دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

لە نقومکردنی کەشتییەکانەوە تا کارتی ئەتۆمی»؛ ترەمپ هەڕەشەی هێرشی نوێ دەکات

هەرێم نیوز

لە ڕۆژی ١٥٩ـەمی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و دوای ٢٦٨ ڕۆژ لە هەڵگیرسانی ململانێ سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران، جوڵە سەربازی و فشارە سیاسییەکان جارێکی دیکە ناوچەکەیان خستووەتەوە بەردەم ئەگەری تەقینەوەیەکی نوێ، سەرەڕای بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی «فۆکس نیوز» ڕایگەیاند کە مەیلی بەلای دەستپێکردنەوەی جەنگ و هێرشە سەربازییەکاندا هەیە بۆ سەر ئێران لە دوای سەری ساڵی نوێ، ئەگەر هاتوو دانوستانەکان نەگەنە هیچ ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە. هاوکات سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی توندی کرد بە نقومکردنی هەر کەشتییەکی ئێرانی کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆی دەریایی بدات. 

فشارەکانی نەتانیاهۆ و جوڵەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا: لە بەرامبەردا، دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەردەوامە لە هاندان و فشارخستنە سەر دۆناڵد ترەمپ و تیمەکەی بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا هێرشێکی سەربازی بکەنە سەر ئێران. ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتن لەگەڵ کۆتاییهاتنی گەشتێکی یەک هەفتەیی ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەریەکە لە ئیسرائیل، قەتەر و سعوودیەی گرتەوە. کوپەر لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و مەدەنیی ئەو وڵاتانە دۆخی ئەمنی و بەهێزکردنی هاوکارییەکانی تاوتوێ کرد و سەردانی بەشێک لەو ٥٠ هەزار سەربازە ئەمریکییەی کرد کە لە ناوچەکەدا بڵاوکراونەتەوە.

ئاڵۆزیی دەریایی و دۆسیەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان: لە گۆڕەپانی دەریاییشدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی کاروانێکی ١٤ کەشتیی نەوتهەڵگر لە دوورگەی «خارک»ـەوە بەرەو دەریای عومان بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، لەگەڵ هەڕەشەی بەئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی کەنداو لە ئەگەری ڕێگریکردن لێیان. بەڵام تا ڕۆژی یەکشەممە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمیی ئێرانی جوڵەپێکردنی ئەو کاروانە یان هەڕەشەی فەرمیی لەو بارەیەوە پشتڕاست نەکردووەتەوە؛ دەرکەوتووە کە سەرچاوەی ئەو دەنگۆیە تەنها گێڕانەوەیەکی ئەدەبیی ئاژانسی «فارس» بووە لە «شانامە»وە و دواتر پەیامنێرێکی ئاژانسەکە وەک شیکارییەکی کەسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» بڵاوی کردبووەوە.

کارتە ئەتۆمییەکەی تاران و قەیرانی ناوخۆیی: لە ناوخۆی ئێرانیشدا، هاوکات لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، کەمیی گاز و دابەزینی بەهای دراو بەهۆی سزاکانەوە، پەرلەمانی ئێران پێشنیازێکی خستووەتە بەرباس بۆ کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT).

ئەم هەنگاوە وەک کارتێکی فشاری نوێی تاران دەبینرێت لە بەرامبەر چەقبەستوویی دانوستانەکان و هەڕەشە بەردەوامەکانی واشنتن و تەلئەبیب. لە لایەکی ترەوە، ترەمپ لە پەیامەکانیدا توندتر هێرشی کردە سەر تاران و ڕایگەیاند کە «ئێران تا ئەمڕۆ ٨١ هەزار خۆپیشاندەری کوشتووە» و هەفتەی ڕابردووش زۆرترین مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵداوە کە سەرجەمیان خراونەتە خوارەوە، جەختیشی کردەوە کە ڕێگە نادات تاران یاری بە بازاڕەکانی نەوت و سەقامگیریی ناوچەکە بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP