دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: ئەگەر ئێران گێچەڵ نەکات هێرشی سەربازی دەست پێ ناکەینەوە

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی «ڕۆیتەرز» لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، سەرۆکی ئەمریکا بە ڕاوێژکارەکانی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ئێران و حوسییەکان هیچ هێرش و گێچەڵێکی نوێ نەکەن، ئەوا واشنتن خۆی لە دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی دەپارێزێت، ئەمەش دوای ڕاوێژ و هاندانی سعوودیە و تورکیا دێت بۆ بەردەوامیدان بە گەمارۆی ئابووری.

مەرجی ترەمپ بۆ ڕاگرتنی هێرشی سەربازی
ئەمڕۆ شەممە، ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی «ڕۆیتەرز» لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەورە ڕاوێژکارەکانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی ئەگەر ئەمریکا ڕووبەڕووی هیچ گێچەڵێکی نوێی ئێران یاخود حوسییەکانی هاوپەیمانی لە یەمەن نەبێتەوە، ئەوا ڕەنگە خۆی لە هێرشکردن بۆ سەر ئێران بپارێزێت.

ڕاوێژ و هاندانی سعوودیە و تورکیا بۆ ترەمپ
بەگوێرەی زانیارییەکان، ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی دوو هەفتەی ڕابردوویدا داوای بۆچوونی هەریەکە لە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای کردووە و ئەوانیش هانیان داوە بۆ ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەست پێ نەکاتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ترەمپ ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو بە شازادە محەممەد بن سەلمانی گوتووە پلانڕێژی دەکات بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئێران پاش هەڵبژاردنی کۆنگرێس، بەڵام جێنشینی سعوودیە داوای لێ کردووە لەو بڕیارەی پاشگەز ببێتەوە و پێی گوتووە: "سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران کاریگەرییان هەیە."

هاوکات هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاش ئەوەیە کە ئابووریی ئێران بەهۆی گەمارۆ دەریایییەکە و هەڵمەتی سزا ئابوورییەکانەوە زەرەرمەند بووە و واشنتن بەردەوام دەبێت لە گەمارۆکە.

ئامادەباشیی سەربازیی ئەمریکا و گوشارەکانی ئیسرائیل
سێ سەرچاوەی دیکەی ئاگادار ڕایان گەیاندووە، سەرەڕای ئەم هەڵوێستە، سوپای ئەمریکا لە ئامادەباشیی تەواودایە ئەگەر پێویست بکات و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری سێیەمیش لە چەند ڕۆژی ئایندەدا بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ دەکەوێت بۆ ئەوەی شوێنی یەکێک لە کەشتییەکانی دیکەی ئەمریکا لە ناوچەکە بگرێتەوە.

کەسێکی ئاگادار لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ترەمپ و سەرۆکەکانی سعوودیە و تورکیا ئاماژەی بەوە داوە کە ڕەنگە سەرۆکی ئەمریکا بژاردەی بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ژێر زەوی هەڵبژێرێت، بەڵام دوو بەرپرسی ئەمریکی پێیانوایە ئەنجامدانی هێرشی نوێ بە شێوەیەکی گەورە خواستەکانی ئێران لە دانوستاندا ناگۆڕێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوامن لە گوشارەکانیان لەسەر ئیدارەی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سەربازیی نوێ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP