دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای ئەمریکا و تەنە نەناسراوەکان؛ ئەندازیارێکی پێشوو دەڵێت بوونەوەرە ئاسمانییەکان خەریکی تێکەڵبوونن لەگەڵ مرۆڤ

هەرێم نیوز

گاری موشێر، دیزاینەر و پەرەپێدەری پێشووی چەک کە پێشتر وەک بەڵێندەر لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاریکردووە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە تەنە فڕیوە نەناسراوەکان و بوونەوەرە ئاسمانییەکان لە ئارادان، و بە ئەنقەست سوپای ئەمریکا هاندەدەن و باڵادەستیی تەکنەلۆژیی خۆیان بەسەریدا نمایش دەکەن.

موشێر، کە دوای کارکردن لە بواری پەرەپێدانی چەکی نوێدا ڕووی کردووەتە گەڕان بەدوای بەڵگەکانی بوونی تەنە فڕیوە نەناسراوەکان و بووەتە نووسەر لەو بوارەدا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی «دەیلی مەیڵ»ی بەریتانی ڕایگەیاند: «پێم وایە زۆربەی ئەو شتانەی لەبارەیانەوە دەیزانین، ڕووداوی نەخشە بۆ داڕێژراون، و بە ڕوونی دیارە کە ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە لەگەڵ هێزی دەریایی ئەمریکاش نەخشە بۆ داڕێژراون».

ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی دەریایی و نهێنییە سەربازییەکان:
موشێر بەتایبەتی ئاماژەی بە ڕووداوێکی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە زەریای هێمن کرد، کاتێک فڕۆکەوانانی هێزی دەریایی ئەمریکا سەر بە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری «یو ئێس ئێس نیمیتز» سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بوون. لە کاتی مەشقەکاندا، فڕۆکەوانەکان چەند تەنێکی نەناسراویان بینیوە کە لە بەرزیی ٨٠ هەزار پێ (نزیکەی ٢٤ کیلۆمەتر) بۆ ئاستی ڕووی دەریا لە کەمتر لە چرکەیەکدا دابەزیون. یەکێک لە فڕۆکەوانەکان، فەرماندە دەیڤد فراڤۆر، ئەو تەنە سپییەی وەک کەپسوول وەسف کردووە کە دواتر بە «تیک تاک» ناوبرا، و گوتی تەنەکە بە شێوەیەکی زیرەکانە وەڵامی جووڵەکانی فڕۆکە جەنگییەکەی داوەتەوە پێش ئەوەی بە خێراییەکی لە ڕادەبەدەر بڕوات و ون ببێت.

سەبارەت بەم دۆخە، موشێر گوتی: «ئەوان تەحەدای فڕۆکە جەنگییە دەریاییەکانمان دەکەن، هەراسانیان دەکەن، دوای دەکەون و پەلکێشی ڕووبەڕووبوونەوەیان دەکەن. 

تەکنەلۆژیایەکی لەناوبەر و باڵادەستییەکی تەکنەلۆژیی گەورە نمایش دەکەن؛ بە کورتی، گاڵتەمان پێ دەکەن و بە ئەنقەست هانمان دەدەن».

سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی ماددیی دەستلێدراو، موشێر پێی وایە بەڵگەکە لەو شوێنانەدایە کە ئەم تەنانەیان لێ دەردەکەون؛ چونکە زۆربەی ئەو شوێنانە دەبێت تەنها لەلایەن دامەزراوەی سەربازییەوە بزانرێن، وەک ئاماژەکردن بەوەی حاڵەت تۆمار کراون کە تەنە فڕیوە نەناسراوەکان چوونەتە ناو خاڵەکانی یەکتربینینی دەورییەکانی شەڕی ئاسمانی، کە شوێنی نهێنین بۆ کۆبوونەوەی فڕۆکەوانەکان دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان.

ئامانجەکانی بوونەوەرە ئاسمانییەکان و «دووڕەگەکان»:
موشێر ڕایگەیاند کە دوای ١٢ ساڵ لە توێژینەوە و کۆکردنەوەی گێڕانەوەکان، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە چیرۆکەکانی پەیوەست بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تەنە فڕیوە نەناسراوەکان، شێواندنی ئاژەڵان، ڕفاندنی مرۆڤ و بازنە نهێنییەکانی ناو کێڵگە کشتوکاڵییەکان، ڕووداوی هەڕەمەکی نین، بەڵکو کرداری نەخشە بۆ داڕێژراون بە مەبەستی ترساندنی ڕەگەزی مرۆڤ، و هەروەها نیشاندانی گرنگیپێدان بە هێشتنەوەی زەوی بە شیاوی بۆ ژیان، لەپێناو ئامانجەکانیان سەبارەت بە «دووبارە نیشتەجێبوون لەسەر هەسارەی زەوی و زۆربوونی ئەندامەکانیان لەسەری».

هەروەها پێشبینیی کردووە کە حاڵەتەکانی شێواندنی ئاژەڵان هەوڵێک بێت بۆ ئاگادارکردنەوەی مرۆڤ لە پاراستنی سامانی ئاژەڵ بەهۆی نیگەرانی لە دابینکردنی خۆراک، و سەبارەت بە بوونەوەرە «دووڕەگەکان»یش گوتی: «ئەوان لە بنەڕەتدا ڕەگەزێکی تر دروست دەکەن، کە لە سەرەتادا بە بوونەوەرە دووڕەگەکان ناوبرا، پاشان گەیشتوونەتە قۆناغێک کە ئەو بوونەوەرانە نزیکەی هاوشێوەی مرۆڤن، جگە لە توانا دەمارییەکانیان»؛ ئەمەش وەک بەشێک لە پلانێکی فراوانتر بۆ ژیان و تێکەڵبوون لەنێو دانیشتووانی زەویدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP