دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتانیاهۆ فشاری کەسی خستووەتە سەر ترەمپ بۆ دەستکردنەوە بە هێرشکردنە سەر ئێران

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا و کەسانی ئاگادار لە گفتوگۆکانی نێوان تەلئەبیب و واشنتن ئاشکرای کرد، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل فشاری کەسی و تایبەتی خستووەتە سەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی بۆردومان و هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران.

ناردنی دوو نێردراوی تایبەت بۆ لای ترەمپ
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکان بنیامین نەتانیاهۆ دوو نێردراوی تایبەتی خۆی ناردووەتە لای دۆناڵد ترەمپ، بە مەبەستی خستنەڕووی وەڵام و ڕوونکردنەوە سەبارەت بەو هۆکار و تێبینییانەی کە کۆشکی سپی، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەبارەی هێرشکردنە سەر ئێران دەیخەنە ڕوو.

نەبوونی پلانی دوای بۆردومانەکان
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە نووسیویەتی، نەتانیاهۆ تا ئێستا بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خۆشی ڕوونی نەکردووەتەوە کە بۆچی گرنگ و پێویستە جارێکی دیکە هێرش بکرێتەوە سەر ئێران، بەڵکو دەیەوێت سەرەتا ئەمریکا بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان ڕازی بکات، بەبێ ئەوەی هیچ پلانێکی ڕوون بۆ چۆنیەتیی کۆتاییهێنان بە ململانێکانی دوای بۆردومانەکان بوونی هەبێت.

پەلەکردنی ئیسرائیل پێش دەستبەکاربوونی زۆرینەی دیموکراتەکان
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەشێکی دیکەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش هەمان بۆچوونی نەتانیاهۆیان هەیە و پێیان وایە کاتێک لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوودا (٢٠٢٧) دیموکراتەکان زۆرینەی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران (سێنات)ـیان دەکەوێتە دەست، بڕیاری سەربازی و هێرشکردنە سەر ئێران کارێکی تەواو قورس دەبێت؛ هەر بۆیە بەرپرسانی ئیسرائیل دەیانەوێت بەر لەو وادەیە بۆردومانی چڕی ئێران ئەنجام بدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP