دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئەبوزەبی لەسەر پرسی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان ڕێککەوتن

هەرێم نیوز
⠀
ڕووسیا و ئۆکرانیا لە میانی دانوستانەکانیان لە ئەبوزەبی بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی ژمارەیەکی زۆری دیلەکان ڕێککەوتن و مۆسکۆش پێشوازی لە هەوڵەکانی واشنتن دەکات.
⠀
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی 11ـی 2026، تۆڕی هەواڵی سکای نیوز بڵاویکردەوە، کە ڤلادیمێر میدینسکی، سەرۆک و وتەبێژی شاندی دانوستانکاری ڕووسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەردوو وڵات گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی بەرفراوان بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان و وتی، لە گفتوگۆکاندا کە بە نێوەندگیریی نوێنەرانی دۆناڵد ترەمپ بەڕێوەدەچێت پرسی ئاسایشی ئەوروپا و چەندین بابەتی دیکەی مرۆیی تاوتوێ کراون.
⠀
شاندەکەی کیێڤ سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت پێش تاوتوێکردنی ئاسایشی ئەوروپا کارە سەربازییەکان بوەستێندرێن و گەرەنتیی ئەمنی بدرێتە وڵاتەکەی، لە بەرامبەریشدا مۆسکۆ ڕەخنە لە وڵاتانی ئەوروپا دەگرێت بەهۆی پڕچەککردنی ئۆکرانیاوە و بەشێک لە پێشنیارەکانیان بۆ ئاشتی ڕەتدەکاتەوە.
⠀
ئەم پێشهاتانە و کۆبوونەوەی شاندەکان لە ئیمارات لە کاتێکدان، کە پێشتر سەرۆکی ئۆکرانیا پێشوازیی لە بەشداریکردنی ئەوروپییەکان لەم دانوستانانەدا کردبوو کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی واشنتن بۆ هێورکردنەوەی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان کە دوایینیشیان نێوەندگیرییە بێئەنجامەکەی عێراق بوو لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP