دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری نەوتی عێراق: عێراق ١٠ کەشتیی نەوتهەڵگری نوێ دەکڕێت

 هەرێم نیوز
وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکوومەت پلانی کڕینی ١٠ کەشتیی نەوتهەڵگری نوێی هەیە و هاوکات هەوڵ دەدات لەگەڵ خاوەن کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا گرێبەستی هاوبەشی واژۆ بکات بە مەبەستی بەهێزکردنی کەرتی گواستنەوەی نەوتی وڵات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی 11ـی 2026، باسم محەممەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بڵاویکردەوە، کڕینی ئەم کەشتییە نەوتهەڵگرانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجیی کرێی گواستنەوە و زیادکردنی سەرچاوە داراییەکانی گەنجینەی دەوڵەت.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق لە ڕابردوودا بەهۆی سنوورداریی بودجە و پێشخستنی کارە لەپێشینەکانی دیکەی وەک زیادکردنی توانای هەناردەکردن و پەرەپێدانی ژێرخانی نەوت، لە بری کڕینی کەشتیی نەوتهەڵگر، زیاتر پشتی بە بەکرێگرتنیان بەستووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە ئێستادا کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبووزەبی بە پشتبەستن بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی خۆی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئەمریکا و ئیمارات، کاری گواستنەوەی نەوتی عێراق دەکات و حکوومەتی بەغداش بۆ هەر بەرمیلێک نەوت زیاتر لە ٢٥ دۆلار داشکاندن دەکات.

جێی ئاماژەیە، لە ئێستادا کەشتییەکانی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتهەڵگری عێراق تەنیا لە شەش کەشتیی بچووک و مامناوەند پێکهاتوون، لە کاتێکدا قەبارەی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق ٣.٥ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە، کە ئەم ڕێژەیە لە ئاستی هەناردەی پێش جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زیاترە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP