدا تەراتێن دەکات. وەکو دەزگا هەواڵگیرییەکانی ئەوروپاش لە سیاسەتی درووستکردنی پشێویی لەم ناوچانە لەلایەن ڕووسیاوە هۆشداریی دەدەن.
با- بێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان، کە دەبێت بە بێدەنگی خۆی بخزێنێتە ناو ئەم فایلە ستراتیجییانەوەو، تواناکانی خۆی بوێرتر بکات. لە ئایاری ٢٠٢٥ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی یاوەری بە بەهای زیاتر لە (١١٠) ملیار دۆلار لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکیی (وێسترن زاگرۆس و ئێچ کەی ئێن) گرێبەستیان لە ئەمریکا واژۆکردوە (کۆمپانیاکان هی کێن و چۆنن گرینگ ئەوەیە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم ڕێککەوتنە بە فەرمی ڕاگەیاند- لەکاتی خۆیدا)، ئەوەش بۆ کارکردن لە کێڵگەی میران و کوردەمیر. زیاتر لەوەش ئیدارەی ئەمریکا سێ ساڵ پێشتر بەبەهای (٢٥٠ ملیۆن دۆلار) پالپشتی دارایی فراوانترکردنی کێڵگەی کۆرمۆری کردوە.
سەردانیکردنی میسر، مانای جۆراوجۆری هەیە؛ بەڵام گرینگترینیان ئەوەیە سکرتارییەتی لووتکەی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (بە EMGF) ناسراوە لە قاهیرەیە (سەرۆکی ئەم سکرتاریەتە "ئوسامە موبارز" پێشووتر وەزیری وزەی میسر بوە)، هەریەکە لە ئیتاڵیاو، فەڕەنسا، یۆنان، قوبرس، ئیسرائیل، ئوردون، میسر- بێجگە لە تورکیا کەوەک ئەندام قبوڵیان نەکردوەو ناکەن!" لەم لووتکەیەدا ئەندامن بەو پێیەی دەکەونە سەر یەک ڕێرەو و ناوچەی ئاویی هاوبەش، ئەمەش بە سەرپەرشتی ئەمریکا لە (٢٠١٩) و لە قاهیرە ئەم لووتکەیەیان وەک یانەیەک بۆ گازی سرووشتی دامەزراندوە، کە ئیشی بەرفراوانکردنی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی و ، هاوسەنگی ڕاگرتنی نرخی گاز و.. تادواییە. ئەم سەردانەی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەمە بێت یان نا؛ لە لای (لووتکەی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی-Eastern Mediterranean Gas Forum) کە لەئاستی لووتکە ئەو وڵاتانە تیا ئەندامن، فیکەیەکەو لێی تێدەگەن، لای ئەوان ئەگەر لەدواوەش بێت کورسییەک وەک میوان لە ئایندەدا بۆ هەرێمی کوردستان دادەنەن، وەک چۆن بۆ "ئیمارات"یان داناوەو کردویانە بە ئەندام بە بێ ئەوەی ئیمارات لە ڕووی جواگرافییەوە بکەوێتە سەر حەوزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیش؛ بگرە هەرێمی کوردستان زۆر نیزیکترە.
قسە زۆرە بوترێ لەسەر ئەم داینامیکە-جیۆپۆڵەتیکییە؛ بەس با ئەوە بیر- نەچێت کە "عێراق"یش ناوجەرگەی ڕێگای ئاوریشمێکی نوێیە بەرەو دەریای ناوەڕاست (مێدیتریانە)، دەبوو دەمێکە وا بوایە؛ بەڵام ئێران و ڕووسیا ڕێگەیان نەداوە عێراق بەرژەوەندییەکانی خۆی و پێوەرەکانی "هێز"ی خۆی بناسێت. مەگەر لە کۆتایی حەفتاکانەوە نەوتی عێراق نەچوەو ناچێت بۆ دەریای ناوەڕاست؟ مەگەر لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانیی بریتش پیترۆلیۆم ئیشی چی بوە و ئێستا لە کەرکوک ئیشی چیە!؟ ئیتر ئەوە بەرە- بەرە بۆ نموونە لە کێڵگەی ڕۆژئاوای قوڕنە لەم کۆتایی ٢٠٢٥ دا کارەکە لە کۆمپانیا ڕووسییەکە (لۆک ئۆیەڵ) وەردەگیرێتەوە و دەدرێت بە کۆمپانیای ئەمریکی! بەرە-بەرە (لە داخی هەرێمی کوردستانیش بێت) بەغدا ئیش بەو کۆمپانیا ئەمریکیانە دەدات کە چەند مانگێک پێشووتر سەرۆکی حکومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ واژۆکردوون لە ئەمریکا. عێراق بەشداریی دەکات، بەڵام قەت پێناچێت بەغدا بتوانێت ببێتە ئەو یاریکەرە بەهێزە؛ چوونکە لە ساڵ و دوو ساڵی ئایندەدا ئەم وڵاتە تووشی خوێبەربوونێکی دارایی ئەوتۆ دەبێتەوە کە هەر لە باسکردن نەیەت. جگەلەوەش "ئێران" وەک جنۆکە چۆتە لەشی عێراقەوە؛ بەو ئاسانییە نییە عێراق وەها بڕیارێکی فەرمیی پێ بدرێت.
نازاندرێت، سیاسییەکان و جەمسەرە ناکۆکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق چۆن دیمەنەکە دەبینن، بەڵام بۆ توێژەرێک وێنەکە و پێشهاتەکانی ئایندە بایی ئەوەندە ڕوونە کە لەماناکان و پشت دێڕەکانی چەندین هەواڵ و گۆبەنگی ناوچەیی بگەن؛ بایی ئەوە ڕوونە کە ئەگەر عێراق سازش نەکات بە دڵنیاییەوە ئامادەکاریی تەواو هەیە گورزی تەواو لە حەشدی شەعبی و "ئێران"یش بوەشێندرێت. کاراکتەری زیرەک ئەوەیە کە لە پشت ئەو دێرانەی سەرەوە چەندین مانای دیکە دەربهێنێت کە پەیوەستن بەو و بەناوچەکەو بە جوگرافیاکەی ئەوەوە.