هەرێم نیوز
ڕۆژی دووشەممە، بەشێک لە کڕیارانی گەورەترین بانکەکانی ئەمریکا لە کاتی چوونە ژوورەوە بۆ هەژمارە بانکییەکانیان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە تووشی کێشە بوون، ئەمەش وای کرد بەشێک لە خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکانی ئەو بانکانە ڕووبەڕووی پەککەوتن ببنەوە.
بەپێی ماڵپەڕی «داون دێتێکتەر» (Downdetector)، بەکارهێنەران کێشەیان لە خزمەتگوزارییەکانی چەند بانکی گەورەدا تۆمار کردووە، لەوانە: «بانکی ئەمریکا» (Bank of America)، «چەیس» (Chase)، «یۆ ئێس بانك» (U.S. Bank) و «وێڵز فارگۆ» (Wells Fargo).
لەوبارەیەوە، نوێنەرێکی بانکی «چەیس» ڕایگەیاند کە خزمەتگوزارییەکانی بانکەکە تووشی کێشەیەکی تەکنیکی بوون و دووپاتی کردەوە کە کێشەکە پەیوەندیی بە هیچ هێرشێکی سایبەرییەوە نییە.
نوێنەری بانکەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: «بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، هەندێک لە مامەڵە بانکییەکان کاتی زیاتر لە ئاسایی دەخایەنن، بەڵام کڕیاران هێشتا دەتوانن بگەنە هەژمار و پارەکانیان. ئێمەش لە کاردایین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە کەمترین کاتی گونجاودا».
ئەم کێشە تەکنیکییانە لە کاتێکدا ڕووبەڕووی سێکتەری بانکی بوونەتەوە کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو، خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای «مایکرۆسۆفت» بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر تووشی پچڕان و کێشە بوون؛ پچڕانێک کە کاریگەریی لەسەر چەند خزمەتگوزارییەکی گرنگ هەبوو، لەوانە «ئۆتلووک» (Outlook)، «تیمز» (Teams) و یاریدەدەری زیرەکی دەستکردی «کۆپایلۆت» (Copilot).
لە لایەکی ترەوە، ژمارەیەک لە کڕیارانی بانکی «چەیس» پەیامێکی ئاگاداركردنەوەیان پێگەیشتووە کە تێیدا هاتووە: «هەندێک لە خزمەتگوزارییەکان بەردەست نین، ئێمە کار بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەیان دەکەین، تکایە دواتر هەوڵ بدەنەوە.