دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: بە حەز و ویستی خۆم دەمویست ببم بە پێشمەرگە

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێلێکی لووتکەی جیهانیی لاواندا باسی یادگارییەکانی منداڵی و سەردەمی پەنابەرایەتی و خوێندنی کرد و رایگەیاند، بە حەز و ویستی خۆی ویستوویەتی ببێتە پێشمەرگە، هەروەها لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن هەوڵی داوە بسەلمێنێت کە گەنجی کورد لە کەس کەمتر نییە.

خوولیای وێنەکێشان و ژیانی پێشمەرگایەتی
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە پانێلێکی تایبەتدا لە چوارچێوەی لووتکەی جیهانیی لاوان کرد و رایگەیاند، لە منداڵییەوە حەزی لە وێنەکێشان بووە، وردە وردە کاری تێدا کردووە و بە هاوکاریی هەندێک مامۆستا بە شێوەیەکی پرۆفێشناڵ خۆی پێ گەیاندووە، لە زانکۆش هەوڵی داوە زیاتر پەرە بە تواناکانی بدات و ئەگەر کاتی هەبێت هەندێک خۆی پێوە خەریک دەکات.

سەرۆکی حکوومەت روونی کردەوە کە کاتێک قوتابی بووە لە وڵاتێکی دراوسێ، هاوینان زۆر حەزی کردووە ژیانی پێشمەرگایەتی بژی و گوتی: "باوەڕ بکەن ئەو کەسە گەورانەی دەمانبینین لە دەوروبەرم و هەموو ئەوانەی دەمانبینین و شانازیمان پێوە دەکردن، هەموویان پێشمەرگە بوون، لە باوکمەوە تا هەموو ئەو پێشمەرگانەی دەمانبینین؛ بۆیە ویستم ببم بە پێشمەرگە و زۆر سەرسام بووم بە ژیانی پێشمەرگایەتی و حەزم دەکرد ببم بە پێشمەرگە."

هەستکردن بە ئازادی لە شاخ و سەردەمی پەنابەرایەتی
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا کە لەو ماوەیەدا ژیان لە پەنابەرایەتیدا ئەوەندە ئاسان نەبووە و هیچ دەرفەتێکی دیکەش نەبووە، بۆیە حەزی کردووە ئەو کاتەی هەیەتی لە شاخەکان لەگەڵ پێشمەرگە بێت و گوتی: "لەگەڵ پێشمەرگە هەست بە ئازادییەکی ڕەها دەکەی؛ بە حەز و ویستی خۆم بوو کە دەمویست ببم بە پێشمەرگە."

ئەزموونی خوێندن لە واشنتن و بەرپرسیارێتیی نوێنەرایەتیکردنی کورد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا باسی ئەزموونی خوێندنی خۆی لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن کرد و رایگەیاند، ئەمریکا وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و قوتابی لە زۆربەی وڵاتانی دنیاوە هاتبوونە ئەو زانکۆیە و تەنیا ئەو جیاواز نەبووە، بەڵکو هەرکەسێک بە جۆرێک جیاوازیی هەبووە.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستە ڕوو، هەستی کردووە دەرفەتێکی گەورەی بۆ ڕەخساوە تا لە وڵاتێکی پێشکەوتوو و لە زانکۆیەکی باش بخوێنێت و بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەسەر شان بووە و گوتی: "دەمگوت دەبێ چەند گەنجی لە من باشتر و بەتواناتر هەبن بەڵام ئەم دەرفەتەیان بۆ نەڕەخساوە؟ بۆیە دەمگوت دەبێ شتێکی وا بکەم کە قوتابیان و مامۆستایان بزانن کە من لەوان کەمتر نیم و زۆر زۆر خۆم ماندوو دەکرد تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە منیش وەکوو ئەوانی تر بەتوانام، چونکە پێم وابوو کە سەیری من دەکەن، سەیری کورد دەکەن."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP