دواین هەواڵ

کوردستان‌

 57 خولەک پێش ئێستا

وەزیری پەروەردە: هەست بە پشتیوانییەکی ڕوونی سەرۆکوەزیران دەکەین

هەرێم نیوز
⠀
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی سەرۆکوەزیران و زانیاریی مەیدانی بە دوو هۆکاری گرنگی دروستکردنی متمانە و بڕیاردانی دروست دەزانێت و ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکانی وەزارەتەکەی کاریگەرییان لەسەر ژیانی زیاتر لە چوار ملیۆن قوتابی، مامۆستا و دایک و باوک هەیە.

⠀
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی 11ـی 2026، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان ـ کوردستان، تیشکی خستە سەر پرۆسەی بڕیاردان و چۆنیەتیی دروستبوونی متمانە لای بەرپرسان.
⠀
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە متمانەی وەزیر بە خۆی، لە متمانە بە دروستیی بڕیارەکانی جیا بکرێتەوە، هەروەها بوونی پشتیوانییەکی ڕوون و ژینگەیەکی گونجاوی کارکردن، ڕۆڵێکی گرنگیان لە دروستکردنی متمانەدا هەیە.
⠀
ئالان حەمەسەعید ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەست بە پشتیوانییەکی ڕوونی سەرۆکوەزیران و تیمی حکوومەت دەکەن، ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر سەختییەکانی کارکردن کەم دەکاتەوە.
⠀
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، پێویستە وەزیر تێگەیشتنێکی دروستی لە دەسەڵات هەبێت و نەک وەک پێگەیەکی کۆمەڵایەتی، بەڵکو وەک ئەرکێکی مێژوویی، ئەخلاقی و ستراتیژی سەیری بکات.
⠀
وەزیری پەروەردە سەبارەت بە قەبارەی بەرپرسیارێتیی وەزارەتەکەی ڕایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە بەرپرسیارە لە یەک ملیۆن و 970 هەزار قوتابی و 150 هەزار مامۆستای کەرتی حکوومی، جگە لە مامۆستایانی کەرتی تایبەت.
⠀
ئاماژەی بەوەش کرد، هەر بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی زیاتر لە دوو ملیۆن قوتابی و مامۆستا هەیە، لەگەڵ دوو ملیۆن دایک و باوک کە ژیانیان بە بڕیارەکانی ئەو وەزارەتەوە بەستراوەتەوە.
⠀
ئالان حەمەسەعید جەختی لەوە کردەوە، ئەرکی وەزیر تەنها داڕشتنی ستراتیژی نییە، بەڵکو بەدواداچوون و چاودێریکردنیش دەگرێتەوە، هەروەها بۆ بڕیاردانی دروست، پێویستە وەزیر زانیارییەکی قووڵی لەسەر دامەزراوە و بوارەکەی هەبێت و ئاگاداری پێشهاتەکانی جیهان بێت.
⠀
لە کۆتاییدا، وەزیری پەروەردە جەختی لە گرنگیی زانیاریی مەیدانی لە پرۆسەی بڕیارداندا کردەوە و وتی، «ئەوانەی ستراتیژی دادەڕێژن، نابێت تەنها پشت بە ڕاپۆرتەکان ببەستن، چونکە ڕاپۆرتەکانی سەر مێز هەموو ڕاستییەکانت پێ ناڵێن.»



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP