هەرێم نیوز
⠀
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سبەی 600 پارچە زەوی بە ڕێگەی خاڵبەندی و تیروپشک بەسەر فەرمانبەرانی قەزای چۆماندا دابەش دەکرێت.
⠀
سبەی چوارشەممە، 25ـی 11ـی 2026، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە قەزای چۆمان، سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەست پێ دەکات.
⠀
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی چۆمان، 600 پارچە زەوی بە ڕێگەی خاڵبەندی و تیروپشک بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکەدا دابەش دەکرێت.
⠀
ئەم پرۆسەیە قۆناخی سێیەمی دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەراندا، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران.
⠀
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ڕوونی کردەوە، لە قۆناخەکانی داهاتوودا، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لەو شارەوانییانەی دیکە بەردەوام دەبێت کە نەخشە و زەوییان بۆ دیاری کراوە، بۆ هەموو ئەو فەرمانبەرانەی شایستەی وەرگرتنی زەوین و مەرجەکانی وەرگرتنیان تێدایە.