پارتی ئارامی خۆی لەدەستنەدا.. وێنەیەکی گەورەتری نیشان دا، ئەویش جەختکردنەوەبوو لە هەنگاونان بۆ داهاتووی هەرێم و دوورکەوتنەوە لە وەڵامدانەوە لە ئاستێکدا کە قەبارەی پارتی بچوکبکاتەوە، یان ھۆکارێک بێ بۆ تێکدانی پێکەوەیی و تەبایی.
پارتی سەرنجی خستە سەر دوو ئەرکی سەرەکی:
یەکەم، جێبەجێکردنی بەڵێنەکان: پارتی بە ڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، بە کردەوە پابەندە بەوەی ئەوەندە قسە بکات، کە بتوانێ جێبەجێی بکات.
دووەم، پاراستنی قەوارەی هەرێم: گوتاری پارتی بەتەواوی لە چوارچێوەی پاراستنی دەسکەوتەکان و کیانی دەستووری هەرێم و مافە زامنکراوەکانی گەلی کوردستان بوو، لەگەڵ ئاوەدانی و ئەو ئەرکەی کە پارتی لە بەغدا جێبەجێی دەکات.
بێدەنگی و دان بەخۆداگرتنی پارتی لە بەرامبەر هێرش و ناوزڕاندنەکاندا، کە بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی بوو، نیشانەی ئەدەبیاتی بەرزی پارتی و قوڵایی ڕێبازی بارزانی نیشان دا، ئەمە نەک هەر لاوازی نەبوو، بەڵکو هێز و متمانەیەکی گەورە بوو کە پارتی نیشانی دا حزبی چارەنووس و چارەسەرە و دیالۆگی کراوە و بنیاتنەرە لە پێناو بەرژەوەندی باڵای هەرێمی کوردستان، نەک ململانێی نێو راگەیاندن لە فۆرمێکی بچوک و تۆمەت و تەشھیر.
لە چەند ڕستەیەکدا: پارتی دیموکراتی کوردستان نەگەڕایەوە بۆ ڕابردوویەکی پڕ لە تاڵی کە رای گشتی لایان روونە رووداوەکان چۆن روویانداوە، بەڵکو بە کردەوە سەرقاڵی بنیاتنانی داهاتوو بوو.
ئەم ئارامی و نەخشەرێگایە، ئومێدبەخشە بۆ گەلەکەمان کە داهاتووی هەرێم لە دەستی حزبێکی خاوەن بڕیار، پڕ لە ئەدەبیاتی بەرزی حوکمڕانی و ڕێچکەی سەرکەوتندایە.
دواجار ئەوەی گرینگە، وەک ھەمیشە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەیڵێت، ھەوڵی ھەموولایەک، بۆ ھەرێمێکی بەھێزبێت لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵ و دیموکراتی دا.