دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبەر ئەحمەد: گفتوگۆ و دەستوور ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان

هەرێم نیوز
⠀
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، پابەندی هیچ بڕیار و یاسایەک نابن کە پێچەوانەی دەستوور بێت و جەخت دەکاتەوە کە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن نەک بە ڕاگەیەندراو.
⠀
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی 11ـی 2026، ڕێبەر ئەحمەد لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی بە جێگەی پرسیار و سەرسوڕمان ناو برد و وتی، نەدەبوو وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەو ڕاگەیەندراوە بڵاو بکاتەوە و دەبوو ئەو بابەتە لە ڕێگەی دەستوورەوە چارەسەر بکرێت.
⠀
وەزیری ناوخۆی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ماوەیەکی دوورودرێژە لەسەر زۆر پرس لە گفتوگۆدان و لەسەر چەندین بابەت ڕێککەوتنیان هەیە و لەسەر پرسی دەروازە سنوورییەکانیش ڕەنگە ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق یەکلا ببێتەوە.
⠀
ڕێبەر ئەحمەد ئاشکراشی کرد کە کۆنووسێکی هاوبەشیان هەیە کە لەلایەن وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سروشتییەکانی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقەوە واژۆ کراوە و لە ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عێراقیش پەسەند کراوە، بەڵام چەندین مانگە نابرێتە ناو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و پەسەند ناکرێت، بۆیە ئەو لایەنەی ڕێگرە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان هەرێمی کوردستان نییە.
⠀
لە کۆتاییدا وەزیری ناوخۆ دووپاتی کردەوە کە لە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا هاوکاریی حکومەتی عێراقیان کردووە و چەندین کەسیان دەستگیر کردووە کە لەلایەن سەرۆکوەزیران و دەستەی دەستپاکیی عێراقەوە داواکراو بوون، جەختیشی کردەوە کە ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک لە ڕێگەی گفتوگۆ و دەستوورەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP