هەرێم نیوز
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای گەیشتنی یەکەم کاروانی نەوتی سپی لە بەغداوە بۆ کۆگاکانی پارێزگای دهۆک، دەست بە دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییانی ناوچە شاخاوییەکانی ئەو پارێزگایەدا دەکرێت و بەشە نەوتی پارێزگاکانی دیکەش ڕەزامەندیی لەسەر دراوە.
گەیشتنی یەکەم کاروان بۆ کۆگاکانی دهۆک
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتەکە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵ، یەکەم کاروانی تانکەرەکانی نەوتی سپی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بار کرا و شەوی ڕابردوو یەکەم کاروان گەیشتە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە ئەو بڕە نەوتە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی دهۆکەوە بەسەر هاووڵاتییانی ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئەو پارێزگایەدا دابەش دەکرێت.
بەشە نەوتی سپی بۆ هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە بۆ بەشە نەوتی سپیی هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجەش ڕەزامەندی دراوە و دەست بە بارکردنی دەکرێت، و هەر لەگەڵ گەیشتنی بە کۆگاکاندا، بەرنامەی دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییاندا لە سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەست پێ دەکات.