هەرێم نیوز
سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی زانیارییان لەبارەی پلانی ڕووسیا بۆ هێرشی نوێ هەیە و داوای لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کرد بڕیارەکانیان بۆ دابینکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لەبەرچاو بگرن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی 11ـی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە گوتارێکدا کە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە بڵاوکرایەوە وتی، دەزگا هەواڵگرییەکانیان زانیارییان لەبارەی ئامادەکارییەکانی ڕووسیا بۆ هێرشی نوێ هەیە، بەڵام کاتێکی دیاریکراوی بۆ دەستپێکردنی ئەو هێرشانە دیاری نەکرد.
سەرۆکی ئۆکرانیا دووپاتیشی کردەوە، دڵنیابوون لە هەبوونی پێداویستییەکانی بەرگریی ئاسمانی، مۆسکۆ لە بێڕێزی بەرامبەر بە دیپلۆماسی و ژیانی مرۆڤ بێبەش دەکات و ڕوونیشیکردەوە، بڕیارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کاریگەرییان لەسەر دابینکردنی سیستەمەکانی بەرگری دژی مووشەکە بالیستییەکان هەیە بۆ پاراستنی شار و ژێرخانی ئۆکرانیا.
زێلێنسکی خۆشحاڵیی خۆی بە پشتیوانیی کۆبوونەوەی دوێنێی کۆمەڵەی پەرلەمانیی ناتۆ دەربڕی و ڕایگەیاند، ئەو هەڵوێستە دەریدەخات کە ئۆکرانیا شایستەی ئەوەیە پێگەیەکی لە هاوپەیمانییەکەدا هەبێت.
لە پاشخانی ئەم دۆخەدا، هێزەکانی ڕووسیا لە مانگی ئەیلوولەوە بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکەنە سەر کیێڤ و شارەکانی دیکە و دوێنێ دووشەممە هێرشێک بۆ سەر گەڕەکێکی ناوەندیی پایتەخت بووە هۆی برینداربوونی 5 کەس، هەروەها ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووش هێرشێکی دیکە بۆ سەر شارۆچکەیەک لە ناوچەی کیێڤ 11 کوژراوی لێکەوتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، مۆسکۆ بەردەوام دژایەتیی خۆی بۆ ئەندامێتیی ئۆکرانیا لە ناتۆ دەربڕیوە و هەفتەی ڕابردوو دوای دەستپێکردنەوەی دانوستانە سێقۆڵییەکان لەگەڵ کیێڤ و واشنتن بۆ چارەسەرکردنی ململانێیەکە کە چوار ساڵ و نیوە بەردەوامە، هەڵوێستەکەی دووپات کردەوە، هاوکات سەرەتای ئەم مانگە زێلێنسکی وتبووی دانوستانکارانی ئەمریکی بیرۆکەی کشانەوەی ئەگەریی ئۆکرانیایان لە ناوچەی دۆنباس لە بەرامبەر ئەندامێتی لە ناتۆ خستووەتەڕوو، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنساش هەفتەی ڕابردوو داوای کردبوو جارێکی دیکە پرسی ئەندامێتیی ئۆکرانیا لە ناتۆ بخرێتەوە بەرباس، لە بەرامبەریشدا کۆشکی کرملین ڕەتیکردەوە لێدوان لەبارەی قسەکانی زێلێنسکی سەبارەت بە پێشنیازی دانوستانکارانی ئەمریکی بدات.