هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە پاریس ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داوە بەردەوامی بە گوشارە ئابوورییەکان بدات بۆ پەراوێزخستنی تاران، لەبری چوونە ناو جەنگ یان واژۆکردنی ڕێککەوتنی نوێ.
ستراتیژی نوێی واشنتن بەرامبەر تاران
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە پاریس ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داوە فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران بەردەوام بکات بە ئامانجی پەراوێزخستنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، لە جیاتی گەڕانەوە بۆ جەنگ یان هەوڵدان بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵیدا.
بەگوێرەی تۆڕی «ئاکسیۆس»، ڕوبیۆ لەنێو ئەو ئەندامانەی تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکادایە کە پاڵپشتیی ئەم ستراتیژەیان کردووە، لە پاڵ سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینە، جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA) و جارد کۆشنەر ڕاوێژکاری ترەمپ، هاوکات بۆچوونەکانیش لەنێو ئیدارەکەدا سەبارەت بە چۆنیەتیی کۆتاییهێنان بە ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ تاران جیاوازن.
کردەی ئابووری لەبری ئۆپەراسیۆنی سەربازی
دوێنێ سێشەممە، ڕوبیۆ لە کۆبوونەوەکەی پاریسدا گوتی: "ترەمپ دوو بژاردەی تاوتوێ کردووە کە بریتین لە گەڕانەوە بۆ جەنگ یان واژۆکردنی ڕێککەوتن، بەڵام بڕیاری داوە بەردەوامی بە ڕێچکەی ئێستا بدات کە پشت بە گوشاری ئابووری دەبەستێت."
دوای کۆبوونەوەکان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بەرگری لەم ئاراستەیە کرد و ڕایگەیاند، گەمارۆ ئابوورییەکان و گەمارۆی دەریایی زیانی زیاتر بە ئابووریی ئێران دەگەیەنن؛ واشنتن پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان نییە مادام لە ڕێگەی ئامرازە ئابوورییەکانەوە بە ئامانجەکانی دەگات، چونکە توانای ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بێوێنە بووەتەوە.
نیگەرانیی هاوپەیمانانی ناوچەکە
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆسدا هاتووە، هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لەوانەش تورکیا، عێراق و پاکستان نیگەرانن لەوەی درێژەکێشانی فشارەکان ناچاریان بکات مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ تاران ڕابگرن، لەوانەش ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی سنوورەکان، کە ئەمەش ڕەنگە ئاڵۆزییە ئابووری و ئەمنییەکانی ناوخۆی وڵاتەکانیان زیاتر بکات.