دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پەرتووکێکی نوێی ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی دزەپێکردنی پەیامە تایبەتەکانی ماکرۆن ئاشکرا دەکات

ھەرێم نیوز

ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی پەرتووکێکی نوێی بڵاو کردەوە کە تێیدا ناوەڕۆکی پەیام و گفتوگۆیە ئەلیکترۆنییە تایبەتەکانی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکات و مشتومڕێکی زۆری لە ناوەندە ڕامیاری و ڕاگەیاندنییەکانی ئەو وڵاتەدا ناوەتەوە.

دزەپێکردنی پەیامەکانی تێلیگرام و نیگەرانییەکانی سەرۆک
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری ڕامیاریی فەڕەنسی، فرانسوا دیگوا، پەرتووکێکی نوێی بە ناونیشانی «هەمووتان ئەوەندە دڕندەن بەرامبەرم» لە ڕێگەی دەزگای «ڕۆبێرت لافۆنت»ەوە بڵاو کردەوە، کە تێیدا ئاڵوگۆڕی پەیامە تایبەتەکانی نێوان خۆی و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا دەخاتە ڕوو.

بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی فڕەنسا، ئەو ڕۆژنامەنوسە کۆپییەکی کتێبەکەی بۆ کۆشکی سەرۆکایەتیی فڕەنسا (ئیلیزێ) ناردووە بۆ ئەوەی ماکرۆن واژۆی لەسەر بکات؛ ئەمەش جێگەی سەرسوڕمانی ئیلیزێ بووە چونکە کتێبەکە پەیامی دزەپێکراوی گفتوگۆکانی لەگەڵ ماکرۆن لە پلاتفۆرمی تێلیگرام لەخۆ گرتووە کە مێژووەکەیان بۆ هاوینی ساڵی ٢٠٢٤ دەگەڕێتەوە و سەرۆکی فڕەنساش تەنیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر زانیویەتی کە ئەو پەیامانە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێن.

داکۆکیکردن لە هاوسەرەکەی و ڕەخنە لە ڕۆژنامەنوسان
پەیوەندیی نێوان سەرۆکی فڕەنسا و ئەو ڕۆژنامەنوسە لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٤دا دەستی پێ کرد، کاتێک ماکرۆن پەیوەندیی پێوە کرد تاوەکو سوپاسی بکات بەرامبەر بەرگریکردنی لە بریجیت ماکرۆنی هاوسەری لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس»، دوای ئەوەی ڕووبەڕووی هێرش و تیۆری پیلانگێڕی ببووەوە کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد هاوسەرەکەی ماکرۆن پیاوە.
ماکرۆن لە پەیامەکەیدا کە بە پیتەکانی «E.M» واژۆی کردووە، نووسیویەتی: "سوپاس، ژنەکەشم سوپاسی تۆ دەکات، لە دەرەوەی جیاوازییە سیاسییەکان، ئەوەی گرنگە قسەکانی تۆیە."
لە هەندێک لە پەیامەکانی دیکەدا، ماکرۆن گلەیی لە شێوازی ڕووماڵکردنی ڕۆژنامەکان کردووە و ڕەخنەی لەو ڕاپۆرتانە گرتووە کە بە "لایەنگری" ناوی بردوون، هەروەها ڕەخنەی لەو ڕۆژنامەنوسانە گرتووە کە بەبێ ئەوەی هەرگیز چاویان پێی کەوتبێت لەسەر خۆی و سیاسەتەکانی دەنووسن و بە گریانەوە نووسیویەتی: "زۆرجار تۆ و هاوکارەکانت زۆر توندوتیژن بەرامبەرم."

داهاتووی ماکرۆن دوای کۆشکی ئیلیزێ
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی لە بەهاری داهاتوودا و بەپێی سنووردارکردنی دەستووریی فڕەنسا کە تەنیا ڕێگە بە دوو خول دەدات، ماکرۆن دەستی بە هەڵسەنگاندنی ساڵانی دەسەڵاتی کردووە.

سەبارەت بە ئەگەری کارکردنی بۆ ملیاردێرەکان لە دواڕۆژدا، ماکرۆن بە توندی ئەو زانیارییانەی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "ناچمه‌ سه‌ر کار بۆ هیچ که‌سێک، ئەگەر بچمە ناو جیهانی بازرگانییەوە ئەوا دەبێتە پڕۆژەی تایبەتیی خۆم و زیاتر بیر لە دەرەوەی فڕەنسا دەکەمەوە، بەڵام من نابم بە کارمەندی کەس و نابم بە قەرزاری کەس، هەرگیز."

چاوەدێرانی ڕامیاری ئەم دزەپێکردنانەی ناو پەرتووکەکەیان بە مەترسییەکی گەورە زانیوە، چونکە نەک هەر نهێنیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی پێشێل کردووە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکە لەسەر داڕمانی دەسەڵاتی ڕامیاریی ماکرۆن لە کۆتایی خولەکەیدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP