دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

مارک ئێسپەر: جەنگی ئێران رەنگە تا ساڵی 2029 بەردەوام بێت

هەرێم نیوز

 

وەزیری بەرگریی پێشووی ئەمریکا، پێشبینیدەکات ململانێی سەربازیی واشنتن لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت و رەنگە تا ساڵانی 2028 یان 2029ـیش درێژەبخایەنێت.

 

یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی پێشووی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی نیوزنێشن جەختیکردەوە، یەکلاکردنەوەی ئەو ململانێیە بەندە بەو ستراتیژەی پەیڕەو دەکرێت و بەدیهێنانی ئامانجەکان کاتێکی زۆری پێویستە. هەروەها گوتی: "دڵنیام جەنگەکە تا ساڵی 2027 درێژە دەکێشێت، بەڵام ئەم دۆخە بە تەواوی بەندە بە ستراتیژەکەوە".
سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، ئێسپەر پشتیوانیی خۆی بۆ ستراتیژی گەمارۆی ئابووریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی. ئەو پێیوایە جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژە پێویستی بە نەخشەڕێگەیەکی ئارام و بە کۆنترۆڵەوە هەیە رەهەندی نێودەوڵەتی لەخۆبگرێت و بە قۆناخ، ئابووریی ئێران بخنکێنێت تا تاران ناچار دەبێت بە جیددی روو لە مێزی دانوستان بکات.
بە بڕوای وەزیری بەرگریی پێشووی ئەمریکا، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و دابەزینی بەرچاوی بەهای ریاڵی دراوی ئێران نیشانەی سەرکەوتنی ئەو ستراتیژەیە، بەڵام جەختیکردەوە بەدیهێنانی ئەنجامە خوازراوەکان خێرا نابێت.
لەلایەکی دیکەوە، جەنگ لەگەڵ ئێران لە پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول لە ئەمریکا بووە پرسێکی سەرەکی بۆ دەنگدەران. بەپێی راپۆرتێکی دامەزراوەی گالۆپ، نزیکەی 7%ـی دەنگدەران جەنگەکەیان وەک پرسێکی گرنگ لە کاتی دیاریکردنی هەڵبژاردنەکانیان لە قەڵەم داوە، ئەو هەڵبژاردنەی دیموکراتەکان تێیدا سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێنا و کۆنترۆڵی هەردوو ژووری کۆنگرێسیان کرد.
جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەنگەکەی بە یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی کۆمارییەکان زانی و رایگەیاند، هۆکاری ئەوەی دۆڕاندوویانە جەنگەکەیە. ڤانس ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە گفتوگۆی راستگۆیانە دەربارەی قۆناخی داهاتوو لەسەر بنەمای ئەو راستییە بێت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ڤانس لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر ئەوەی ئایا جەنگەکە شایستەی ئەو زیانە هەڵبژاردنییە بووە، گوتی: "سەرۆک بڕیاردەرە و ئەو گوتوویەتی دیسانەوە هەمان کار دەکات". ڤانس رێگریکردن لە ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ناوەکی بە ئامانجێکی گرنگ دانا و ئێرانی بە گەورەترین دەوڵەتی پاڵپشتیکاری تیرۆر وەسفکرد.
ئێسپەر لە کاردانەوەی بەرامبەر بەم لێدوانانەی ڤانس، پێیوایە جێگری سەرۆک بەو شێوەیەی ترەمپ چاوەڕوانی دەکات، پشتیوانی تەواوی جەنگەکە ناکات. ئێسپەر هاوڕایە لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکەی ڤانس کە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و جەنگ لەگەڵ ئێران هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی دیموکراتەکان بە چڕی بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن و دەنگی کۆمارییەکان بەلاڕێدا بچێت.
لە کۆتاییدا، ئێسپەر هۆشداریدا لەوەی لەدەستدانی کۆنترۆڵی هەردوو پەرلەمان و پیران لەلایەن کۆمارییەکانەوە بەو مانایەیە کە بەرنامەی کاری ترەمپ لە رووی سیاسەتی ناوخۆییەوە پەکیکەوتووە. هەروەها رایگەیاند، لە رووی سیاسەتی دەرەوەشەوە سەرۆک رووبەڕووی سنووردارکردنی جموجۆڵەکانی دەبێتەوە، چونکە دیموکراتەکان خاوەنی کاریگەرییەکی گەورەترن لەسەر بڕیارەکانی تەرخانکردنی بودجە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP