هەرێم نیوز
پەرەسەندنی گرژییەکان و جەنگی ئێران جارێکی دیکە کیشوەری ئەورووپای خستووەتەوە بەردەم مەترسی و کابووسی قەیرانی وزە، بەڵام ئەمجارەیان دۆخەکە هەستیارتر و مەترسیدارترە، بەو پێیەی یەدەگی غازی وڵاتانی ئەورووپا لە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆیدایە.
بەپێی ئامار و زانیارییە ئابوورییەکان، لە مانگی شوباتەوە تا ئێستا نرخی غاز بە ڕێژەی نزیکەی ٢٠٠٪ بازیداوە، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی نرخە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا. هاوکات تێچووی هاوردەکردنی وزە بۆ ئەورووپا لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە بە بڕی زیاتر لە ١٤٠ ملیار یۆرۆ زیادی کردووە.
دابەزینی یەدەگ و مەترسییەکانی زستان:
خاڵی هەرە مەترسیدار لەم قەیرانەدا ئەوەیە کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە، ڕێژەی پڕبوونی کۆگاکانی غاز لە ئەورووپا لە ٧٢٪ تێپەڕی نەکردووە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئامانجی ستراتیژیی یەکێتیی ئەورووپا گەیشتن بوو بە ڕێژەی ٩٠٪ پێش هاتنی وەرزی سەرما.
شارەزایانی بواری وزە هۆشداری دەدەن کە لە ئەگەری هاتنی زستانێکی سەخت و بەردەوامبوونی کەمیی دابینکردنی غازی شل (LNG)، ئەورووپا ڕووبەڕووی چەند لێکەوتەیەکی قورس دەبێتەوە، لەوانە:
کەمبوونەوەی یەدەگ: لە خراپترین سیناریۆدا، تا کۆتایی وەرزی زستان ڕێژەی غاز لە کۆگاکانی ئەورووپادا دادەبەزێت بۆ تەنها ١٠٪.
مەترسی لەسەر ئەڵمانیا: پێشبینی دەکرێت تا مانگی ئادار، یەدەگی غازی ئەڵمانیا وەک گەورەترین ئابووریی ئەورووپا بە تەواوی بنبڕ ببێت.
بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا: نرخی کارەبا بە کۆ بە ڕێژەی ٥٠٪ـی دیکە بەرز دەبێتەوە.
فشار لەسەر پیشەسازی و قەدەغەکردنی غازی ڕووسیا:
لە ئێستاوە کەرتی پیشەسازیی ئەورووپا باجی ئەم قەیرانە دەدات، بە شێوەیەک هەڵکشانی تێچووی وزە فشاری توندی خستووەتە سەر ئەو کارگە و کەرتانەی کە بڕێکی زۆر وزە بەکاردەهێنن.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە ١ـی کانوونی دووەمی داهاتووەوە، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی غازی سروشتیی شلی ڕووسیا بەپێی گرێبەستە درێژخایەنەکان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ هەنگاوێک کە پرسیاری جددی لەسەر چۆنیەتیی تێپەڕاندنی زستانێکی سەخت لە بەردەم کیشوەری ئەورووپادا دروست دەکات.