دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13 خولەک پێش ئێستا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: بە هەموو شێوەیەک ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانی سەربازی ڕەت دەکەینەوە

هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی قووڵی خۆی لە ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربڕی و جەختی کردەوە، کە بە هەموو شێوەیەک ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی ڕەت دەکەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، لە پەیامێکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە کە بە سەرسووڕمانەوە ئەو ڕاگەیەندراوەیان بیستووە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە گفتوگۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەردەوامە، و ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەزموون سەلماندوویەتی زمانی سەربازی هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و لە بەرژەوەندیی عێراق و هیچ لایەنێکدا نییە.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستوورەکەیدا، وێڕای پشتیوانی لە پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان و جێبەجێکردنی یاسا، جەخت دەکاتەوە کە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و مافەکانی هەرێم و پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشی و لێکتێگەیشتن بێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای تەبایی و یەکڕیزیی کوردستانی و مامەڵەی بەرپرسیارانەی هێزە سیاسییەکانی عێراقی کردووە،، و ڕایگەیاندووە کە هێز و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هێز و سەقامگیریی عێراقە و ڕێزگرتن لە دەستوور و فیدراڵی گەرەنتیی داهاتووی هاوبەشە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP