ناتوانی تاسەر گوتاری دینیی و گوتاری سیاسیی تێكەڵ بە یەك بكەیت، گوتاری ئەخلاقی و گوتاری سیاسی، بەیەكەوە بپێچی
چونكە ئەگەر لە گۆشەیەكدا ئەم دوگوتارە بەیەك بگەن لە سەد گۆشەوە لەیەك دەدەن.
بۆنمونە لە گوتاری دینیدا (ئەخلاقیدا) تۆ دەبێ بە شتی باش بڵێی باش هەروەك چۆن دەبێ بەشتی خراپ بلێی خراپ
بەڵام لە گوتاری سیاسیدا ململانێكان و بەرژەوەندیەكان هەڵوێستی تۆ بەرامبەر باش و خراپ دیاری دەكەن
لەسیاسەتدا "موعارەزە" بۆنمونە، ناتوانێ بە باشی حكومەت بڵێ باش ئەمە لەسەری دەكەوێت و جەماوەر و دەنگدەرەكانی لە دەستدەدات
بەڵام لە ئاینداری و ئەخلاقدا واجب ئەوەیە دان بە باشیەكاندا بنێی
و بۆ ئەمەش هیچت لەسەر ناكەوێ بگرە جوانتر دەبی
(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ بِالْقِسْطِ شُهَدَاءَ لِلَّهِ وَلَوْ عَلَىٰ أَنفُسِكُمْ ) (وَلَوْ عَلَىٰ أَنفُسِكُمْ!!)
ئەم لۆژیكە لۆژیكی دین و ئەخلاقە، بە سیاسەت هەڵناگیرێ
جا كاتێ لەسیاسەتدا بە خراپ دەڵێی خراپ ئالەم گۆشەیەدا گوتارە دینیەكەو گوتارە سیاسیەكە دەبنە تەواو كەری یەكترو كێشەیەك نيە
بەڵام كاتێ سەرە دێتە سەر ئەوەی بە باش بڵێی باش ئیدی ئالێرەدا گۆشەكان بەیەكدا دەكێشن و وێنەكە تێكدەچێت.
تۆ معارەزەی (گوایە) چۆن دەكرێ لەبەردەم سەدان دەنگدەری خۆت بڵێی ئەم كارانەی حكومەت باشن! ئەمە بە لۆژیكی سیاسەت نالۆژیكیە
نەخێر هەردەبێ بۆ گۆشەیەك بگەرێی كە لە حكومەتەكە بدەیت ئەمەش لۆژیكی دنیای سیاسەتە و هەرچیت كردوە دەبێ زمانێك بدۆزیتەوە بۆ ئەم لێدانە، واجبە سیاسیەكە، ململانێكە، ئەمەی دەوێ.
بەڵام لە لۆژیكی دین و ئەخلاقدا ئەمە پرنسیپەكەیە : يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ لِلَّهِ شُهَدَاءَ بِالْقِسْطِ ۖ وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَىٰ أَلَّا تَعْدِلُوا ۚ اعْدِلُوا هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَىٰ ۖ وَاتَّقُوا اللَّهَ ۚ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ..
ئەگەر بابەتەكە وردتر كەینەوە تۆ تەماشاكە لای رەوتی سەدری موقتەدا سەدر، بایكۆتی هەڵبژاردنەكان ئەركێكی ئەخلاقی و ئاینیە چونكە بایكۆتی پرۆسەی فاسیدو گەندەڵەكانە بۆ ئەمەش لەناو گوتارە دینیەكەی خۆیدا دەلیلی هەیە، بە قوەتیشن ها دەلیلەكانی، بەڵام رونە دواجار ئەم هەڵوێستە (بایكۆت) سیاسیە.
لەو لا لەلایەكی تر دەبینی هەر خودی ئەم بایكۆتە وەك جۆرێك لە تاوان و نەبونی هەڵوێست تەفسیر دەكرێ و بۆ ئەمەش بەڵگەو دەلیلی دینی و ئەخلاقی حازركراوە! لای ئایەتوالله سیستانی بۆ نمونە المشاركة في الانتخابات واجب شرعي! زۆر نمونەی دیكەش هەن
جا بۆیە ناتوانی تاسەر گوتاری دینیی و گوتاری سیاسیی تێكەڵ بە یەك بكەیت هەر بۆیە دەبینی هەمو ئەو پرۆژانەی ئەم تێكەڵكردنە ئەنجام دەدەن وردە وردە توشی شیزۆفرینیای سیاسی دەبن و وەك پرۆژەی سیاسی دەكەون.
وا باشترە گوتارە سیاسیەكان تەنها وەك گوتاری سیاسی خۆیان نمایش كەن و لێگەڕێن دەنگدەر خۆی بڕیار بدات چی دەكات.