دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

قائیمقامیەتی سلێمانی؛ ٢١ شوێن سزا دران

ھەرێم نیوز

قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی لیژنەی ژینگەی بۆ مانگی ڕابردوو بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد، لە کۆی ٦٤ شوێن کە بەسەر کراونەتەوە، ٢١ شوێن بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنمایییە ژینگەیییەکانەوە سزا دراون.

پشکنین و سزادانی ٢١ شوێنی سەرپێچیکار
ئەمڕۆ هەینی، ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ژینگە، تەندروستیی گشتی و پاکڕاگرتنی شاری سلێمانی، لیژنەی ژینگەی سەر بە لیژنە هاوبەشەکان ڕۆژانە سەردانی کارگە و شوێنە پیشەسازییەکان دەکات.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی لیژنەی ژینگە، لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا (مانگی ١٠)، لیژنەکە سەردانی ٦٤ کارگە، ناوچەی پیشەسازی و شوێنی بازرگانیی کردووە، بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی مەرج و ڕێنمایییە ژینگەیییەکان و ڕێگریکردن لە هەر کارێک کە ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی شارەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی بەدواداچوون و پشکنینە وردەکاندا دەرکەوتووە کە ٢١ لەو شوێنانەی بەسەر کراونەتەوە سەرپێچیی ڕێنمایییە ژینگەیییەکانیان کردووە و پسوولەی سەرپێچییان بۆ کراوە و سزا دراون.

بەردەوامیی چاودێری لە ڕێگەی ٣١ لیژنەی پسپۆڕەوە
لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە چاودێرییەکانیان لە ڕێگەی ٣١ لیژنەی پسپۆڕی تایبەتمەندەوە ڕۆژانە بۆ سەر بازاڕ، شوێنە گشتییەکان و سەرجەم شوێنە پیشەسازی و بازرگانییەکان بەردەوام دەبێت.

قائیمقامیەتی سلێمانی داواش لە کاسبکاران و خاوەن کارگە و پڕۆژەکان دەکات پابەندی تەواوی مەرج و ڕێنمایییەکان بن، تاوەکو دووچاری سزای یاسایی و داخستن نەبنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP