هەرێم نیوز
وەزارەتی دادی ئەمریکا و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)، سێ کەسیان بە تۆمەتی کارکردن بۆ سوپای پاسدارانی ئێران و کەتائیبی حزبوڵا ڕووبەڕووی دادگا کردەوە، کە تێوەگلاون لە نزیکەی ٢٠ هێرش و هەوڵی هێرشکردن لە ئەورووپا و ئەمریکا.
تۆمەتبارەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی سزای هەتاهەتایی
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی داواکاری گشتیی نیویۆرک، تۆمەتبارەکان بریتین لە محەممەد باقر سەعد داود ئەلسەعدی (٣٢ ساڵ - هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی و ئێرانی)، موحسین مهاجری (٤٨ ساڵ - ئێرانی) و محەممەد عەلی ئەلحەسەنی (٣٥ ساڵ - عێراقی).
ئەو سێ کەسە ڕووبەڕووی هەشت تۆمەتی فیدراڵی کراونەتەوە کە بەپێی یاسای ئامریكا، سزاکەیان دەگاتە زیندانیی هەتاهەتایی.
ئەنجامدانی ١٨ هێرش لە ئەورووپا لەژێر ناوی ساختەدا
لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان دەریانخستووە، تۆمەتبارەکان لە ناوخۆی عێراقەوە پیلانی هێرشەکانیان داڕشتووە و لەژێر ناوی گرووپێکی ساختەدا بە ناوی «حەرەکەتی ئەسحاب ئەلیەمین ئەلئیسلامییە» لە بەهاری ٢٠٢٦دا نزیکەی ١٨ هێرشیان لە ئەورووپا ئەنجام داوە کە حەوتیان لە بەریتانیا بووە.
لە نیسانی ٢٠٢٦دا، تۆمەتبارەکان لە ژوورێکدا لە عێراق لە ڕێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆیییەوە ڕاستەوخۆ فەرمانیان بە ئەنجامدەرانی هێرشەکان کردووە بۆ سووتاندن و تەقاندنەوەی ئامانجەکان لە لەندەن.
ئاراستەکردنی پیلانەکان لە ناو زیندانی نیویۆرکەوە
بەشێکی دیکەی دۆسیەکە ئاشکرای دەکات، دوای دەستگیرکردنی ئەلسەعدی لە ئایاری ٢٠٢٦ و گواستنەوەی بۆ زیندانی نیویۆرک، ناوبراو لە ناو زیندانەوە لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ دایک و خوشکەکەی لە عێراق بە زمانی نهێنی و کۆد پەیامی بۆ مهاجری و ئەلحەسەنی ناردووە و داوای لە خێزانەکەی کردووە پارە بدەنە ئەلحەسەنی بۆ جێبەجێکردنی هێرشێکی نوێ.
پووچەڵکردنەوەی هێرش بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا
دوای سێ ڕۆژ لە دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەلسەعدی، لە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا، ئەلحەسەنی لە ئێرانەوە سەرپەرشتیی پیلانی هێرشکردنە سەر بنکەی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا (RAF Fairford)ی کردووە کە هێزەکانی ئامریکای تێدا جێگیر کراون.
لەو هەوڵەدا سێ ئۆتۆمبێلی جۆری ڤان بەکار هێنراون کە لۆگۆی ساختەی کۆمپانیای گواستنەوەی سووتەمەنی و پاککردنەوەی مەلەوانگەیان لێ درابوو و بەرمیلی سووتەمەنی، ماددەی کیمیایی و پارچە ئاسنیان تێدا بووە، بەڵام لە ٢٧ی ئەیلوولدا هێزە ئەمنییەکانی بەریتانیا دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکاندا گرت و ئەنجامدەرانی هێرشەکەیان دەستگیر کرد.