هەرێم نیوز
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان سەرۆکەکانی ئەمریکا، ڕووسیا و چین ڕایگەیاند، مۆسکۆ و پەکین دۆستی تارانن و بڕیار لەسەر ئێران جگە لە تاران لە هیچ شوێنێکی دیکە نادرێت، هاوکات جەختی کردەوە کە کردنەوەی کورتخایەنی گەرووی هورمز ئەگەری هەیە ئەگەر واشنتن حەوت مەرجەکەی وڵاتەکەی جێبەجێ بکات.
کۆبوونەوەی سێقۆڵیی زلهێزەکان و پەیوەندیی ئێران لەگەڵ ڕووسیا و چین
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران سەبارەت بە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان دۆناڵد ترەمپ، ڤلادیمیر پوتن و شی جینپینگ ڕایگەیاند: "هەردوو ڕووسیا و چین دۆستی ئێمەن؛ پێش ئەو دیدارە و دوای ئەو دیدارەش لە پەیوەندیدا بووین لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە."
بەقایی گوتیشی: "باو و ئاسایییە کە لە دانوستانە نێودەوڵەتییەکاندا باس لە بابەتی جۆراوجۆر بکرێت، بەڵام ئێران ئەمڕۆ نیشانی داوە کە یاریسازکەرە. ئێمە دڵنیاین لەم جۆرە کۆبوونەوانەدا یەکێک لە نیگەرانییەکانی هەموو وڵاتێک پرسی سیاسەت و بڕیاری تاکلایەنەی ئەمریکا و ئەو کارەساتانەیە کە بەدوای خۆیدا هێناوە؛ بڕیار لەسەر ئێران جگە لە تاران لە هیچ شوێنێکی دیکە نادرێت."
مەرجەکانی کردنەوەی گەرووی هورمز و ئاگربەست
سەبارەت بە دۆسیەی وزە و ڕێڕەوە دەریایییەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد: "ئەگەر لایەنی ئەمریکی مەرجەکان جێبەجێ بکات، کردنەوەیەکی کورتخایەنی گەرووی هورمز ئەگەری هەیە، ئەوەش بە مانای پشتگوێخستنی ئاڵۆزییەکان نییە، تەنیا جەختکردنەوەیە لەوەی کە ئێران دەزانێت چی دەوێت و مافی گەلی ئێران چییە؛ ئەو حەوت مەرجە حاڵەتی سەیر و سەمەرە نین و مافی ئێرانییەکانن نەک پێشمەرجێک."
پەیوەست بە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی قەتەر بۆ واشنتن و وەشانی نوێکراوی مەرجەکانی تاران، بەقایی گوتی: "ئاگربەست لە هەموو بەرەکاندا بەشێکی دانەبڕاوە لە هەر ڕێککەوتنێک؛ ئەوە داواکاریی ئێرانە و نەک تەنیا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێراندا دەگونجێت، بەڵکو بەرپرسیارێتیی ئێرانە بەرامبەر بە هەموو ناوچەکە و ئاسایشی ناوچەکە بە یەکەوە گرێدراو دەزانین."
هەڵوێست بەرامبەر قەتەر، هێزی بیانی و هەوڵەکانی نێوەندگیری
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ قەتەر کرد و ڕایگەیاند: "قەتەر هەم وڵاتێکی دراوسێیە و هەم پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەیە و شایەتحاڵی ئەوە بووە کە بنکە ناوچەیییەکان بۆ لێدانی ئێران بەکار هێنراون، وڵاتێکە کە دانی بەوەدا نا هیچ خاڵێک لە وەڵامەکانی ئێراندا نەکراوەتە ئامانج جگە لە بنکە ئەمریکییەکان."
هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە بوونی هێزی بیانی لە نزیک سنوورەکانی ئێران جێگەی قبووڵکردن نییە و تاران بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی ناوچەی قەفقاز دەکات.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بەقایی ستایشی ڕۆڵی عومان، پاکستان و قەتەری کرد لە نێوەندگیریدا و ئەمریکای بە لاوازکردنی دامەزراوەی نێوەندگیری و "پەیمانشکێن" تۆمەتبار کرد، گوتیشی: "یەکێک لە کێشەکانی پارتی دەسەڵاتداری ئەمریکا ئەوەیە کە ڕەفتارێکی ناتەبایی دەکەن، ئێمە وریاین و بە هەر شێوەیەک بێت بەرگری لە بەرژەوەندییەکانمان دەکەین."
پاشخانی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز
دۆخی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکە لە قۆناغێکی هەستیار و چەقبەستوودایە؛ لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە نێوەندگیریی وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامن، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی شەڕێکی بەرفراوان بەهۆی ناکۆکییە قووڵەکانەوە بە بەرزی ماوەتەوە.
لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئێران کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران و چەندین بەرپرسی دیکە؛ لە وەڵامدا ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کرد و گەرووی هورمزی داخست، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی جیهانیی وزە.