هەرێم نیوز
پەرلەمانی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربڕی و جەختی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی سیستەمی فیدراڵی و دەبێت ناکۆکییەکان بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، نەک بە هەنگاوی تاکلایەنە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونی کردەوە کە دەستووری عێراق سیستەمی حوکمڕانیی وڵاتی بە فیدراڵی دیاری کردووە و دانی ناوە بە هەرێمی کوردستاندا وەک هەرێمێکی فیدراڵی، و مافی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی پێ داوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پاراستنی پێگەی دەستووری و دەسەڵاتە یاساییەکانی هەرێم ئەرکێکی نیشتمانی و دەستوورییە، و هەر ڕێکارێک لە دەرەوەی دەستوور پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەوە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە و گیانی هاوبەشی لاواز دەکات، هاوکات لە جیاتی چارەسەر کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات و ئاسایش و سەقامگیریی گشتی دەخاتە مەترسییەوە.
پەرلەمانی کوردستان دووپاتیشی کردەوە کە یەکلاییکردنەوەی هەر ناکۆکییەک لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمدا دەبێت لە ڕێگەی دەقەکانی دەستوورەوە بێت نەک لێدوانی میدیایی، وێڕای ئەوەی پێشوازیی لە هەر هەوڵێک کرد بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و ڕێگرتن لە پێشێلکارییە یاساییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم.